پشکنینی کۆرۆنا بە خومرەی نان دوای 15 خولەک ئەنجامت دەداتێ

پشکنینی کۆرۆنا
:: AM:09:40:01/10/2020 ‌
پسپۆرانی ئوسترالیا خەریکن ڕێیەکی نوێی پشکنینی کۆرۆنا بڵاو بکەنەوە، پێکهاتەی سەرەکیی دەرمانی پشکنینەکە خومرەی نانە و بە 15 خولەک ئەنجامەکە دەردەخات.

حکوومەتی ئوسترالیا بڕی یەک ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری ئوسترالی کە دەکاتە ملیۆنێک و حەوت هەزار دۆلاری ئەمەریکیی بۆ کۆمپانیای شینگ تەکنەلۆجیز تەرخان کرد، تا ئەرک و بەرپرسیارێتیی ئەو ڕێیە نوێیەی پشکنینی کۆرۆنا بگرنە ئەستۆ کە ڕۆژی چوارشەم توێژەران ڕایانگەیاندبوو.

ئەم پشکنینە دەتوانرێ بۆ حاڵەتی لەناکاو و خێرا پشتی پێ ببەسترێت

یادڤیر گریوال بەرپرسی سەرجەم توێژەرانی ئەم پرۆژەیەی ئوسترالیا دەڵێ، لەڕێی چیلکەیەکەوە چەند دڵۆپێک لە دەرمانە تایبەتەکەیان دەکەنە ناو کونی لووت و دواتر بە پشکنینی چیلکەکە لە ماوەی پێنج تا 15 خولەک هەم تووشبوون و تووشنەبوونی کەسەکە بە کۆرۆنا دەردەکەوێت، هەمیش ڕێژەی تووشبوون.

ئەوەشی ڕاگەیاند، خومرەی نان یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی ناو ئەم گیراوە تایبەتەی ئەمان پشکنینی پێ دەکەن، چونکە خومرە لە چەند ماددەیەک پێکهاتووە کە دەتوانێ ڤایرۆسەکە بگرێت.

ئەو توێژەرانە دەڵێن، ئەم پشکنینە دەتوانرێ بۆ حاڵەتی لەناکاو و خێرا پشتی پێ ببەسترێت، وەک لە نەخۆشخانە، بەشی چاودێریی چڕی بەساڵاچووان و ناوەندەکانی فرۆشتن.


وشە - ڕێناس شابان