فوئاد حسێن و زەریف کۆ بوونەوە

:: PM:03:12:26/09/2020 ‌
دکتور فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق بە گەشتێکی دوو رۆژە سەردانی تارانی پایتەختی ئێرانی کردووە و بڕیارە چاوی بە کۆمەڵێک بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتە بکەوێت. یەکەم کۆبوونەوەی ئەو لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجام درا.

چەند خولەکێک لەمەوبەر وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران کۆ بوویەوە و باسیان لە پەرەپێدانی پێوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات کرد.
تاوتوێی رێککەوتننامەکانی رابردوو دەکرێت

ماڵپەڕی ئیرنا باسی لەوە کردووە یەکێک لەو بابەتانەی لەو گەشتەی فوئاد حسین بۆ تاران هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت پرسی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتننامانەیە کە لە سەردانی ئەمدواییەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئێران لەگەل ئەم وڵاتە واژوو کران.

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق یەکەم سەردانی دوای وەرگرتنی پۆستەکەی بۆ تاران بوو و لەوێ لەگەڵ رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران و سەرۆک کۆمار و ژمارەیەکی زۆر بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتە کۆ بوویەوە و لە بواری جیاوازدا رێککەوتنی واژوو کرد.

بڕیارە فوئاد حسێنیش جگە لە وەزیری دەرەوەی ئێران چاوی بە کۆمەڵێک بەرپرسی تری باڵای ئەم وڵاتە بکەوێت و گفتوگۆ لەسەر پێوەدنییەکانی نێوان عێراق و ئێران لە بوارە جیاوازەکاندا بکات.

وەزیری دەرەوەی عێراقیش لە دوای وەرگرتنی ئەو پۆستە یەکەم جارە سەردانی تاران دەکات. ئەو پێشتر بۆ میدیاکانی ئێران گوتبووی هەوڵ دەدات لە پێوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئەمەریکا و ئێران هاوسەنگی بپارێزێت و داواشی کردبوو کێشەکانی نیوان ئەمەریکا و عێراق نابێت کاریگەریی بخەنە سەر بەرژەوەندییەکانی عێراق.




وشە - سلێمان تاشان