پۆمپیۆ هێرش دەكاتە سەر سەرانی ئێران و بە گرووپێكی توندڕۆ ناویان دەنێت

:: PM:07:09:12/01/2021 ‌

بەر لە ئاشكراكردنی چەند زانیارییەك لەبارەی بوونی پێوەندی لەنێوان ئێران و سەرانی رێكخراوی قاعیدە، كە بڕیارە ئەمشەو بڵاوی بكاتەوە، مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بەتوندی رەخنەی لە هەڵسەكەوتەكانی تاران بەرانبەر بە وڵاتەكەی گرت و دووپاتی كردەوە، رژێمی ئێرانی كەسێكی میانڕەوی تیادا نییە و لە 1979ەوە لەسەر هەمان رەوت بەردەوامە.
ئەوان رۆژانە هەڕەشە ئاراستەی ئەمەریكا و ئیسرائیل دەكەن
پۆمپیۆ لە زنجیرەیەك تویت لەبارەی تارانەوە رای گەیاند، ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ وەك گرووپێكی توندڕۆی ئایدۆلۆجی سەیری رژێمی ئێران دەكات كە دەستبەرداری دروشمی "مردن بۆ ئەمەریكا" نابن، ئەو ژمارەیەك وێنەی سەرانی ئێرانی بڵاو كردەوە لە پێشەوەیان عەلی خامنەیی، رابەری باڵای شۆڕشی ئێران و نووسیویەتی، ئەوان رۆژانە هەڕەشە ئاراستەی ئەمەریكا و ئیسرائیل دەكەن.

ئەو قسانەی پۆمپیۆ پێش ئاشكراكردنی چەند زانیارییەكی هەواڵگری دێ كە بڕیارە ئەمشەو رایان بگەیەنێ و بۆ یەكەمجارە بڵاو دەكرێتەوە لەبارەی بوونی پێوەندی لەنێوان تاران و رێكخراوی قاعیدەوە، كاتێك دوو سەرچاوە ئاماژەیان كرد، پۆمپیۆ بەنیازە زانیارییەكانی هەواڵگری بۆ تۆمەتباركردنی ئاشكرای ئێران بەكار بێنێت بە بوونی پێوەندی لەگەڵ قاعیدە.

وەك "رۆیتەرز" بڵاوی كردەوە، ئەو جووڵانەوەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە دواساتەكانی فەرمانڕەوایەتی ترەمپ و پێش هاتنی جۆ بایدنە و قسەكانی زانیاری زیاتر لەبارەی كوژرانی دووەم كەسی ناو قاعیدە لەسەر خاكی ئێران لەلایەن هەواڵگری ئیسرائیلەوە ئاشكرا دەكات بەوەی ئێران داڵدەی سەران و ئەندامانی قاعیدەی داوە. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل