مووسڵ.. چەكدارانی داعش بە شەو بەرەو سووریا و توركیا ڕادەكەن

:: PM:02:31:19/10/2016 ‌

رۆژنامەی دەیلی تەلەگرافی بەریتانی ئەمڕۆ چوارشەم ئاشكرای كرد، كە چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش، شەوان لە مووسڵ هەڵدێن و بەرەو توركیا و سووریا ڕادەكەن.

كۆمیساری تەناهی یەكێتیی ئەوروپا سامویڵ كینگ لەوبارەوە ڕای گەیاندووە، كە ئەوروپا ئێستەش لەژێر مەترسی هاتنی شەپۆلێكی تری تیرۆریستانی داعشدایە كە لە عێراقەوە بەهۆی هێرشكردنە سەریان ڕادەكەن.

هەروەها گوتی، ئەمە هەڕەشەیەكی راستەوخۆ و مەترسیدارە، پێویستە خۆمانی بۆ ئامادە بكەین.

بەگوێرەی زانیارییەكان، ئێستە دوو هەزار و 500 هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتانی ئەوروپا لە ریزەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعشدان، ئەگەر ژمارەیەكی كەم لەوانە بگەڕێنەوە، ئەوا ئەوروپا لە مەترسی گەورە دەبێت.

زانیارییەكان پشتڕاستی ئەوە دەكەنەوە، كە ژمارەیەكی زۆری تیرۆریستان بەشەو لە مووسڵ ڕادەكەن بەرەو سووریا و توركیا هەنگاو دەنێن.

رۆژنامەكە نووسیویەتی، بەهۆی گەمارۆ نەدانی شارەكە لەلایەن هێزەكانی عێراق و ئەمەریكا، لە هەموو لایەكەوە تیرۆریستان دەتوانن ڕا بكەن، پلانی رزگاركردنەوەی مووسڵیش یەكێكە لە هۆكارەكانی هاتنی تیرۆریستان بۆ سووریا و توركیا، چونكە دەروازەیەكی مووسڵ بەكراوەیی هێڵراوەتەوە بۆ ئەوەی تیرۆریستان لەوێوە ڕابكەن و دزە بكەنە سووریا و توركیا.

بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان، ژمارەی چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە نێو مووسڵ پێنج تا شەش هەزار چەكدار دەبێ و نزیكەی ملیۆنێك و 500 هەزار هاووڵاتییش لە نێو شارەكە بوونیان هەیە.

رۆژی 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر یەكەم هێرشی هەڵمەتی رزگاركردنەوەی مووسڵ دوای راگەیاندنی دەستپێكی شەڕەكە لەلایەن حەیدەر عەبادییەوە، لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئەنجام درا، پێشمەرگە لە سێ قۆڵەوە بە بەشداری زیاتر لە چوار هەزار پێشمەرگە لە میحوەری خازر دەستیان بە پێشڕەوی كرد و تا نیوەڕۆ توانیان نۆ گوند لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە.

هاوكات لە میحوەری گەیارە و گوێڕێش هێزەكانی عێراق و پێشمەرگە پێشڕەویان كرد و لە رێی دابەزینی ئاسمانەوە هێزە تایبەتەكانی ئەمەریكا و دژە تیرۆری عێراق توانییان كارگەی گۆگردی میشراق كۆنتڕۆڵ بكەنەوە.

دوێنیش لە دووەم رۆژی هێرشی رزگاركردنەوەی مووسڵ، هێزەكانی عێراق لە میحوەری گەیارە و گوێڕ پێشڕەوییان كرد و توانییان ژمارەیەك گوند كۆنتڕۆڵ بكەنەوە.

مووسڵ دەكەوێتە 405 كیلۆمەتر باكوری بەغدا و بەگوێرەی ئاماری 2013 ژمارەی دانیشتووانی سەنتەری شارەكە نزیكەی دوو ملیۆن كەس بوو، لە 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی چوار فیرقەی سەربازی سوپا و پۆلیسی ناوخۆیی شارەكە كەوتە دەست تیرۆریستانی داعش و دوای دوو ساڵ و زیاتر لە چوار مانگ، هەڵمەت بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی شارەكە دەستی پێ كرد.

سەرچاوە: غەدپرێس.

باز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د