"تا ئێستە پەكەكە رێگری لە ئاساییكردنەوەی شنگال دەكات"

:: PM:07:09:18/01/2021 ‌

دوای چەند مانگێك لە واژووكردنی رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال لەنێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان، تا ئێستە كێشە لەبەردەم جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەدا هەیە، قایمقامی شنگال روونی كردەوە كە تا ئێستە چەكدارانی پەكەكە بەسەر شارەكەدا باڵادەستن.
هێزەكانی عێراق ناتوانن پەكەكە دوور بخەنەوە و ئاوارەكانیش بەوهۆیەوە ناگەڕێنەوە
بەپێی راپۆرتێكی "عەرەبی ئەلجەدید"، مەحما خەلیل گوتوویەتی، تا ئێستە رێككەوتنی شنگال، كە لە نێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان بەر لە سێ مانگ واژوو كراوە، جێبەجێ نەكراوە، بەدەر لەوەی هیوای خواست جێبەجێ بكرێت، رای گەیاند، رێككەوتنەكە شێوەیی جێبەجێ كراوە و تا ئێستە ئەندامانی پەكەكە لە شنگالن و تەنیا جلوبەرگ و شوێنی بارەگاكانیان گۆڕیوە، بۆیە ئەوان هێزی ناعێراقین و بوونیان نادەستوورییە.

هەر لەوبارەوە بەرپرسێكی پێشووی شنگال دەڵێت، شنگال و گوندەكانی تا ئێستە بە كردەنی لەژێر دەسەڵاتی پەكەكە و گرووپە چەكدارەكانی سەر بەودان و بڵاوكردنەوەی هێزەكانی عێراق هەڕەشە و گوشاری ئەوانی كەم نەكردووەتەوە، هاوكات زۆرینەی دانیشتوانی شارەكە بەهۆی پەكەكەوە رەتی دەكەنەوە بگەڕێنەوە، بۆیە تا ئێستە هێزەكانی عێراق ناتوانن پەكەكە دووربخەنەوە. 

هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق لە 9ی تشرینی یەكەمی 2020 رێككەوتنێكی مێژووییان لەبارەی ئاساییكردنەوەی دۆخی شارۆكەی شنگال و دەوروبەری واژوو كرد، كە یەكێكە لە ناوچە كێشەلەسەرەكانی نێوان هەردوولا، بەپێی رێككەوتنەكە هێزە چەكدارە نافەرمییەكان لەو ناوچەیە دوور دەخرێنەوە، هاوكات پۆلیسی ناوخۆیی دادەمەزرێ و دەست بە ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە و رێخۆشكردن بۆ گەڕانەوەی خەڵكەكەی دەكرێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل