وەزیرێكی كوردستان ئۆتۆمبێلە حكوومییەكەی بەناوی خۆی دەكات

:: AM:10:32:19/10/2016 ‌

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست "وشە" كەوتوون، وەزیرێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئۆتۆمبێلە حكوومییەكەی بەناوی خۆی كردووە و پێشتریش لە كێشەیەكی یاساییدا دادگە پارەیەكی زەبەلاحی وەك سزا بەسەردا سەپاندووە، بۆیە ئێستە مانگانە سێ ملیۆن دینار وەك قەرەبوو دەداتەوە بە حكوومەت. سەرچاوەیەكی دەستەی مافی مرۆڤ ئاشكرای دەكات كە "سێ ملیۆنەكەیش هەر لە بودجەی حكوومەت وەردەگرێت و دەیداتەوە بە حكوومەت".

سەرچاوەیەكی بەرپرس لە دەستەی مافی مرۆڤی كوردستان بە"وشە"ی راگەیاند، "زیا بترس سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان كە ئێستە بە گەشتێكی نافەرمی لە دەرەوەی وڵاتە و لەسەر پارەی حكوومەت گەشت دەكات، ئۆتۆمبێلە حكوومییەكەی بەناوی خۆی كردووە، لە كاتێكدا بە پارەی حكوومەت بۆی كڕاوە و دەبێت بەناوی ئەنجوومەنی وەزیران یان دەستەوە بێت، بەڵام بەناوی هیچ دەزگەیەكی حكوومەتەوە نییە و كردوویەتی بە ئۆتۆمبێلی كەسی".

ئەو سەرچاوەیە زانیاریی زیاتری خستە ڕوو بەوەی بەپێی یاسا، ئەو كەسەی سەرۆكایەتیی دەستەكە وەردەگرێت، "دەبێت لە بواری مافی مرۆڤ كاری كردبێت و پێشینەی هەبێت، بەڵام زیا بترس پێش ئەو پۆستە بازرگانی مەیفرۆشی بووە و سەرۆكی حزبێكی مەسیحی بووە، هەر بەو هۆیەوە تووشی كێشە بووە، بۆیە دادگەی هەولێر سزایەكی بە بڕی نزیكەی 250 ملیۆن دیناری عێراقی بەسەردا سەپاندووە و پابەندی كردووە بەوەی مانگانە سێ ملیۆن دینار وەك قەرەبووی ئەو سزایە، لە بەڕێوەبەرایەتی راپەڕاندنی هەولێر دابنێت".

"بەڵام ئەوەی جێی سەرسوڕمانە ئەو بڕە پارەیە لە بودجەی حكوومەت دەدات بە بەڕێوەبەرایەتی راپەڕاندن، چونكە وەك سەرۆك دەستە مانگانە پێنج ملیۆن دینار بۆ خەرجی میوانداری و كاروباری نووسینگەكەی و خەرجی ئۆتۆمبێل وەردەگرێ، بەڵام ئەو پارەیە بۆ خۆی بەكار دێنێت و هەموو ئەو خەرجییانە لەسەر بودجەی دەستە وەردەگرێتەوە"، سەرچاوەكە وای گوت.

محەمەد گۆمەشینی گوتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤی كوردستان بە"وشە"ی راگەیاند، "ئاگەداری ئەوە نیم ئۆتۆمبێلی سەرۆكی دەستە بەناوی خۆی كرابێت، ئێستە ئەو لە دەرەوەی وڵاتە و كە هاتەوە لە خۆی بپرسن".

بەڵام سەرچاوەكەی "وشە" دووپاتی دەكاتەوە، "ئەوە روونە كە ئۆتۆمبێل و كێشە یاسایییەكەی سەرۆكی دەستە هەن، بەڵام سەیر لەوەدایە كە حكوومەت رێگەی داوە ئەو پێنج ملیۆن دینارە بەبێ وردبینی چاودێری دارایی بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەكار دێنێ لەم تەنگژە دارایییەدا".



بەپێی بەدواداچوونی "وشە"، زیا بترس ژمارەیەكی زۆر گەشت بۆ دەرەوەی وڵات دەكات و گەشتەكانیشی لەسەر بودجەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن. سەرچاوەكەی مافی مرۆڤ دووپاتی دەكاتەوە كە "سەرۆكی دەستە زۆر گەشت دەكات و هیچ بەرهەمێكی لە بواری مافی مرۆڤ لە گەشتەكەنیدا بۆ كوردستان نەهێناوەتەوە، لە كاتێكدا پارەی حكوومەت بۆ گەشتەكانی بەكار دێنێ، بۆ ئەم سەرپێچییانە پێشتر پەرلەمانی كوردستان لیژنەیەكی دروست كرد بۆ لێكۆڵینەوە لە سەرۆكی دەستە، بەڵام ئەنجامەكانی نەهاتە راگەیاندن".

لە بەدواداچوونەكەی "وشە"دا دەركەوت كە زیا بترس لەوكاتەی پۆستی سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤی وەرگرت، ژوورێكی تایبەتی بۆ خۆی لە باڵەخانەی دەستە دروست كردووە و نزیكەی 40 هەزار دۆلاری تێدا خەرج كردووە. سەرچاوەكەی "وشە" دەڵێ، لیژنە پەرلەمانییەكە یەكێك لە دۆسیەكانی لێكۆڵینەوەیان ئەو خەرجییانە بوو كە لە ژوورەكەی سەرۆكی دەستە كردبووی.

 زیا بترس بەكالۆریۆسی لە فیزیا هەیە. لە 27ی كانوونی دووەم/یەنایەری 2013 وەك سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤی كوردستان دەستبەكار بووە. 


وشە - وشه‌