سەندیكای كارمەندانی تەندروستی داوای وەڵام دەكات

:: PM:06:43:20/02/2017 ‌
لقی هەولێری سەندیكای كارمەندانی تەندروستی داوای وەڵام دەكات لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر دانەمەزراندنی دەرچوانی ددانسازی و دەرمانسازی كەماوەیەكە وەكو خۆبەخش كار دەكەن لە كەرتی تەندروستی .

ئەمڕۆ دووشەم لە ڕاگەیەندراوێك وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە تیایدا هاتووە، دوای ئەوەی كارمەندانی تەندروستی لە ژێر هەموو ئەو هەژموونەی قەیرانە یەك لە دوای یەكەكانی كوردستان بەرپرسانە بەردەوامی دا بە خزمەتگوزاری تەندروستی و بۆ ساتێكیش نەیانهێشت كەس و كاری شەهیدان و پێشمەرگە وڵات پارێزەكان و هاووڵاتی تری كەم دەرامەت بێبەش نەبن لە خزمەتگوزاری تەندروستی، ئەو هەڵوێستە جوامێرانەی توێژەكەمان كە سەندیكا بەرپرسانە ئاراستەی كرد وێرای ئەوەی تاوەكو ئێستاش ژمارەیەكی زۆر لە كارمەندانی تەندروستی و پزیشكانی ددان و دەرمانسازان لە ناوەندەكانی تەندروستی بە شێوەی خۆبەخش كاردەكەن، بەڵام دانەمەزراون.

لە ڕاگەیەندراوە هاتووە، دەبوو لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و حكومەتی هەرێمەوە زۆر بەرز ئەو هەڵوێستە بنرخاندرایە و پاداشتی ئەو هەڵوێستە هاوكاری و پشتیوانی خواستەكانیان بوایە و هاوپیشەكانیان لە دەرچوانی كۆلێژەكانی پەرستاری و تەندروستی كۆمەڵ و دەرچوانی پەیمانگە تەندروستییەكان دابمەزرایەوە و كەمێك لەو ماندوبوونەی هاوپیشەكانیان لە ئەستۆ بگرتایە، بەڵام جێ ی داخە جارێكی تر حكوومەت و وەزارەتی تەندروستی بە دروستكردنی جیاوازی توێژایەتی نائومێدیەكی گەورەی درووستكردووە و وامان لێدەكات بەو هەوڵوێستەی خۆماندا بچینەوە. 

لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكە هاتووە، هەربۆیە وەك سەندیكا هاوهەڵوێستین لەگەڵ سەندیكاكانی پزیشكانی ددان و دەرمانسازی، ئەگەر حكومەت وەڵامی داخوازیە رەواكانمان لە باشكردنی رەوشی دارایی و دامەزراندنی دەرچووانی كۆلێژ و پەیمانگە تەندروستیەكان و پزیشكانی ددان و دەرمانسازی بەهەمان شێوەی پزیشكانی گشتی ئەنجام نەدات، تێدەگەین كە حكومەتی هەرێمی كوردستان خوێندنەوەی لەسەر ئاستی دڵسۆزی و ماندوبوونی توێژەكان نیە، بۆیە داواكارین بە زووترین كات وەڵامی پێویست لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە رابگەیەندرێت .

ماوەی چەند ڕۆژێكە دەرچوانی دەرمانسازی و ددانسازی لە شاری هەولێر و سلێمانی خۆپیشاندان دەكەن داوای دامەزراندن دەكەن لە دواین لێدوانی خالس قادر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان بۆ "وشە" ڕای گەیاند ئێمە داوامان كردوە ئەو پزیشكانەمان بۆ دامەزرێنن چونكە پێویستمان پێیان هەیە لە كەرتی تەندروستی.



وشە - رامیار جەواد