مانگی سووری قەتەڕی نووسینگە لە دهۆك دەكاتەوە

:: PM:06:23:22/02/2017 ‌
بە مەبەستی خزمەتكردنی ئاوارە و پەنابەرانی كە پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە بەتایبەتی لە پارێزگای دهۆك، شاندێكی مانگی سووری قەتەڕی سەردانی پارێزگای دهۆك دەكات و رای دەگەیەنێت كە بەمزووانە نووسینگەی خویان لە دهۆك دەكەنەوە.

شاندەكە بە سەرۆكایەتی یووسف ئەحمەد حەمادی بەرپرسی جێبەجێكاری مانگی سووری قەتەڕی بوو و لە كۆبوونەوەی لەگەڵ فەرهاد ئەترووشی پارێزگاری دهۆك رای گەیاند كە ئەوان بە هەموو شێوەیەك هاوكاری پەنابەر و ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان بە گشتی و پارێزگای دهۆك بە تایبەتی دەكەن.

زیاتر گوتی، ئێمە لە نزیكەوە سەردانی كەمپی ئاوارە و پەنابەران لە دهۆك دەكەین و كۆمەڵێك هاوكاریمان هێناوە و لەسەر ئاوارەكانی كەمپەكانی شاریا و بێرسیڤێ دابەشی دەكەین، هەروەها بەشێك لە خێوەتە كۆنەكانی ئەو كەمپانە دەگۆڕین و لەجیاتی ئەوان هەندێك خێوەتی باشتر و نوێ دادەنێین.

حەمادی روونی كردەوە، هەروەها بۆ ئەوەی زیاتر خزمەت بە ئاوارە و پەنابەران بكەین، بەمزووانە نووسینگەی مانگی سووری قەتەڕی لە پارێزگای دهۆك دەكەینەوە بۆ ئەوەی هاوكارییەكانمان زیاتر و زووتر بە دەستی ئەوان بگەن.

لای خۆیەوە فەرهاد ئەترووشی پارێزگاری دهۆك رای گەیاند، پارێزگای دهۆك زۆرترین ئاوارە و پەنابەری بەخۆیەوە گرتووە، ئەمە وێڕایی ئەوە كە هەرێمی كوردستان لە دوخێكی ناڵەبار و تەنگژەدا تێپەڕ دەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام هاوكاریی پەنابەر و ئاوارەكان بەبێ جیاوازیی نەتەوایەتی و ئاینی كردووە و بەردەوامیش دەبێت.

لە سنووری پارێزگای دهۆك زیاتر لە 800 هەزار ئاوارە و پەنابەر هەن كە لە 27 كەمپدا نیشتەجێكراون و بەشێكیشیان لە دەرەوەی كەمپەكاندا نیشتەجێ كراون.

دهۆك/ نەوزاد هلۆری


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل