لە سنووری سلێمانی رێگری و راوەڕووت سەرهەڵدەدات

:: PM:07:28:21/01/2021 ‌

لە سنووری سەنتەری سلێمانی و دەوروبەریدا كاری رێگری و راوەڕووت سەری هەڵداوەتەوە و تا ئێستە پێنج كەس بەو هۆیەوە گیراون.
هێزەكانی پێشمەرگەی سەر بە سكرتاریەت و ئاسایس خراونەتە ئامادەسازییەوە
سەرچاوەیەكی ئاگەدار لە رووداوەكان ئەمڕۆ پێنجشەم 21ی كانوونی یەكەم، بە "وشە"ی راگەیاند، لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا لە سنووری شارەدێی سیتەكی سەر بە پارێزگای سلێمانی، ناوچەكانی دووكانیان و دەباشان و گۆیژە، حاڵەتەكانی راوەڕووت و سەرانە وەرگرتن لە خەڵكی رووی داوە.

بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، لە دووكانیان هێزەكانی ئاسایش تەقەیان لە باندێك كردووە و ئەوان هەڵاتوون، بەوهۆیەوە هێزە تەناهییەكان خراونەتە حاڵەتی ئامادەسازییەوە، وەك سەرچاوەكە ئاماژەی كرد، لە سلێمانی و دەوروبەری، هێزەكانی پۆلیس شەوانە سووڕانەوەیان هەیە، لە سیتەك و شارباژێڕ، هێزەكانی پێشمەرگەی سەر بە سكرتاریەت و هێزەكانی ئاسایس خراونەتە ئامادەسازییەوە.

لای خۆیەوە سەركەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، لە چیای گۆیژە پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لە دوو دەرچووندا جارێك دوان و جارێك سێ كەسیان گرتووە، دووپاتی كردەوە، ئەوانەی گیراون بە فەرمانی دادوەر لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێ و بەندن، لەبارەی حاڵەتەكانی ترەوە، ئەو گوتەبێژە رەتی كردەوە هیچ حاڵەتێكی تر روویدابێت.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل