حکوومەتی عێراق لە ئەمڕۆوە دەتوانێت پارە بۆ مووچە قەرز بكات

:: AM:11:31:10/11/2020 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای دەگەیەنێت، حكوومەتی عێراق لە ئەمڕۆوە دەستكراوەیە بۆ ئەوەی پارە قەرز بكات و دەست بە دابەشكردنی مووچە بكرێت.

ئەمڕۆ سێشەم 10ـی تشرینی دووەم، شێروان میرزا ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە كۆبوونەوەكەی دوێنێ لەگەڵ سەرۆك وەزیران حكوومەتی عێراق دەستكراوە كرا و لە ئەمڕۆوە دەتوانێت پارە بۆ مووچە قەرز بكات.

پێشبینی دەكرێ سبەی یان پێنجشەم یاساكە لە ئەنجوومەن پەسەند بكرێت 
ئەندامەكەی ئەنجوومەن گوتی، ئەمڕۆ كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی هەیە تا ڕێككەوتنێك بكەین بۆ ئەوەی بڕی ئەو پارەیە دیاری بكرێت حكوومەتی عێراق قەرزی بكات بۆ دابەشكردنی مووچە، ئێستە حكوومەتی عێراق دەتوانێ دابەشكردنی مووچە دەست پێ‌ بكات.

لەبارەی پەسەندكردنی یاساكە باسی لەوە كرد، پێشبینی دەكرێ سبەی یان پێنجشەم یاساكە لە ئەنجوومەن پەسەند بكرێت و دۆخی مووچە دابەشكردن ئاسایی ببێتەوە و فەرمانبەران لەكاتی خۆیدا مووچە وەربگرن.

دوێنێ كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی و سەرۆك وەزیرانی عێراق هەبوو بۆ ڕێككەوتن لەسەر وەرگرتنی قەرز لەلایەن حكوومەت بۆ دابەشكردنی مووچە.



وشە - رامیار جەواد