وەزیری نەوتی عێراق سەردانی كوردستان دەكات

:: PM:03:03:19/10/2016 ‌

عەبدوجەبار لعێبی وەزیری نەوتی عێراق دووپاتی كردەوە كە هیچ ناكۆكییەك لە نێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و كوردستان نییە لەبارەی هەناردنی نەوتەوە و دووپاتی كردەوە، هەوڵی كاراكردنی رێككەوتننامەی نەوتی نێوان بەغدا و هەولێر دەدات و بۆ ئەو مەبەستە هەفتەی داهاتوو سەردانی هەولێر دەكات.

لعێبی لەوبارەوە رای گەیاند كە لەبارەی هەناردنی نەوتەوە هیچ ناكۆكییەك لەگەڵ كوردستان نییە، دووپاتی لەوە كردەوە كە لە هەوڵدایە بۆ كاراكردنەوەی رێككەوتنی نەوتی نێوان هەردوولا كە لە 2014 ئیمزا كرا.

وەزیری نەوتی عێراق روونی كردەوە كە پێوەندی لەوبارەوە لە نێوان هەردوولادا هەیە و بۆ ئەو مەبەستەش هەفتەی داهاتوو سەردانی هەرێم دەكەین و چاومان بە وەزیری سەرچاوە سروشتییەكانی هەرێم دەكەوێت، كە ئەویش بەنیازە لە داهاتوودا سەردانی بەغدا بكات.

ئاماژەی كرد كە هەماهەنگی لە نێوان هەردوولا بەردەوامە بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتا لەوبارەوە.

بڕیارە ئەمڕۆ وەزیری نەوتی عێراق ئامادەی پەرلەمانی عێراق بێت بۆ تاوتوێكردنی ئەو تۆمەتانەی لە راگەیاندنەكان دەدرێتە پاڵ بەرپرسانی وەزارەتی نەوت و گەندەڵییەكان لە چوارچێوەی گەڕەكانی مۆڵەتدان.

هاوكات ئارێز عەبدوڵا سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمان رای گەیاند، لیژنەكەیان مێوانداری عەبدوجەبار لعێبی وەزیری نەوتی عێراق دەكات بۆ تاوتوێكردنی ستراتیجیی وەزارەتەكەی بۆ دوو ساڵی داهاتوو و تەنگژەی هەناردنی نەوت لە نێوان عێراق و كوردستان.  

سەرچاوە: غەد پرێس


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل