ئێران وردەكاری كوژرانی زانا ئەتۆمییەكەی ئاشكرا دەكات

:: PM:06:02:30/11/2020 ‌

هەینی رابردوو موحسین فەخریزادە، گەورەترین زانای ئەتۆمی ئێران لە نزیك تارانی پایەتەخت كوژرا، ئێران پەنجەی تۆمەتی بۆ ئیسرائیل درێژ كرد و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی كرد، لەوكاتەی ئیسرائیل بێدەنگە، لەوناوەدا ئێران وردەكاریی كوژرانی زانا ئەتۆمییەكەی رادەگەیەنێت.
فەخریزادە سێ گولەی بەر كەوتووە یەكێكیان دڕكەپەتكی بڕیوە
ئاژانسی "فارس"ی نیوچە فەرمی ئاماژەی كرد، كردەی كوشتنی فەخریزادە نزیكەی سێ خولەكی خایاندووە و هیچ كەسێك وەك ئەنجامدەری كردەكە لە شوێنی رووداوەكە نەبووە تەقەی لێ كردبێت، ئەو تەقانەیشی كراون بە چەكێك بووە لە دوورەوە كۆنترۆڵ كراوە. 

روونی كردەوە، بەیانی رۆژی هەینی رابردوو فەخریزادە و هاوسەرەكەی ئۆتۆمبێلێكی گولەنەبڕیان بە هاوەڵی سێ ئۆتۆمبێلی تری پاسەوانانی پێ بووە و بەرەو ناوچەی دەماوەند لە نزیك تاران رۆیشتوون، كاتێك یەكێك لە ئۆتۆمبێلەكانی پاسەوانی لە دووری چەند كیلۆمەترێك لە شوێنی رووداوەكە جیا بووەتەوە، ئەوەیش بەمەبەستی چاودێریكردنی بوونی هەر جموجۆڵێكی گوماناوی، لەو ساتەدا دەنگی چەند گوللەیەك هاتووە كە ئۆتۆمبێلی ئەو زانایەیان كردووەتە ئامانج، بۆیە فەخریزادە ئۆتۆمبێلەكەی وەستاندووە.

وەك ئاژانسی "فارس" روونی كردەوە، فەخریزادە لە ئۆتۆمبێلەكەی چووەتە دەرەوە و وای زانیوە بەر شتێك كەوتووە یان كێشەیەك لە بزوێنی هەیە، بەڵام دوای چوونەدەرەوەی لە ئۆتۆمبێلەكە لە چەكێكی جێگیركراو لەسەر ئۆتۆمبێلێكی بچووك كە لە دووری 150 مەتر راگیرابوو، تەقەی لێ كراوە و سێ گولەی بەركەوتووە، لەوانە یەكێكیان دڕكەپەتكی بڕیوە، دوای رووداوەكەیش بە چەند چركەیەك ئۆتۆمبێلەكەی تەقەی لێ كراوە، تەقێنراوەتەوە.

بەهۆی رووداوەكەوە فەخریزادە بریندار بووە و بۆ بنكەیەكی تەندروستی نزیك گوازراوەتەوە، دواتر بە هەلیكۆپتەرێك بۆ نەخۆشخانەی تاران براوە و لەوێ گیانی لەدەست داوە، هەروەها لێكۆڵینەوەكان دەریان خستووە كە خاوەنی ئۆتۆمبێلەكەی تەقەی لێ كراوە، لە 28ی تشرینی دووەم ئێرانی جێهێشتووە و ئەو شوێنەی ئاشكرا نەكرد كە بۆی چووە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل