هەنجیر چۆن چارەسەری مایسیری دەكات؟

:: PM:05:59:22/02/2017 ‌
پزیشكان روونی دەكەنەوە كە دەتوانرێت هەنجیر وەك مادەیەكی رەوانیی سروشتی لە بری دەرمانەكانی بۆ ئەو مەبەستە و نەهێشتنی قەبزی بەكار دێت، پشتی پێ ببەسترێت، هەروەها بۆ لابردنی سكباكردن ئەنفلەوەنزا و چەند نەخۆشییەكی پێست و چەندان سوودی تریش.

پزیشكان زیاتر دەڵێن كە هەنجیر سوودی بۆ پێست هەیە و چەند نەخۆشییەكی ناهێڵێت وەك بوهاق، هەروەها وەك هێوركەرەوەی دەمار و لابەری نیگەرانی و رارایی و نائومێدی كار دەكات.

ئەوان دووپاتی دەكەنەوە كە خواردنی هەنجیر جگەر بەهێز دەكات و چالاكتری دەكات و ئەستووربوونی سپڵ ناهێڵێت و چارەسەری نەخۆشییەكانی سووڕی مانگانە و لوولەكانی خوێن بەتایبەتی مایسیری دەكات، بێجگە لە چالاككردنی گورچیلەكان و پارچەكردنی بەردەكانی ناوی. 

هەروەها هەنجیر بۆ چارەسەری نەخۆشییەكانی سنگ و كۆخە و هەناسەتەنگی و گرژی بۆڕییەكانی هەوا و هەوكردنیان باشە و نایەڵێت ئاو لە دڵ و سییەكان كۆ بێتەوە و رێگریش لە دروستبوونی خوێنبەربوون دەكات و نەقرەسیش لەناو دەبات، بەشێوەیەك كار بۆ كردنەدەرەوەی خوێیەكانی یۆریك ئەسید لەناو لەش دەكات لە رێگەی میز و ئارەقەكردنەوە.

هەرچی چۆنیەتی كاركردنی هەنجیرە لەسەر مایسیری، چینییەكان گەلای داری هەنجیریان لەگەڵ ئاودا دەكوڵاند و دواتر لەناو ئاوەكە دادەنیشتن، هەروەها دوو دانە لە هەنجیری نوێ و پێنەگەیشتوویان لەسەر گەدەی بەتاڵ بەیانیان دەخوارد، لەو كاتەی ئەڵمانییەكان هەنجیریان بۆ چارەسەركردنی ئازاری ددان بەكار دەهێنا لە رێگەی كوڵاندنییەوە لەگەڵ شیر ئینجا دەیانخستە سەر شوێنی ئازارەكەوە.

هەروەها هەنجیری فرێش و وشكیش كە ئەنزیمی فیسیسنیان تیادایە، بەپێی توێژینەوەكان دەركەوتووە كە توانایەكی باشی بۆ لەناوبردنی بەكتریای هاوەڵ بۆ برینی گەدە هەیە، هەروەها رۆمانییەكانیان شیری گەڵای هەنجیریان بۆ لابردنی زیادە گۆشت بەكار هێناوە، بێجگە لە رێگرتن لە تووشبوون بە شێرپەنجە.

تۆ دەتوانی بەسەر ئازارەكانی مایسیری زاڵ بیت لە رێگەی دانانی هەنجیرێكی سوورەوەكراوە راستەوخۆ لەسەر شوێنی مایسیرییەكە، هەروەها هەنجیری وشك و كوڵاو لەناو شیر دوای ساركردنەوەی دەخرێتە سەر برینی هەوكردوو و دەبەسترێتەوە و لە ماوەی چەند رۆژێك و بە دووربارەكردنەوەی ئەو كارە برینەكە نامێنێت.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل