دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر فرەبازنەیی هەڵبژاردن دەستی پێ كرد

:: PM:04:23:26/09/2020 ‌

وەك بڕیار بوو ئەمڕۆ سەعات 12ی نیوەڕۆ پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی ئاسایی ساز بكات و بابەتی بازنەكانی هەڵبژاردن لە یاسای نوێی هەڵبژاردن گرنگترین بڕگەی كارنامەی دانیشتنەكە بێت، بەڵام بەهۆی گەورەیی ناكۆكی نێوان فراكسیۆنەكان لەبارەی ئەو پرسەوە، كۆبوونەوەكە تازە دەست پێ دەكات.
ناكۆكییەكان فرەوانن
بەپێی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ شەموو پەرلەمانەكە دانیشتنی ژمارە نۆی خۆی تایبەت بە تەواوكردنی بڕگەی فرەبازنەیی لە یاسای نوێی هەڵبژاردن بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبووسی و و ئامادەبوونی 179 پەرلەمانتار دەست پێ كردووە. 

سەرچاوەیەكی پەرلەمانی رای گەیاند كە بەر لە دانیشتنەكە حەلبووسی كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنەكانی پەرلەمان ساز كردووە بۆ گەیشتن بە رێككەتن لەسەر یەكلاكردنەوەی بابەتی فرەبازنەەی هەڵبژاردن لە دانیشتنی ئەمڕۆ شەموو، لەوكاتەی یونادەم كنا، سەرۆكی فراكسیۆنی رافیدێن، بە دووری زانی لە دانیشتنی ئەمڕۆ دەنگدان لەسەر فرەبازنەیی بدرێت و دووپاتی كردەوە، دانیشتنەكە تەنیا باسكردنی بابەتەكە لەخۆ دەگرێ و دەنگدان لەسەری ناگرێتەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل