بە داهاتی لاهوور جەنگی پێنج پڕۆژەی ستراتیجی لە سلێمانی جێبەجێ دەكرێت

:: AM:11:47:31/12/2020 ‌
ئەوەی لاهوور مانگانە لە یەك دەروازەی سنووری دەستی دەكەوێت، ئەگەر بۆ خەزێنەی حكوومەت بگەڕێتەوە، ئەوا هەرێمی كوردستان لەو بڕە مووچەیە بێ منەت دەكات كە بەغدا دەبێ بینێرێت بۆی. ئەگەر هەمان بڕە داهاتی نایاسایی بگێڕێتەوە و لە بواری رێگەوباندا خەرج بكرێت، لە ساڵێكدا لە سلێمانی پێنج پڕۆژەی ستراتیجی وەك 120 مەتری هەولێری پێ جێبەجێ دەكرێت.

لاهوور جەنگی كە زیاتر وەك فەرماندەی دژەتیرۆری جاران رەفتار دەكات و بەردەوام لە قسەكردندا لە دۆخی هەڵچووندایە، كەسێكی نزیكی بە"وشە"ی راگەیاند، بەتەواوی دەستی بەسەر داهات و تەنانەت بازاڕی سلێمانیشدا گرتووە. ئەو دووپاتیشی كردەوە، "تەنیا لە خاڵی سنووری پەروێزخانەوە مانگانە 200 ملیۆن دۆلاری بۆ دێت".

لە خاڵی سنووری پەروێزخان تیمێكی چوار كەسی هەن كە كاروباری لاهوور جەنگی رادەپەڕێنن
لەبارەی زۆریی ئەو بڕە داهاتە بە دەستخستنی قاچاخ، كەسە نزیكەكەی لاهوور وردەكاریی پرۆسەكەی خستە ڕوو كە خۆی لە نزیكەوە ئاگەداریەتی و روونی كردەوە، "لە خاڵی سنووری پەروێزخان تیمێكی چوار كەسی هەن كە كاروباری لاهوور جەنگی رادەپەڕێنن، هیچ كەس بۆی نییە بێتە سەر رێیان و داهاتەكە ئەوان كۆی دەكەنەوە، چونكە لە ماوەی رابردوودا لاهوور لەگەڵیان دانیشت و پێی گوتن من 200 ملیۆن دۆلارم دەوێت هەموو یەكی مانگێك، ئیتر چۆن پەیدای دەكەن كەیفی خۆتانە".

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرەكانی لەگەڵ داهاتی ناوخۆ و نەوت، پشت بەو 320 ملیار دینارە دەبەستێت كە بەغدا دەبێ مانگانە بینێرێت. بەغدا بە كەیفی خۆی چەند جارێك پارەكەی رەوانە كردووە و دواتر بە بیانووی جیاواز بڕیویەتی، ئەمەش یەكسەر كاریگەری لەسەر دواخستنی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان هەبووە. 

ئەوەی گوشاری خستووەتە سەر بودجەی گشتی هەرێمی كوردستان، ئەو تاڵان و دزی و گەندەڵییەیە
ئەگەر ئەو 320 ملیار دینارە هەموو مانگێك بگات، ئەوا دەستی هەرێم لە دابینكردنی مووچەی مانگانە ئاوەڵا دەبێت. بەڵام ئەوەی گوشاری خستووەتە سەر بودجەی گشتی هەرێمی كوردستان، ئەو تاڵان و دزی و گەندەڵییەیە كە لە هەندێك لە دەروازە سنوورییەكان و ناوخۆ پێڕەو دەكرێت. 

لێرەدا ئاماژە بە نموونەی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان دەكەین كە لاهوور جەنگی وەك دەروازەیەك بۆ پڕكردنی گیرفانی سوودی لێ وەردەگرێت. وەك كەسە نزیكەكەی خۆی گووتی "تەنیا لەو سنوورە لاهوور 200 ملیۆن دۆلاری دەست دەكەوێت".

200  ملیۆن دۆلار ئەگەر بە بەهای ئێستەی دینار ئاڵوگۆڕ بكرێت، دەكاتە 290 ملیار دینار، واتە تەنیا 30 ملیار دیناری لەو بڕە پارەیە كەمترە كە بەغدا دەبێ رەوانەی هەرێمی بكات. 
بەغداش كە چاوی بە گەشەی هەرێم هەڵنایەت، بە گوشارەكانی هەوڵ دەدات ئەو تەنگژەیە زیاتر قووڵ بكاتەوە.

هەرێمی كوردستان كاتێك لە بەغدا بێمنەت دەبێت، لەو دزی و تاڵانییە رزگاری ببێت و لێرەدا بۆمان دەردەكەوێت بەشی سەرەكی تەنگژەی دارایی لە هەرێمی كوردستان، پێوەندی بە ناوخۆوە هەیە و بەغداش كە چاوی بە گەشەی هەرێم هەڵنایەت، بە گوشارەكانی هەوڵ دەدات ئەو تەنگژەیە زیاتر قووڵ بكاتەوە.

ئەگەر هەمان ئەو پارەیەی لاهوور بۆ بواری خزمەتگوزاری بەكار بهێنرێت، پارێزگای سلێمانی زۆر بەرەو پێش دەبات. بۆ نموونە، ئەگەر پارەكە تەنیا بۆ پەرەپێدانی رێگەوبانەكانی سلێمانی خەرج بكرێت، لە ساڵێكدا پێنج پڕۆژەی وەك پڕۆژەی ستراتیجی 120 مەتری هەولێری پێ جێبەجێ دەكرێت.

پڕۆژەی ستراتیجی 120 مەتری هەولێر كەمتر لە 500 ملیۆن دۆلاری تێچووە كە 39 كیلۆمەترە و كێشەی هاتوچۆ لە پایتەخت چارەسەر كردووە. پارەكەی لاهوور ئەگەر كۆ بكرێتەوە، لە ساڵێكدا دەگاتە دوو ملیار و 400 ملیۆن دۆلار، واتە نزیكەی پێنج پڕۆژەی وەك 120 مەتری پێ جێبەجێ دەكرێت.

بیر بكەوە سلێمانی پێنج پڕۆژەی هاوشێوەی 120 مەتری لێ جێبەجێ بكرێت، چەندە پێش دەكەوێت
بیر بكەوە سلێمانی پێنج پڕۆژەی هاوشێوەی 120 مەتری لێ جێبەجێ بكرێت، چەندە پێش دەكەوێت و چ ژمارەیەكی زۆری هەلی كاریشی پێ دابین دەكرێت؟. پارێزگای سلێمانی بەهۆی ئەو بەتاڵانبردنەوە لەلایەن بەرپرسەكانی حزبەوە ستەمێكی زۆری لێ كراوە و لە جیاتی بەرەوپێشچوون، بەرەو دواوە گەڕێنراوەتەوە.

ئەو داهاتە دزراوە بۆ هەر كەرتێك خەرج بكرێت، بە تەواوی ئاوەدانی دەكاتەوە. سەرووی دوو ملیار دۆلار پارەیەكی زۆرە و زیاتر لە هەزار قوتابخانەی مۆدێرنی پێ دروست دەكرێت، ئەگەر هەر قوتابخانەیەك گوژمەكەی دروستكردنەكەی دوو ملیۆن دۆلار بێت، ئەمەش هەرێمی كوردستان لە كێشەی قوتابخانە رزگار دەكات. 

"دارودەستەی لاهوور جیا لەوەی رێ بە هەموو شتێكی قاچاخ دەدەن و لە بەرانبەردا پارە وەردەگرن، ماوەیەكە كاری كۆمپانیا فەرمییەكانیش دەكەن كە پێشتر گومرگیان دەدا بە حكوومەت، بەڵام ئێستە ئەمان بە پارەی كەمتر لە گومرگەكە بارەكەی دەهێننە ژوورەوە". كەسە نزیكەكەی لاهوور وای گوت.

ئەو وردەكاریی زیاتری بە نموونەیەك خستە ڕوو و وەك خۆی دەڵێ، "بۆ نموونە كۆمپانیایەك ترێلەیەك كەرەستە دەهێنێتە ژوورەوە و ئەگەر بە رێوشوێنی یاساییدا بڕوات، هەشت هەزار دۆلار گومرگیەتی، بەڵام ئەوان لەگەڵی رێك دەكەون و بە پێنج هەزار دۆلار بۆی ئاودیو دەكەن، بەوەیش هەم ئەمان رۆژانە پارەی خەیاڵییان دەست دەكەوێ بۆ شێخ، هەم كۆمپانیاكە قازانج دەكات و كەمتری داوە لە گومرگەكەی، بەڵام تەنیا حكوومەت زیانی پێ دەگات".

ئەو داهاتە قاچاخچێتی مادەی هۆشبەریش دەگرێتەوە
ئەو كەسە نزیكەی لاهوور كە نیگەرانە لەوەی بەردەوام بەرپرسەكەی هۆی تێكچوونی دۆخی كوردستانە و لەناو هەموو هاوكێشەیەكی دژە یەكڕیزیدایە، دووپاتی كردەوە، "ئەو داهاتە قاچاخچێتی مادەی هۆشبەریش دەگرێتەوە و ئێستە لە سلێمانی دەستكەوتنی زۆر ئاسانە و تەنانەت كچ و كوڕی گەنج و هەرزەكار سەرگەردان و ئالوودە بوون، لە سایەی زۆربوونی داهاتی شێخ".


وشە - تایبه‌ت