پەیامەكانی دوایی ئێران بۆ كازمی و واشنتن چی بوو؟

:: PM:07:58:24/11/2020 ‌

لە ماوەی دواییدا جەنەراڵ ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران سەردانی بەغدای كرد، لێرە و لەوێ باسی چەند بابەتێك دەكرێ سەبارەت بە ناوەڕۆكی ئەو سەردانە، بەتایبەتی پێوەست بە پەرەسەندنی سیاسی لەسەر ئاستی ناوچەكە و دنیا لەدوای دەركەوتنی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمەریكا، هەروەها پێوەست بە ئەگەری هێرشێكی كتوپڕی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا لە دوایین ساتەكانی لە كۆشكی سپی بۆ ئێران.
ئەمەریكا پابەند نەبووە بە رێككەوتنی چونەدەرەوەی لە عێراق
وەك چاودێران ئاماژە دەكەن، ئەو سەردانە رانەگەیندراوەی قائانی بەمەبەستی گەیاندنی پەیامێك بوو بۆ دەرەوە لەبارەی هەوڵەكانی تاران لەگەڵ بەرپرسانی عێراق پێوەست بە دۆسیەی میلیشیاكان و سەرانی ئەو میلیشیایانەیش و دووپاتكردنەوەی بەردەوامیی ئاگربەستی پێش هەڵبژاردنی ئەمەریكا، پەیامەكە ئەوەیە هیچ هێرشێك لەدژی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە بەغدا روونادات، ئەوەیش بۆ بەدەستەوەنەدانی پاساو بۆ ئەمەریكا بۆ وەشاندنی گورزێكی سەربازی لە ئێران.  

سەردانەكەی قائانی، كە دووەم سەردانیەتی بۆ عێراق لەدوای كوژرانی قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی ئێران بۆ عێراق، هاوكات بوو لەگەڵ مووشەكبارانی ناوچەی سەوزی بەغدا كە چەند ناوچەیەكی كردە ئامانج، لەوانە باڵوێزخانەی ئەمەریكا، ئەوەیش دوای نزیكەی مانگێك لە ئاگربەستی میلیشیاكانی نزیك لە ئێران رایان گەیاند بەوەی هیچ هێرشێكی سەربازی لەدژی ئامانجەكانی ئەمەریكا لە عێراق ئەنجام نادەن. 

سەردانەكەی قائانی لەناو كۆمەڵێك رووداوی كاریگەری ناوچەكەدا دێت، لەوانە هەڵبژاردنی ئەمەریكا و هەڕەشەكانی وەشاندنی گورزێكی سەربازی بۆ ئێران، هەروەها راگەیاندنی كریستۆفور میلەر، وەزیری بەرگری بەوەكالەتی ئەمەریكا لە هەفتەی رابردوو بەوەی ترەمپ پێش ئەوەی لە دەسەڵات نەمێنێت، ژمارەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق كەم دەكاتەوە، بەوەیش لە بڕیاری پاشەكشەكردنی تەواوەتی پاشگەز بووەوە كە گوتی، تا 15ی كانوونی دووەمی 2021 ژمارەی هێزەكانمان لە عێراق دەبێتە 2500 سەرباز.  

لە هێرشەكەی دوایی میلیشیاكان بۆ سەر ناوچەی سەوزی بەغدا، كە قوربانی هاووڵاتییانی عێراقی لێ كەوتەوە، میلیشیاكان بەرپرسیارەتی خۆیان لە ئەنجامدانی هێرشەكە رانەگەیاند و سەركۆنەیان كرد، لەوانەیش كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی و قەیس خەزعەلی، سەرۆكی عەسائیب ئەهلولحەق، بەڵام لەگەڵ ئەوەیش دووپاتیان كردەوە كە ئاگربەست لەگەڵ ئەمەریكییەكان كۆتایی هاتووە و ئەمەریكا پابەند نەبووە بە رێككەوتنی چونەدەرەوەی لە عێراق. 

لای خۆیەوە غەزەنفەر بتێخ، سەركردە لە هاوپەیمانی "فەتح"، گوتی، ئەو قسانەی باس لە ئاگربەستێكی نوێ لە نێوان ئەمەریكا و میلیشیاكان بە ناوەندیگیریی ئێران دەكرێت، راست نین و مەبەست لە سەردانەكەی قائانی گفتوگۆكردن بووە لەبارەی بوونی ئەمەریكا لە عێراق، بەتایبەتی دوای ئەوەی واشنتن رای گەیاند كە بەشێك لە هێزەكانی لە عێراق پاشەكشە پێ دەكات، تا چەند ئەو بابەتە رژدە، تەكتیكە یان بەڕاستییە، جیا لەوەیش تاوتوێكردنی هەر جموجۆڵێك بۆ كردنەئامانجی ئێران یان گرووپە چەكدارەكان لەلایەن ترەمپ بەر لە رۆیشتنی لە كۆشكی سپی و هەڵوێستی حكوومەتی عێراق لەو بابەتانە.

بتێخ ئەوەی ئاشكرا كرد، قائانی كە هەروەها چاوی بە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كەوتووە، تاوتوێی دوایین پەرەسەندنەكانی لێكۆڵینەوەی لە كوشتنی قاسم سلێمانی و رۆڵی حكوومەتی عێراق لە ئاشكراكردنی وردەكارییەكانی ئەو دۆسیە و لێپرسینەوە لەهەر كەسێكی عێراقی تێوەگلاو لەو رووداوە كردووە.  

حەسەن تەمیمی، توێژەری عێراقی دەڵێت، سەردانی بەرپرسانی ئێرانی بۆ عێراق، بەتایبەتی فەرماندەكانی سوپای پاسداران، باس ناكرێت، بەتایبەتی كە بەهۆی نهێنیان سەختە وردەكاری بزانرێت، بەهەمانشێوە مەبەست و رێورەسمە سیاسی و مەیدانییەكانی، لەوكاتەی سەردانی دوایی قائانی هاوكات بوو لەگەڵ چەند رووداوێكی گرنگ و كاریگەر، لەوانە هەڵبژاردنی ئەمەریكا و هەڕەشەكانی هێرشكردنە سەر ئێران و جموجۆڵەكانی كازمی لە دەرەوەی عێراق بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی بۆ سیاسەتەكانی و جۆراوجۆركردنی پێوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، لەوانە دۆزینەوەی سەرچاوەی تری وزە بۆ عێراق كە ئێستە پشت بە ئێران دەبەستێت.   

ئەو شارەزایە روونی كردەوە، خواستێك لای فەرماندەكانی سوپای پاسداران و بەرپرسانی ئێرانی هەیە بۆ باسكردنەوەی داهاتووی حەشدی شەعبی و گرووپە وەلائییەكان لە بەغدا، چونكە چەند هەڕەشەیەكی ئاشكرا بۆ سەر ئەوان و دۆخی مانەوەیان هەیە، لەگەڵ ئەوەی لە 2016 ئەوان بەفەرمی خرانە ریزی هێزە تەناهی و سەربازییەكانی عێراق، چونكە راپەڕینی جەماوەری تشرینی 2019 دژی بوونی سیاسی و تەناهی ئەوان بوو و لە ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی ئەوان روویان دا لەناو ماڵی شیعە، ئەوەیش چەند مەترسییەك پێشان دەدات و پێویست بە پێداچوونەوەیەكی رژد لەسەر چەندان ئاست دەكات.

جیا لەوە بوونی مستەفا كازمی لە حكوومەتی عێراق و سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەكییەكانی، هەڕەشەی زیاترن بۆ سەر بوونی ئێران لە عێراق، وەك تەمیمی ئاماژە دەكات، بەتایبەتی رەوتەكانی سیاسی لەناو بازنەی بڕیاردان لە ئێران كازمی بە هاوپەیمانێكی متمانەداری خۆیان نازانن، ئاماژەی كرد، بەر لە چەند رۆژێك لە سەردانەكەی قائانی، حكوومەتی عێراق دەروازەی عەرعەڕی لەگەڵ سعوودیە بەمەبەستی ئالوگۆڕی بازگرانی لەگەڵ ریاز كردەوە كە سێ دەیەیە داخراوە، بەوەیش دەروازەیەكی تری بۆ عێراق زیاد كرد كە زۆرینەی كاڵاكانی لە ئێرانەوە بۆ دێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل