ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ دووەم جار لێپرسینەوەی لە ترەمپ كرد

:: AM:10:07:14/01/2021 ‌
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا لەسەر هێرشی هەفتەی رابردووی لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەر كۆنگرێس، بۆ جاری دووەم لێپرسینەوەی لەگەڵدا كرا و بە 232 دەنگی بەڵێ و 197 دەنگی نەخێر لێپرسینەوەكە پەسند كرا.

ئەنجوومەنەكە دوای چەندان سەعات مشتومڕی چڕ، دواجار توانی كۆتایی بە لێپرسینەوەی سەرۆك بهێنێت و ئەمجارە ئەركەكە دەكەوێتە سەرشانی ئەنجوومەنی پیران تا رێكارەكان تەواو بكات.

بەر لە كۆبوونەوەكە دۆناڵد ترەمپ لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا هێرشەكەی هەفتەی رابردووی لایەنگرانی بۆ سەر كۆنگرێسی شەرمەزار كرد و گوتی، توندوتیژی و ئاژاوە لە وڵات جێی نابێتەوە، ئەمەش بەوە لێك درایەوە ترەمپ دەیەوێت رەزامەندی نوێنەرانی كۆماریخواز دەستەبەر بكاتەوە تا لە دژی ئەو دەنگ نەدەن.

بۆ ئەوەی لێپرسینەوە سەركەوتوو بێت لە 50 نوێنەرە كۆمارییەكەی ئەنجوومەنی پیران، پێویستە 17 نوێنەر بچنە پاڵ دیموكراتەكان.

بەگوێرەی دۆیچەوێلە، ئەمجارە نۆرەی ئەنجوومەنی پیرانە تا لێپرسینەوە لە ترەمپ بكات و ئەم قۆناغەش پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگی نوێنەرانی ئەنجوومەنەكە هەیە. بۆ ئەوەی لێپرسینەوە سەركەوتوو بێت لە 50 نوێنەرە كۆمارییەكەی ئەنجوومەنی پیران، پێویستە 17 نوێنەر بچنە پاڵ دیموكراتەكان.

لێپرسینەوەكەی ئەنجوومەنی پیران لەوانەیە 19ی ئەم مانگە واتە رۆژێك بەر لە تەواوبوونی ماوەی دەسەڵاتی ترەمپ ئەنجام بدرێت.

ئەگەر لێپرسینەوەی ترەمپ لە ئەنجوومەنی پیرانیش پەسند بكرێت، ئەوا ترەمپ هیچ كاتێك ناتوانێ بۆ هیچ پۆستێكی فیدراڵی خۆی بپاڵێوێت. هاوكات ماف و مووچەی تاهەتایی و دابینكردنی پاسەوانی تایبەتیشی لێ دەستێنرێتەوە.



وشە - سلێمان تاشان