یەكگرتوو: دەبێت كولتووری یەكتر سڕینەوە بنبڕ بكرێ

:: AM:08:54:20/02/2017 ‌

بەرپرسانی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان نیگەرانن لەو هەڵمەتە سیاسییەی بە ئاراستەی شكاندن و ناوزڕاندنی كارەكتەرەكانیان بەڕێوە دەچێت، ئەوان پێداگیری لەوە دەكەن كە دەبێت ئەو كولتووری یەكتر سڕینەوەیە، بسڕێتەوە.
 
ئەبوبەكر هەڵەدنی ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بە"وشە"ی راگەیاند، "لە دوای ڕاپەڕینەوە كولتوورێكی ناشیرین بەهۆی شەڕی ناوخۆ دەركەوتووە و كەمتر جیاوازیی هێز و لایەنە سیاسییەكان قبووڵ دەكرێت، یان لەگەڵمی یان دوژمنمی، ئەگەر لە ساڵێكدا تەنیا یەك ڕۆژ لەگەڵ لایەنێك هاوهەڵوێست نەبیت و یەك ڕۆژ جیاواز بیت، ئەوەی ماوەی ڕابردووت دەسڕێتەوە، بەڵام خۆی دەبێت ئەو كولتوورە بسڕێتەوە".
ئەو لێدوانەی هەڵەدنی، پاش ئەوە هەڵمەتە میدیایییە دێت كە بەهۆی رەخنەیەكی ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی لەبارەی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و كۆبوونەوەی 19ی ئابەوە، حزبەكە كەوتووەتە بەر شەپۆلێكی شكاندن و ناوزڕاندنەوە.
هەڵەدنی دەڵێ‌، "ئەم كولتووری تەشهیر و ناوزڕاندن و یەكتر شكاندنە، ناشیرینە و هیچ جێگەیەكی بۆ بیروڕا و ئازادی و ڕادەربڕین نەهێشتووەتەوە، دەبێت هەموومان كار بۆ بنبڕكردنی بكەین، ئەوەی ڕوویدا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا جێگەی نیگەرانییە".
ئەندامەكەی سەركردایەتی یەكگرتوو زیاتر دەڵێ‌، "دەبوو كادر و سەركردەی لایەنە سیاسییەكان ڕۆڵێكی جوان ببینن بۆ كادر و گەنجەكانی خوارەوەیان بۆ ئەوەی واز لەو نەریتە خراپە بێنن نەك خۆیان تێكەڵی بكەن، لە كاتێكدا هیچ سەركردەیەكلەسەر ئاستی یەكگرتوو نەچووە ناو ئەو شەڕە بێتامەوە".
لای خۆیەوە، فەرهاد مەلا ساڵح، بەرپرسی ئەنجوومەنی جێبەجێكردن لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بۆ "وشە"ی دووپاتكردەوە، "یەكگرتوو ئیسلامی باوەڕی بە شەڕی ڕاگەیاندن و تێكدانی میزاجی كۆی كۆمەڵگە نییە، نە لە ڕابردوو نەلە ئێستە و داهاتووشدا ئەو كارە ناكات".
 روونی كردەوە، "ئەمینداری گشتی لە دیدارێكدا كە لەگەڵ ڕۆشنبیران ئەنجامدرا، هەندێ باری سەرنج و تێڕوانینی یەكگرتووی خستەڕوو، ئەوەبوو برادەرانی گۆڕان بەقورسی لەسەر دڵیان كەوت و كارگەیشتە ئەوەی كە هەندێ وشەی زۆر نزم بەكار هات، هیوادارین ئەو قسانە جارێكی تر لە زاری هیچ كەسێك لە هیچ لایەنێكی سیاسییەوە نەبیستین".
بەرپرسی ئەنجوومەنی جێبەجێكردن دەڵێ‌، "یەكگرتوو ڕوونكردنەوەی خۆیدا، لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتیش ئەگەر كۆمەڵێك گەنجی یەكگرتوو قسەیان كردبێت، كاردانەوە بووە، نەك بەرنامە، لەگەڵ ئەوەش شەڕی ڕاگەیاندن نەبووە بەقەد ئەوەی ڕوونكردنەوە بووە بۆ لایەنی بەرامبەر".
 زیاتر دەڵێ‌، "پەیام و هەڵوێستی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان ڕێكخستنەوەی ناوماڵی كوردە، بەردەوامیش دەبێت لەسەر ئەو پەیامە و پاراستنی هاوسەنگی لە كوردستاندا".
مەهدی مەحموود، ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، "یەكگرتووی ئیسلامی ئەو جۆرە شەڕی ڕاگەیاندن و ناوزڕاندنانە بە باش نازانێت، چونكە هێرشكردنە سەر یەكتر لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێك نییە، تەنیا لە بەرژەوەندی دوژمنان و ئەوانەیە كە لەپێناو بەرژەوەندی تایبەتدا هەمیشە بە دوای ئەو جۆری ڕەفتارانەوەن".
ئەو بۆ "وشە" دەڵێ‌، "یەكگرتوو هیچ كات هەوڵی نەداوە پەنا بباتە بەر ناوزڕاندن، هەمیشە ژیرانە مامەڵەی كردووە لەگەڵ ئەو حاڵەتانەدا.یەكگرتوو هەمیشە هەوڵی داوەكێشە لە نێوان لایەنەكاندا ڕوونەدات، بەردەوام كە حاڵەتێك یان كێشەیەك ڕوویدابێت لە ناوچەكەدا، پەنای بۆ چارەسەركردن و باشكردنی دۆخەكە بردووە".

 سلێمانی- هۆشیار عەلی



وشە - تایبه‌ت