شرۆڤەكارێك: ئێران دەیەوێ دۆسیەی كوژرانی قاسم سلێمانی دابخات

:: PM:08:12:27/09/2020 ‌

ئەمەریكا پەیامێكی توندی بۆ هێزە سیاسییەكانی شیعە و میلیشیاكانی سەر بە ئێران رەوانە كرد، ئەو بە ئاشكرا هەڕەشەی لێ كردن، بەرانبەر بەوە چەند گۆڕانكاریەكی تەناهی لە عێراق ئەنجام درا، گەورە بەرپرسێكی سەربازی ئێرانیش گەیشتە بەغدا، شرۆڤەكارێكی سیاسی پێی وایە ئێران دەیەوێ بەرانبەر بە چەند زەمانەتێك دۆسیەی كوژرانی قاسم سلێمانی دابخات.
ئێران دەیەوێ بەرپرس و بەرژەوەندییەكانی لەناو عێراق پارێزراو بن
ئەحمەد خزر، شرۆڤەكاری سیاسی عێراقی ئەمڕۆ یەكشەم بە "وشە"ی راگەیاند، پێم وایە ئەو جموجۆڵانەی ئێران و سەردانیكردنی بەپرسانی باڵای سەربازی و تەناهیان بۆ عێراق، بۆ مەبەستێكی پێچەوانە بێت، پێم وایە ئەو لە راگەیاندنەكان لێدوانی توند و ئاگرین بڵاو دەكاتەوە، كەچی لەسەر زەوی سیاسەتی هێوركردنەوە پێڕەو دەكات.

زیاتر گوتی، ئێران بەدوای هێوركردنەوەیە و نایەوێ راستەوخۆ رووبەڕووی ئەمەریكا ببێتەوە، بۆیە پێم وا نییە ئێران بەدوای جەنگەوە بێت، تەنانەت لە بەرژەوەندیشی دا نییە، بەهۆی بوونی ئابوورییەكی ماندوو و گەمارۆیەكی توند بۆ سەر هێزی ئابووری و سەربازییەكەی، ئەو لێدوانە ئاگرینانەیشی دەیبیستین، لە چەند لایەنێكی بچووك دەردەچێت، كە لە بەرپرسانی هیڵی یەكەمی فەرمانڕەوایی ئەو وڵاتە نییە، لێدوانی ئەوان هەمووی باسی ئاشتی و هێوركردنەوە دەكات.

ئەو شرۆڤەكارە دووپاتی كردەوە، پێم وایە سەردانی بەرپرسێكی باڵای سەربازی یان تەناهی ئێرانی بۆ بەغدا بۆ داخستنی دۆسیەی كوژرانی قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی ئێرانە، بەشێوەیەك كە ئەنجامەكەی بۆ هەردوولا رازیكەر بێت، پێم وایە ئێران بەدوای داخستنی دۆسیەكەیە بە بوونی گەرەنتی نەكردنە ئامانجی بەرپرسانی تری باڵای ئێران كە دێن بۆ عێراق، بۆیە ئێران دەیەوێ بەرژەوەندییەكانی لەناو عێراق نەكرێتە ئامانج، و بۆیە وای نابینم سەردانی ئەو بەرپرسەی ئێران پەرەسەندنی دژ بە ئەمەریكا تیادابێت.        


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل