توركیا هەڕەشە لە یەكێتیی ئەوروپا دەكات

:: PM:12:07:19/10/2016 ‌

عومەر چەلیك، وەزیری كاروباری یەكێتیی ئەوروپا لە حكوومەتی توركیا رای دەگەیەنێت، كە چیتر وڵاتەكەی پابەندی ئەو رێككەوتنە نابێت كە لە مانگی مارس/ئاداری رابردوو لەگەڵ یەكێتیی ئەوروپا ئیمزایان كردووە، لەبارەی رێگریكردن لە پەنابەران بەوەی لە توركیاوە بگەنە ئەوروپا، چونكە یەكێتیی ئەوروپا پابەندی خاڵەكانی رێكەوتنەكە نەبووە.

بە گوێرەی رێككەوتنەكەیان، توركیا رێگری لە پەنابەران دەكات، لەوەی لە توركیاوە بە شێوەی نایاسایی كۆچ بەرەو وڵاتانی ئەوروپا بكەن، لە بەرامبەریشدا یەكێتیی ئەوروپا مەرجی ڤیزا لەسەر هاووڵاتییانی توركیا هەڵدەگرێت و ئیتر هاووڵاتییانی توركیا دەتوانن بەبی ڤیزا گەشتی ئەوروپا بكەن، بەڵام لەم دواییانە یەكێتیی ئەوروپا فشاری ئەوەی خستووەتە سەر توركیا، بەوەی دەبێت دەستكاری یاسای نەهێشتنی تیرۆر بكات بۆ ئەوەی رێگە بە هاووڵاتییانی بدرێت بەبێ ڤیزا گەشتی ئەوێ بكەن.

هاوكات چەلیك رای گەیاندووە، دانانی ئەو مەرجە لەلایەن یەكێتیی ئەوروپا بۆ رێككەوتنەكە، نیشانەی پابەند نەبوونیانە بە رێككەوتنەكە، بۆیە ئیتر ئەگەر بڕیارەكەی لابردنی ڤیزا جێبەجێ نەكرێت، ئێمەش پابەند نابین.

سەرچاوە: سپوتنیك


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی