ترەمپ لە خۆی خۆش نابێت

:: PM:12:14:18/01/2021 ‌
لەم دوو رۆژەی ترەمپ لە دەسەڵاتدا ماوە، بە تەمایە بڕیاری لێخۆشبوون بۆ 100 كەس دەربكات، بەڵام نایەوێ لە خۆی خۆش بێت.

پێشتر وا راگەیەنرابوو ترەمپ دەیەوێ بڕیاری لێخۆشبوون بۆ خۆیشی دەربكات، بۆ ئەوەی دوای جێهێشتنی كۆشكی سپی لە لایەن هیچ دادگایەك لێپێچینەوەی لەگەڵدا نەكرێت.

ترەمپ لە راوێژكاری خۆی بۆ بواری ئاسایشی نەتەوەیی خۆش بوو كە درۆی لەگەڵ پۆلیسدا كردبوو، بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ چوار كەسی تریش دەركرد كە لە كوشتندا دەستیان هەبوو.

بەگوێرەی شەفەقنا، راوێژكارێكی كۆشكی سپی بە رۆیتەرزی گوتووە، ترەمپ سەرەتا دەیویست بڕیاری لێبوردن بۆ خۆیشی دەربكات، بەڵام دواتر راوێژكارەكانی لەم بڕیارە پاشگەزی دەكەنەوە و پێی دەڵێن ئەگەر ئەم كارە بكات، ئەوكات رای گشتی بە كەسێكی تاوانباری لە قەڵەم دەدات. 
چۆن دەكرێ كەسێك دادوەری دۆسیەی خۆی بێت.

جگەلەمە لەوانەیە ئەو بڕیارە ناڕەزایی لێ بكەوێتەوە، چونكە زۆر كەس لە ئەمەریكا ئەمە بە هەنگاوێكی نایاسایی هەژمار دەكات بەو پاساوەی چۆن دەكرێ كەسێك دادوەری دۆسیەی خۆی بێت.

هەرچەندە زۆر لە چاودێران پێیان وایە ئەمە مافێكی یاساییە ئەگەر ترەمپ بەكاری بهێنێت، دامەزرێنەرانی ئەمەریكا لە سەدەی 18 ئەو مافەیان دیاری كردووە.

سەرچاوەكە گوتوویەتی، ترەمپ بەتەما نییە بۆ هیچ كام لە ئەندامانی خێزانەكەشی لێبوردن دەربكات.

بڕیارە رۆژی چوارشەم 20ی كانوونی دووەم، ترەمپ بە یەكجاری ماڵئاوایی لە كۆشكی سپی بكات و جۆ بایدنیش بە فەرمی سوێندی یاسایی بخوات و بچێتە كۆشكی سپییەوە.


وشە - سلێمان تاشان