سوپای ئەلیكترۆنی لە عێراق كێ بەڕێوەی دەبات؟

:: PM:06:36:20/01/2021 ‌

ئێستە عێراق بووەتە گۆڕەپانێكی كراوە و چالاكی سوپا ئەلیكترۆنییەكان، كاتێك سەتان حیسابی خەیاڵی و دروستكراو لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا پارەیەكی خەیاڵیان لێ خەرج دەكرێ و بۆ مەبەستی دیاریكراوی حزبی و تایفی و میلیشیایی سوودی لێ دەبینرێت، ئەوان گرووپێكی مەشقپێكراون و بۆ كارتێكردنی نەیار و بەرانبەر دامەزرێنراون، جیا لە ناوزڕاندن و هەڕەشەی كوشتن و بڵاوكردنەوەی دەنگۆ و شێواندنی دۆخەكە، هەموویشی بەناوی خەیاڵییەوە.
سوپایەكی رێكخراون و ژمارەی حیساباتەكانیان 20 هەزار زیاترە و هزر و رێنوێنی میلیشیاكان بڵاو دەكەنەوە
لە ماوەی دواییدا و بەتایبەتی دوای ناڕەزایەتییەكانی تشرینی 2019، واتە راپەڕینی گەنجانی ناڕازی لە حزب و میلیشیا شیعەكان، چالاك و رۆژنامەوانان لە عێراق رووبەڕووی تۆمەتباركردن و هەڕەشەلێكردن لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هاتنەوە، ئەوەیش لە رێگەی لاپەڕە و حیساباتی خەیاڵی و دروستكراوی نەناسراوەوە، هەیانە وێنەی كەسانی ناوداری هەڵگرتووە یان دروشمی میلیشیاكان، چالاكێكی مووسڵ كە ناوی نەهێنا گوتی، زۆرینەی نامەكان لە حیساباتی وا دێن كە وێنەی قاسم سلێمانی یان ئاڵای كەتیبەكانی حزبەڵایان لەسەرە، جیا لە پێوەندیی تەلەفۆنی هەڕەشەی كوشتنمان لێ دەكەن. 

ریاز حەمدانی، رۆژنامەوان دەڵێت، بۆ یەكەمجار بیرۆكەی سوپای ئەلیكترۆنی لە عێراق لە فەیسبووك لە 2010 لەسەر دەستی هەردوو حزبی ئیسلامی و حزبی دەعوە هاتە كایەوە، كە لە دوای 2003ەوە وڵاتیان بەڕێوە دەبرد و هەڕەشەیان لە رۆژنامەوانان دەكرد، لای خۆیەوە غانم عابد، توێژەری سیاسی دەڵێت، كەسانێك وا دەزانن دەركەوتنی سوپای ئەلیكترۆنی لە عێراق لەگەڵ راپەڕینی تشرینی 2019 سەری هەڵداوە یان پێوەستە بە یەكێك لە میلیشیاكانەوە، راستییەكەی ئەو سوپایە بە چاودێری و سەرپەرشتیی راستەوخۆی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە كار دەكات و دامەزراندنی بۆ 2014 دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی دوای كۆنترۆڵكردنی داعش بۆ پارێزگاكانی رۆژئاوای عێراق. 

بەپێی ئەو توێژەرە لە كاتی جەنگ لەدژی داعش، تاران ژمارەیەك لە سوپای ئەلیكترۆنی لەژێر سەرپەرشتی سوپای پاسداران لە هەموو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دامەزراند، بەمەبەستی بەداعشكردنی هەموو ئەوانەی نەیاری سیاسەتەكانی ئێرانن لە عێراق و پێشاندانیان وەك تیرۆریست یان هاوسۆز لەگەڵ تەندڕۆ و تیرۆریستان، بۆیە ئەو سەكۆیانە بەپێی ئەو پلانەی ئێران دەستیان بەكاركردن كرد، جیا لەوانە كاریان بۆ بەدرۆخستنەوە و شاردنەوەی ئەو تاوان و كوشتارگانەی میلیشیاكان لەدژی هاووڵاتییان ئەنجامیان دا، بۆیە ئەوانە سوپایەكی رێكخراون و ژمارەی حیساباتەكانیان 20 هەزار زیاترە و بیرۆكە و رێنوێنی میلیشیاكان بڵاو دەكەنەوە.

لای خۆیەوە سەیفەدین عەلی، چالاكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەڵێت، هەموو بەرپرسی كەناڵ و حیسابەكانی ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان مووچەی زۆریان هەیە، كۆبوونەوەی ئەوان لە بارەگای كەناڵە ئاسمانییەكانی سەر بە میلیشیاكانەوە دێتە سازكردن، زۆرینەی ئەو حیساباتانەی هانی كوشتن و تایفیەت دەدەن وێنەی محەمەد سادق سەدر یان ئەبو مەهدی موهەندیسیان لەسەرە، یان ناوی حەشدی شەعبی یان دروشمی 313یان هەڵگرتووە، هەیانە بەناوی كچ و ژنانی بەرگریكارە، هەروەها هەندێك لە حیساباتەكانی هانی كوشتنی چالاكان و تەقاندنەوە دەدەن، پێوەستن بە موقتەدا سەدرەوە.

لەبارەی راهێنانی ئەو سوپا ئەلیكترۆنیانەوە، حەمدانی دەڵێت، گرووپەكانی سەر بە ئێران پشت بە سوپایەكی ئەلیكترۆنی دەبەستن لە لبنان لەلایەن حزبەڵاوە راهێنانیان پێ كراوە بەمەبەستی كۆنترۆڵكردنی شەقام و لێدانی دەنگی نەیار و ناڕازییەكان لە رێگەی هەڕەشە و تۆقاندنیان، لەوانە لە نێوان ساڵانی 2017 و 2018دا تەكنیكارێكی سەر بە حزبەڵای لبنانی بۆ ماوەی هەشت مانگ راهێنانی بەڕێوەبردنی سوپای ئەلیكترۆنی بە هەزار كەس لە بنكەیەكی سەربازی لە بەغدا كرد و ئەو گرووپە ناوی "سوپای بەرگریكاری ئەلیكترۆنی"یان لێ نرا. 

رۆژنامەی "تەلەگراف"ی بەریتانی لە 2020 لە راپۆرتێكدا ئاماژەی كردووە كە حزبەڵای لبنانی راهێنانی بە هەزاران چالاكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە هەموو ناوچەكەدا كردووە، كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن و بە سوپای ئەلیكترۆنی ناو دەبرێن، روونی كردەوە، حزبەڵای لبنانی خولی فێركاری بۆ بەشداران دەكاتەوە لەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردنی دیجیتاڵی لەگەڵ وێنەكان و بەڕێوەبردنی ژمارەیەكی زۆری حیساباتی ساختە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و دروستكردنی ڤیدیۆ.

سەیفەدین عەلی چالاك دەڵێت، سەرەتا ئەوان هەڵمەتی رێكخراو دژی كەسی مەبەست دەست پێ دەكەن، بۆ لەكەداركردنی لای كەسانی نزیكییەوە، دوای ئەوە لە رێگەی هێرشكردنە سەری و سووتاندنی ماڵی و دوای ئەوانەیش بڵاوكراوە كۆنەكان بڵاو دەكەنەوە بۆ ئەوەی وەك ئەوە پێشانی بدەن شایەنی كردنە ئامانج بووە، لە دوای شۆڕشی تشرین، ئەو سوپایە گرنگی لەسەر تایفیەت چڕ كردووەتەوە لە رێگەی چەند هاشتاگێك بۆ پەرتەوازەكردنی ریزەكانی شەقامی عێراقی و لە ماوەی دواییدا چەند لیستێكیان بەناوی چالاكان هاوپێچ لەگەڵ نامەیەك بڵاو كردەوە، بەوەی عێراق لەو نۆكەر و خۆفرۆشانە پاك دەكەنەوە كە دەیانەوێ دۆخەكە بشێوێنن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل