بودجەی عێراق و پشكی كورد بۆ یەكلا نابێتەوە؟

:: PM:06:46:20/02/2021 ‌

تا ئێستە هێزە سیاسییەكانی عێراق لەبەر چەند هۆكارێكی نادیار، لەلایەك بەربەستی تێپەڕاندنی بودجەی گشتیی 2021ی عێراق و لەلایەكی تری جێگیركردنی پشكی كورد لە پڕۆژەكە دەكەن، پەرلەمانتارێكی كورد هۆكاری دیاری نەكردنی پشكی كورد و چارەنووسی پرۆژەكە ئاشكرا دەكات.

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ شەموو بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوە 50 رۆژە باسی نزیكبوونەوە لە رێككەوتنی هێزە سیاسییە عێراقییەكان لەبارەی پشكی هەرێم و گفتوگۆ لەگەڵ شاندی هەرێم دەكرێت و هەمووی درۆیە، بۆیە نازانین كە باسی نزیكبوونەوە دەكرێت مانای چییە؟

زیاتر گوتی، پڕۆژەیاسای بودجە بە دوو قۆناغدا تێپەڕیوە، قۆناغی پێش ئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە دوا بخەن و قۆناغی دوای دواخستنی، پێش دواخستنی موزایەدەی زۆری هەڵبژاردن كرا و گوتیان دەبێت كۆنترۆڵی بیرە نەوتەكانی هەرێم بكەین و تەواوی دۆسیەی نەوت رادەست بكرێت، دوای دواخستنی هەڵبژاردن، موزایەدە نەما و نەرمییەك دروست بوو.

ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، دوای ئەوە بابەتی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق هاتە كایەوە، كە بێ كورد یەكلا ناكرێتەوە، موقتەدا سەدر دەیەوێت سەرۆك وەزیران لە سەدرییەكان بێت، بۆیە نەرمییەك دروست بوو، هەروەها هادی عامریش دەیەوێت ببێتە سەرۆك وەزیران و ئەویش نەرمییەكی نواند، جیا لەوان نووری مالیكیش هەمان خواستی هەیە، بەڵام ئەوانیتر زووتر پێوەندیان كرد و رەنگە رێككەوتن بۆ ئەو مەبەستە هەبێت، بۆیە مالیكی ئاڵۆزی دروست كرد.
ئەگەر هەیە پشكی كورد هەمانشێوەی پێشوو بێت و تەنیا دەربڕینەكەی بگۆڕن
"بابەتەكە ئێستە نەرمییەك لەلایەن بەغداوە پەیدا بووە، بەڵام لەبەر شەقام كەس حەزی بەوە نییە ئەو نەرمی نواندنە بەناوی ئەوەوە بێت، چونكە گلەیی دەكرێت، نەرمییەكەیش ئەوەیە هەر بە 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رازی بوونە، ئەگەر ئێستە بڵێن رازین، پرسیار دەكرێت كە بۆچی مانگێكە رازی نەبوونە؟، ئەو موزایەدەی كراوە لەپای چی بووە؟، بۆیە ئێستە كام سەركردەی شیعە هەیە ئامادە بێت ئەو قسەیە بكات و بەرگەی ئەنجام لێكەوتەكەی بگرێت؟، بۆیە لەوانەیە بگەنە دەقێك هەمان دەرەئەنجامی هەبێت و تەنیا دەربڕینەكە جیاواز بێت و ژمارەی تیادا نەبێت"، جەمال كۆچەر وای گوت.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لەبارەی وادەی تەواوبوونی پڕۆژەكە و دەنگدان لەسەری روونی كردەوە، ئەگەر ئەم هەفتەیە پڕۆژەكە تەواو نەبێت، دەپرسین كە كەی تەواو دەبێت؟، دەبێت وادەیەك هەبێت و  ئەوان وەڵامی بدەنەوە، كە 50 رۆژە وەڵامیان نییە و كاتی هاتووە وەڵامیان هەبێت، یان دەقێك دابنێن و یان بێ كورد پڕۆژەكە تێپەڕ بكەن یان ئەوەی لە بودجە دانراوە دەنگی لەسەر بدەن، وەك پەرلەمان هیچ ناكەین، چونكە دۆسییەكە بووەتە سیاسی و لەلایەن پەرلەمانتارانەوە یەكلا نابێتەوە. 

كۆچەر دەڵێت، تا ئێستە هێزە سیاسییە شیعەكان بەدەر لەوەی لە یاسای بودجەی 2021 كە لەلایەن حكوومەتەوە رەوانە كرابوو بۆ پەرلەمان، هیچی تریان نەخستووەتە روو، هەرلایەنێكیان شتێكی جیاوازی لەوەیتر دەوێت، هەر لە یەكەم رۆژی گەیشتنی پڕۆژەكە بۆ پەرلەمان، ناكۆكیی لەناو ماڵی شیعەدا دەستی پێ كردووە و ئەوانن بابەتەكەیان ئاڵۆز كرد و دەنگدانیان لەسەر پڕۆژەكە دواخستووە، هاوكات هیچ شوێنگرەوەیەكیان بۆ دەقەكەی پێوەست بە بودجەی هەرێم پێشكەیش نەكرد.

لای خۆیەوە گاتع روكابی، پەرلەمانتار لە لیستی دەوڵەتی یاسا گوتی، گفتوگۆ سیاسییەكان بۆ یەكلاكردنەوەی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق بەردەوامە و هەموو هێزە سیاسییەكان خوازیارن ناكۆكییەكان لەبارەی بودجە كۆتایی بێت، لەوانە پێوەست بە پشكی هەرێمی كوردستان.

زیاتر گوتی، تا ئێستە گفتوگۆ و دانوستان لە نێوان هێزە سیاسییەكان و شاندی حكوومەتی هەرێم بۆ یەكلاكردنەوەی كۆتایی ئەو بابەتە بەدەوامە، هەموو هێزە سیاسییەكان دەیانەوێت ئەم هەفتەیە بابەتەكە یەكلا بكرێتەوە، بۆیە 48 سەعاتی داهاتوو وادەی دەنگدان لەسەر یاسای بودجە یەكلا دەكاتەوە.  

كۆتایی هەفتەی رابردوو ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی، هێزە سیاسییەكان گەیشتوونەتە رێككەوتنێكی نیوچە كۆتایی لەبارەی دەقێكی نوێ بۆ پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق، دووپاتی كردەوە، رێككەوتنەكە هەردوو حكوومەتی فیدراڵ و هەرێم رازیكەرە و ئێستە لێكگەیشتن لەبارەی داهاتی نەوتی هەرێم و داهاتەكانی تر و پشكی هەرێم لە بودجەدا هەیە.

دلێمی پێشبینی كرد لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا دەنگ لەسەر بودجە بدرێت، ئەوەیش دوای نووسینەوەی رێككەوتنی كۆتایی لە چوارچێوەی مادەی 10 لە یاسای بودجە و كۆتاهاتن لە داڕشتنەوەی خشتە و هاوپێچەكانی تر.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل