حزبەكانی دەسەڵات بە دوو لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی عێراق دەكەن

:: PM:04:56:18/01/2021 ‌

بڕیار بوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو بێتە سازكردن، ئەو هەڵبژاردنەی خواستی گەورەی شەقام و خۆپێشاندەران بوو بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری لە عێراق و رزگاربوون لە دەموچاو و حزبە كۆنەكان، كە 18 ساڵە عێراقیان نقوومی دەریایەك تەنگژە كردووە، ئەگەرچی پێشنیازەكەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بۆ دواخستنی وادەی هەڵبژاردن بێئومێدی شەقامی زیاتر كرد، خەریكە پارەی سیاسی و چەكی میلیشیا و كڕینی دەنگ و دەموچاوگۆڕینی هێزە كۆنەكان، هیوای ئەوان بۆ گۆڕانكاری بەتەواوەتی لەناو دەبات.   

كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە عێراق ئێوارەی شەموو كۆتاهاتنی پرۆسەی تۆماركردنی قەوارە و هاوپەیمانییەتییەكانی بۆ هەڵبژاردن بەكۆتا هێنا، كە 438 داوای حزب و بزاو و گردبوونەوەی سیاسی پێشكێش كران، 230یان رەزامەندیان وەرگرت و ئەوانیتر لەژێر لێوردبوونەوەدان، ئەوەیش وەك ئامادەسازییەك بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە.

جیا لە حزب و هاوپەیمانی و گردبوونەوە كۆنەكان، ئەوجارە چەند قەوارەیەك لە منداڵدانی گۆڕەپانی خۆپێشاندانەكانی عێراق لەدایك بوون و بەشداری لە پرۆسەكەدا دەكەن، لەوانە گردبوونەوەی "بەیت ئەلوەتەنی"، كە حوسێن غورابی چالاك سەرپەرشتی دەكات و بزاوی "ئیمتداد"ی چالاك عەلا روكابی، جیا لەوانە لە دوو هەفتەی رابردوو چەند قەوارەیەكی نوێ تۆمار كران، كە كەسانی دەسترۆیشتوو و ئاینی پاڵپشتیان دەكەن، ئەوان بە ناونیشانی مەدەنی و شۆڕشگێڕانی تشرینەوە هاتوونەتە پێشەوە، وەك هەنگاوێك بە هەوڵی هەڵخەڵەتاندنی شەقام و دەنگدەر لەقەڵەم دەدرێت.

بەپێی دوایین زانیاری دزەكردوو، هێزە سیاسییەكان لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە رێككەوتوون، ئێستە گفتوگۆ لە نێوان حكوومەت و پەرلەمان و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن هەیە بۆ دۆزینەوەی پاساوێكی یاسایی بۆ راگەیاندن و چۆنیەتی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، كە دەبێت 60 رۆژ پێش هەڵبژاردنەكە بكرێت، بۆیە شەوی رابردوو كۆمسیۆنەكە پێشنیازی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران كرد بەوەی دەیانەوێ هەڵبژاردن لە 16ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ بكرێت.
لیستە سێبەرەكان بە هەوڵی هەڵخەڵەتاندنی شەقام و دەنگدەر لەقەڵەم دەدرێت
سەرچاوە سیاسییەكان ئاماژە دەكەن كە وادەی 6ی حوزەیران بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كۆتایی هاتووە، چاودێران ئاماژە دەكەن رەنگە هەردوو هاوپەیمانی "فەتح" و "دەوڵەتی یاسا"، سوود لە یاسای دادگای فیدراڵ ببینن بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكە، لەوكاتەی بەها ئەعڕەجی، جێگری پێشووتری سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی كرد كە هەندێك لە هێزە سیاسییەكان دەیانەوێ هەڵبژاردنەكە بكەوێتە مانگی موحەرەم بۆ راكێشانی سۆزی دەنگدەران.

ئەوەی لە تۆماركردنی قەوارە سیاسییەكان، بەتایبەتی قەوارە نوێیەكان دیارە، بە هاوشێوەی هەڵمەتێكی دزیكردنە لەلایەن حزبە سەرەكییەكان بۆ ناو و دەستەواژی بزاوی ناڕەزایەتی تشرین، بەشێك لە حزبە ئاینییەكان ناوی نوێیان بۆ لیستەكانیان دیاری كردووە، ئەوان قەوارەی سیاسی هاوتای خۆیان دامەزراندووە كەسانی هیڵی دووەمی خۆیان كردووەتە سەركردە.

لەوانە بزاوی "بیدایە"ی نزیك لە عەمار حەكیم كە محەمەد رەبەیعی سەرپەرشتی دەكات، "تەجەموع تشرین"ی نزیك لە "دەوڵەتی یاسا"ی نووری مالیكی، بزاوی "وەعی"، بە سەرۆكایەتی سەڵاح عەرەباوی، یاریدەری عەمار حەكیم و بزاوی "ئیقتدار وەتەن"، بە سەرۆكایەتی حوسێن عەبتان، رەوتی "فوراتێن"، یە سەركردایەتی محەمەد شەیاع سوودانی، سەركردەی پێشووی دەوڵەتی یاسا، رەوتی "مەرحەلە"، كە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی پاڵپشتی دەكات، "تەسحیح"، كە ناوی لیستی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامییە بە سەرۆكایەتی شێخ هومام حەموودی، "حقوقیون"، سەر بە فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و "ئینجاز"، كە بەیان سۆڵاغ جەبر، وەزیری پێشووتری ناوخۆ سەركردایەتی دەكات.

باسم خەشان، پەرلەمانتاری سەربەخۆی عێراق دەڵێت، حزبە سیاسییەكانی دەسەڵات لەسەر سەرلێشواندنی دەنگدەران رێككەوتوون، ئەوەیش لە رێگەی دامەزراندنی دەیان لیست بە ناوی خۆپێشاندەران و ئەو دروشمانەی بەرزیان كردووەتەوە، ئەوان بانگەشەی ئەوە دەكەن نوێنەری ئەو شۆڕشە جەماوەریەن و دەیانەوێ دەنگی دەنگدەران پەرتەوازە بكەن و كاریگەری لە بزاوە راستەقینەكانی بەرجەستەكاری گەنجان بكەن، كە لە منداڵدانی گۆڕەپانەكانی ناڕەزایەتی تشرین لەدایك بوونە، ئەوەیش لە رێگەی كاركردن بۆ لەناوبردنی دەنگەكانیان لەناو ئەو لیستە نۆیانەی خۆیان، هەموویشی بۆ ئەوەیە خۆیان باڵادەست لەسەر پەرلەمان و حكوومەتی داهاتوو بمێننەوە.

زیاتر گوتی، هێزە سیاسییە باڵادەستەكان بە دوو لیست دێنە ناو هەڵبژاردنەوە، یەكەمیان بەناوی خۆیان و لەلایەن بنكە جەماوەرییەكەی خۆیان دەنگیان پێ دەدرێت، هاوكات لیستی سێبەریشیان بەناوی خۆپێشاندەرانی تشرین دامەزراندووە بە مەبەستی سەرلێشێواندنی دەنگدەر، لەوكاتەی ئەحمەد شەریفی، شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، دەبوایە خۆپێشاندەران یەك لیستی یەكگرتوویان لە هەموو عێراق هەبووایە، چونكە فرەلیستی ئەوان و یاسای نوێی هەڵبژاردن وا دەكەن ئەگەری بەدەستهێنانی كورسی پەرلەمانیان كەم ببێتەوە.

تا ئێستە 583 حزب و قەوارەی سیاسی خواستی بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردن دەربڕیوە، 120یان رەت كراونەتەوە و 17یان پاشەكشەیان كردووە، 52 باڵوێزخانە و 19 رێكخراوی نێودەوڵەتی چاودێری پرۆسەكە دەكەن، 25 ملیۆن و 139 هەزار و 375 دەنگدەری عێراقی بەشداری پرۆسەكە دەكەن و پرۆسەكەیش بەپێی یاسای بازنە جیاوازەكان بەڕێوە دەچێت.         



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل