رووسیا بێلایەنە.. ئیسرائیل هەڕەشە لە حكوومەتی سووریا دەكات

:: PM:07:14:19/01/2021 ‌

لە ماوەی دواییدا ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەكانی بۆ سەر سووریا چڕتر كردووە، وەك پەیامێكی روون و ئاشكرا بۆ دیمەشق بەوەی تەلئەبیب لە هێرشەكانی ناوەستێت تا كاتی دیمەشق هەڵوێستی خۆی لەبارەی بوونی سەربازیانەی ئێران لەسەر خاكەكەی روون دەكاتەوە.

بەپێی زانیارییەكان بەمدواییە كۆبوونەوەیەكی سووری- ئیسرائیلی لە بنكەی ئاسمانی حمێمیمی رووسی لە سووریا بەڕێوە چووە، ئەگەرچی وەزارەتی دەرەوەی سووریا ئەو زانیاریانەی رەت كردەوە و ئێرانیش ناڕەزایەتی پێشان داوە، بەڵام سووربوونی رووسیا دووپات لە سازركدنی دەكەنەوە، سەرچاوەكان ئاماژە دەكەن كە رووسیا سووربووە لەسەر هێنانی ئیسرائیلییەكان بۆ ئەو بنكە سەربازییە، بۆ گەیاندنی پەیامێك بەوەی ئیسرائیل بەهیچ شێوەیەك بە بوونی سەربازیانەی ئێران لەسەر خاكی سووریا رازی نییە، بەتایبەتی دوای ئەوەی دەركەوت كە ئێران خاوەنی مووشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی پێشكەوتوو و وردپێكانە. 

سەرچاوەكان روونیان كردەوە، ئیسرائیل دیمەشقی لەنێوان بەردەوامبوونی هێرشە ئاسمانییەكان و وەدەرنانی ئێرانییەكان سەرپشك كردووە، لەگەڵ دووپاتكردنەوەی كە دەست لە هێزەكانی سووریایش ناپارێزن، دیپلۆماتكارێكی رۆژئاوایی دەڵێت، لایەنی رووسی سووربووە بەوەی هەڕەشەی ئیسرائیلییەكان راستەوخۆ بگاتە گوێچكەی سوورییەكان، ئەوەیش دوای ئەوەی بە دیمەشقی گوتووە كە چیتر ناتوانێ رێگری لە ئیسرائیل بكات بۆ بەرگری لەخۆكردن بەرانبەر بە مووشەكەكانی ئێران.

بەپێی ئەو دیپلۆماتكارە، رووسیا گوشارێكی زۆری لەسەر دیمەشق كردووە بۆ قەناعەتپێكردنی بە پێویستی سازكردنی كۆبوونەوە لەگەڵ ئیسرائیلییەكان، لەو گوشارانەیش راگرتنی گەیشتنی سووتەمەنییە بۆ دیمەشق، كە ئەوەیش تەنگژەیەكی مەترسیداری نەمانی بەنزین و رۆنی گەرمكردنەوە لە ناوچە جیاوازەكانی ژێر دەسەڵاتی رژێمی سووریا دروست كرد.  

حوسێن عەرنووس، سەرۆك وەزیرانی سووریا یەكشەمی رابردوو گوتی، رێگری لە حەوت كەشتی نەوتهەڵگر كراوە كە بەرەو سووریا بەڕێگاوە بوون، دوایینیان ئەو دوو كەشتییەی لە دەریای سوور كراونەتە ئامانج، ئەوەیش وای كرد بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێك دوا بكەون و بووە هۆی وەستانی پاڵاوگەی بانیاس و كەمبوونەوەی بەربووبوومە نەوتییەكان و پڕكردنەوەی پێویستی وڵات لە بەنزین و رۆنی خۆگەرمكردنەوە.
رووسیا بە دیمەشقی گوتووە ناتوانێ رێگری لە هێرشەكانی ئیسرائیل بكات
دوێنێ دووشەم سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا داوای لە ئیسرائیل كرد زانیاری پێ بدات بەوەی ئێران دەیەوێ لە خاكی سووریاوە هەڕەشەی بۆ سەر دروست دەكات، بۆ ئەوەی ئەو مامەڵەی لەگەڵدا بكات، دووپاتی كردەوە، نامانەوێ خاكی سووریا لەدژی ئیسرائیل بەكاربێت یان ببێتە گۆڕەپانێك بۆ ململانێی ئەو دوو وڵاتە، روونی كردەوە، پێوەندیمان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە و داوای لێ دەكەین هێرشەكانی بۆ سەر خاكی سووریا و لبنان رابگرێت.

چاودێران پێیان وایە بەردەوامبوونی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر پێگە جیاوازەكان لە سووریا، چەند پەیامێكی روونە بەوەی تەلئەبیب لە هێرشەكانی ناوەستێت و هەر ئامانجێك بە ئێرانی بزانێت، دیكاتە ئامانج، ئەوەیش تا ئەوكاتەی دیمەشق هەڵوێستێكی روون بەرانبەر بە بوونی سەربازیانەی ئێران یان میلیشیاكانی لەسەر خاكی ئەو وڵاتە وەك حزبەڵای لبنانی و میلیشیا عێراقی و ئەفغانستانییەكان دەرنابڕێت.  

ئەو چاودێرانە ئاماژە دەكەن ئێستە حكوومەتی سووریا لەبەردەم چەند راستییەكە، لەوانە بێتوانایی ئێران بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێكی ئیسرائیلی، هەروەها بێلایەنی رووسیایش، واتە گرەوكردن لەسەر تێپەڕبوونی كات و دروستبوونی گۆڕانكاری لە سیاسەتی رۆژئاوا هیچ مانایەكیان لەبەرانبەر ئەو سووربوونەی ئیسرائیلەوە نییە.

لە تشرینی دووەمی رابردوو بینی گانتس، وەزیری بەرگری ئیسرائیل بەتوندی دیمەشقی وریا كردەوە بەوەی لەهەر جموجۆڵێكی دوژمنكارانە دژ بە ئیسرائیل لە خاكەكەیەوە بەرپرسە، ئەو دووپاتی كردەوە، بۆ دوژمنانمان دووپات دەكەینەوە كە ئیسرائیل رێگە بەهیچ جۆرە دەستدرێژییەك بۆ سەر سەروەرییەكەی و هیچ لەشكركێشییەك نادات، بۆیە رژێمی سووریا تەواو بەرپرسە لە هەموو ئەوانەی لەسەر خاكەكەی و لەوێوە بەرەو ئیسرائیل روو دەدات.

ئێستە روونە هێرشەكانی دوایی ئیسرائیل لەسەر سنوورەكانی سووریا و عێراق بۆ دووپاتكردنەوەی ئەو راستییە بووە كە ئێران گرەو لەسەر گۆڕانی هەڵوێستی ئەمەریكا دوای هاتنی جۆ بایدن بۆ كۆشكی سپی بۆ گۆڕانی سیاسەتەكانی ئیسرائیل نەكات، كە مەبەستی رێگرتنە لەهەر بوونێكی سەربازیانەی ئێران لەسەر خاكی سووریا و دروستكردنی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تەلئەبیب.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل