چارەنووسی خوێندن لە سنوری پارێزگەی سلێمانی لە مەترسیدایە

:: PM:05:42:19/10/2016 ‌

بەهۆی بایكۆت كردنی دەوام چارەنووسی خوێندن لە سنوری پارێزگەی سلێمانی لە مەترسیدایە پێشبینی دەكرێت خوێندنی ئەمساڵ هەژمار نەكرێت .

ئێوارەی ئەمڕۆ پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەمیانەی بەرێوەچوونی مەراسیمی دابەشکردنی دیوانی شیعری کەریم شارەزا لەشاری ھەولێر لەلێدوانێکیدا بۆ میدیاکان گووتی "لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاردراوە لەدوای وەزارەتی پێشمەرگە موچەی وەزارەتی پەروەردە دابەش بکرێت لە ئێستەشدا مووچەی مامۆستایان دابەش دەکرێت ".

وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت "ئەو شەش ملیار دینارەی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ مامۆستایان تەرخانکراوە لەداھاتوو بەسەر مامۆستایان دابەش دەکرێت".

ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند " پارەی ئاسانكاری گواستنەوەی مامۆستایان بڕیار دراوە بۆ هەموو مامۆستایەك بڕی 60 هەزار دینار بێت ئەمەش لەسەر داوای پارێزگەی سلێمانی ".

لە دواین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیار درا بە خەرجكردنی بڕی شەش ملیار دینار بۆ ئاسانكاری هاتووچۆی مامۆستایان كە لەگەڵ مووچەی مانگی 10 ئەم پارەیە خەرج دەكرێت .

سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان دەڵێت " ڕێكخراوی یونسكۆ سەر بە نەتەوە یەكگرتوەكان ساڵانە ڕاپۆرتی خۆی لەسەر پڕۆسەی خوێندن لە هەر ووڵاتێك ئامادە دەكات بەڵام ماوەی 20 ڕۆژە خوێندن لەم دەڤەرە دەستی پێنەكردوە بۆیە بە گوێرەی ڕێنمایەكانی ئەم ڕێكخراوە خوێندن لەهەر شوێنێك دوابكەوێت بۆ ماوەی دوو مانگ ئەوا ساڵی خوێندن هەژمار ناكرێت ".

لەبارەی بەردەوامی بایکۆتی ھۆڵەکانی خوێندن وەزیری پەروەردە داوای لەمامۆستایانی نارازیکرد کۆتای بەبایکۆتی خوێندن بھێنن و ھاوشانی پێشمەرگە بگەڕێنەوە ھۆڵەکانی خوێندن.



وشە - رامیار جەواد