نه‌هرۆ كه‌سنه‌زانی... ئەو عارفەی دەیەوێ ببێتە ئۆشۆی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

:: PM:04:18:27/02/2021 ‌
رۆژی چواری تەمووزی ساڵی 2020، شێخ محەمەد کەسنەزانی رابەری تەریقەتی کەسنەزانی لە سلێمانی بەخاک سپێردرا و نەهرۆ محەمەد عەبدولکەریم کوڕی، وەک شێخی ئەو تەریقەتە بوو بە جێگرەوەی باوکی، بەڵام شێخ نەهرۆ لە یەکەم رۆژەکانی دەستنیشانکردنی نموونەیەکی جیاوازتر لە باوکی و رەچەیەکی نوێی بۆ تەریقەتی کەسنەزانی کردەوە.
رەچەیەکی نوێی بۆ تەریقەتی کەسنەزانی کردەوە

تەریقەت لە کوردستان لە ناوەڕاستی سەدەی رابردوو رووی لە پاشەکشێ کرد، سەرهەڵدانی رەوتی کۆمۆنیزم و ئیسلامی فەندەمێنتاڵ وەک دوو هۆکاری پاشەکشە پێ کردنی ئەو رێبازە نەرمتەوەرە هەژمار دەکرێن. دروستبوونی دەوڵەتی مۆدێرن و سەرهەڵدانی شۆڤێنیزمی دەوڵەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گرژییەکانی لەو ناوچەیە هەڵکشاند و توندئاژۆیی ئایدیۆلۆجی و ئاینی، شوێنی بە تەسەوف و تەریقەت لێژ کرد.

ئەو رەوتە پێشتر لە هیندستانیش ئەزموون کرابوو، لە دوای داگیرکردنی ئەو وڵاتە لەلایەن بەریتانیا، شۆڕش بۆ سەربەخۆیی دەستی پێ کرد و بزووتنەوەی رزگاریخوازیی تا ئاستێكی بەرچاو ئەو وڵاتەی کە بە پایتەختی عیرفان لە دنیا ناسراوە لە تەسەوف دوور خستبۆوە، هیندستان کە زۆرینەی دانیشتووانی بە ئاین هیندو و لە جەوهەردا نەرمونیان بوون، لە نێوان دوو شێوە خەباتی چەکداری و ناتوندوتیژدا، بە ململانێیەکی قورسدا تێدەپەڕی.

هەموو ئەوانە وایان کردبوو تەسەوف لەو وڵاتە تا ئاستێك بەرەو کاڵبوونەوە بچێت، هەرچەنده‌ مهاتما گاندی توانی بە شێوەیەک ئەو هاوسەنگییە راست بکاتەوە و بە رازیبوون بە جیابوونەوەی پاکستان لە وڵاتەکەی، دوای رزگاری لە ژێردەستەیی بەریتانیا، جارکی تر عیرفان لە پەڕاوێزەوە هاتەوە ناو کایە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام چیتر نەیتوانی ئەو بەها و سەنگەی جارانی بگێڕێتەوە و سیستمێکی سیاسیی لەو وڵاتە دروست بوو کە بە کارتێکەری سەردەمی داگیرکاری ئیمپراتۆری بەریتانیا گۆش کرابوو و نا راستەوخۆ رێی بە گەشەکردنی عیرفان لە وڵات نەدەدا.
رێچکەیەکی نوێ و سەردەمیانەی بۆ رزگارکردنی عیرفان لەو فەزا خنکاوە سیاسییە پێڕەو دەکرد

لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم، عارفێکی گەنج لە هیندستان هەڵکەوت کە شوێنکەوتووی زۆر بوو، ئەو عارفە رێچکەیەکی نوێ و سەردەمیانەی بۆ رزگارکردنی عیرفان لەو فەزا خنکاوە سیاسییە پێڕەو دەکرد، کۆشکی گەورە و ئۆتۆمبێلی گرانبەها و فڕۆکەی تایبەتی هەبوو، بە پێچەوانەی هەموو عارفەکانی پێشوو کە ژیانی هەژاری و رەبەنییان کردبووه‌ پیشە، ئەو موژدەی ژیانێکی جیاوازی بە شوێنکەوتووانی دەدا.

راجنیش چاندرا موهان جین "عارف و فەیلەسوف و پیر و مامۆستای زانکۆ" ئەو پیاوه‌ بوو کە ناسناوی باگوان شێری راجنیش ئۆشۆی لەلایەن شوێنکەوتووانییەوە پێ بەخشرا، لەگەڵ پێڕەوکردنی ئەو رێچکە نوێیە حکوومەتی هیندستان بە پاڵپشتی کۆمەڵێک لە عارفانی هیند دژی وەستانەوە و بە ناچاری ساڵی 1980 لە ویلایەتی ئۆریجنی ئەمەریکا زەوییەکی 256 دۆنمی کڕی کە ئەمه‌ریکاییەکان لایان وابوو، ئەو شوێنە شیاوی ژیان و نیشتەجێبوون نییە.

ئۆشۆ سەرەتا شوێنکەوتووانی کە بە سانیاسین ناسرابوون، ناردە ئەمەریکا بۆ ئەوەی شارێک لەناو ئەو زەوییە فراوانە دروست بکەن کە کڕیبووی، ئەوان بەنداوێکی گەورە و فڕۆکەخانە و وێستگەیەکی گەورەی کارەبا و ئاشرام "پەرستگە"یەکی گەورەیان دروست کرد کە هۆڵەکەی 10 هەزار کەسی جێ دەکردەوە. ئەو رووداوە سەرنجی سەرجەم ویلایەتەکانی ئەمەریکای بۆ لای ئۆشۆ و شێوازە نوێیەکەی راکێشا، دەنگۆی ئەوە هەبوو کە زیاد لە 500 هەزار شوێنکەوتووی لە دنیادا هەیە.
ئۆشۆ لەپێش ئاشرامەکەی 90 ئۆتۆمبێلی گرانبەهای رۆلز رۆیزی ریز كردبوو

ئۆشۆ لەپێش ئاشرامەکەی 90 ئۆتۆمبێلی گرانبەهای رۆلز رۆیزی ریز كردبوو، کۆمەڵێک سەعاتی گرانبەها لەناو جامخانەیەک خستبووه‌ ڕوو کە زۆربەی دەوڵەمەندەکانی ئەمەریکایش توانای ئەوەیان نەبوو یەک لەو سەعات و ئۆتۆمبێلانە بکڕن.

شوێنکەوتووانی ئۆشۆ لە ئەمەریکا تا دەهات رووی لە هەڵکشان دەکرد، رۆژانە ئەمەریکاییەکان بەرەو ئاشرامەکەی دەرۆیشتن و کەمپەکەی حەوت هەزار کەسی لێ نیشتەجێ بوو، ئەوکات کەنیسە هێشتا هه‌ژموونی بەسەر دەسەڵاتی سیاسیی ئەمەریکاوە مابوو، ئۆشۆ بە سوودوەرگرتن لە ناڕەزایەتی خەڵک لە کەنیسە و دەسەڵاتی سیاسیی، وتارەکانی بە شێوەیەک رێک دەخست بۆ ئەوەی سەرنجی ئەو خەڵکە ناڕازییە بەلای پەیامەکەیدا رابکێشێت.

ئەوە مەترسییەکی گەورە بوو بۆ دەسەڵاتی رۆناڵد رەیگانی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمەریکا، رەیگان بە پشتیوانی دەسەڵاتی کەنیسە کۆمەڵێک تۆمەتی ئاراستەی ئۆشۆ و شوێنکەوتووانی کرد، یەک لەو تۆمەتانە رێکخستنی هاوسەرگیری شوێنکەوتووانی لە دەرەوەی نەریتی ئاینی مەسیحی بوو، ئۆشۆ بەوە تۆمەتبار کرابوو کە بۆ چارەسەر رووی لە ئەمەریکا کردووە، بەڵام بە یەکجاری لەوێ ماوه‌ته‌وه‌.
باری نەریتە کۆنەکانی مێژووی مرۆڤایەتی و ئاڵۆزی ژیانی سەردەم قورسایی زۆریان خستووەتە سەرشانی ئێمە

ئەو عارفە لە کتێبی "ئەمەریکای رۆناڵد رەیگان"دا دەڵێ، ئەمەریکا وڵاتێکی گەنجە، بارگاوی نییە بە بەها و نەریت و ئاینە هەزار ساڵییەکان، وڵاتێک کە ئامادەیی ئەوەی تێدایە ببێت بە نموونەی مرۆڤێکی نوێ، مرۆڤێک کە ئازاد بێت لە هەموو ئەو مێژووەی قوورسایی لەسەرشانی هەموومان داده‌نێ، هەمان ئەو مرۆڤە باڵایەی زەردەشت و نیچە خەونیان پێوە بینیوە.

ئۆشۆ عیرفانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیای لە فەوتان رزگار کرد و رێچکەیەکی نوێی بۆ دۆزییەوە، توانی نەک لە هیندستان رزگاری بکات، بەڵکو بە تێکهەڵکێشکردنی بەها سەردەمییەکان و بە خوێندنەوەی نوێ، عیرفان لە قاڵبی نوێدا بە جیهانیی بکات، به‌ڵام دواتر ئەمەریکا ئۆشۆی بە تاوانی پێشێلکردنی یاساکان گرت، تاوانگەلی وەک دروستکردنی کوتلەی سیاسیی و هەوڵدان بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات و دواجار رەوانەی هیندستانی کردەوە.
توندئاژۆیی ئاینی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتووەتە ئەوپەڕی خۆی

پێنج ساڵ دوای گەڕانەوەی بۆ ئەمەریکا، لە ساڵی 1990 ئۆشۆ لە ئاشرامەکەیدا کۆچی دوایی کرد، ئەو پێی وابوو، باری نەریتە کۆنەکانی مێژووی مرۆڤایەتی و ئاڵۆزی ژیانی سەردەم، قورسایی زۆریان خستووەتە سەرشانی ئێمە، بۆیە مرۆڤی ئێستە بەر لەوەی پێویستی بە ئارامی دەروونی و تێڕامان بێت، ناچارە پاکسازییەکی بنەرەتی لەناو خۆیدا بکات.

ئەو عارفە درکێکی نوێی بۆ مرۆڤی سەردەم هەبوو، بۆیە شێوازێکی ئەمڕۆیی و گونجاو لەگەڵ مرۆڤی سەردەمی لە عیرفان هەڵێنجا و تێکهەڵکێشی بەها نوێیەکانی دنیای کرد و بە ناوی "تێڕامانی گەشەکردوو" بەرگێکی نوێی بە بەژنی تەسەوفدا کرد، بەشکم بتوانێت مرۆڤ لەو رەوتە خێرایە هێور بکاتەوە کە بەرەو توندوتیژی و تاریکی گرتوویەتیە بەر.

ئەو توانی لە نێوان توندئاژۆیی ئاینی و ئایدیۆلۆجی و تووڕەیی مرۆڤی بێ ئامانجدا، میتۆدێک لە دنیا نەرمونیانەکەی عیرفان هەڵێنجێ کە پڕاوپڕ بۆ بەری مرۆڤی ئەو سەردەمە جەنجاڵ و وەک خۆی دەڵێ، پڕ لە ئاڵۆزی و بارگرانە بێت و توانی دەروونی ئاوسبووی سەدان هەزار مرۆڤ بەو هەموو رەشبینی و نەهامەتییە، بگەیەنێتە کەنارێکی ئارام.
شێخ نەهرۆ کەسنەزانی هەلی ئەوەی بۆ رەخساوە بەرگەکە پێچەوانە بکاتەوە

ئێستە زیاد لە نیو سەدەیە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شەڕ و توندوتیژیدا تێدەپەڕێت، توندئاژۆیی ئاینی لەو ناوچەیە گەیشتووەتە ئەوپەڕی و رۆژانە هەزاران کەس بە ناوی ئایدیۆلۆجیای جۆراوجۆرەوە گیان لەدەست دەدەن، لە دوای هێرشی سەر ئەفغانستان و رووخانی تاڵیبان و رژێمی بەعسی عێراق و بەهاری عەرەبی و شەڕی ناوخۆی سووریا و یەمەن و زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە، وڵاتانی رۆژئاوا گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی زەبری سەربازی و بڵاوەپێکردنی چەکدار، ناتوانێ ئەو كه‌فوکوڵە توندئاژۆییە دامرکێنێتەوە.

دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا دوای سێ دەیە لە ژەهراویکردن و ناردنەوەی ئۆشۆ بۆ هیندستان، تازە پەی بەوە دەبەن كه‌ عیرفان ئەوە نەبوو لە کەنیسەکانەوە بۆیان باس دەکرا و دوای سێ دەیە لە ساڵی 2005 باوەشیان بۆ "سادگورو" کردەوە بۆ ئەوەی گەورەترین ئاشرامی یوگی لە ویلایەتی تێنسی ئەمەریکا بکاتەوە.

دوای ئەو هەموو کوشتن و توندئاژۆییەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هیچ یەک لە ئامرازەکانی شەڕ و توندوتیژی نەیانتوانی ئەو دۆخە دامرکێننەوە، بۆیە هاوشێوەی نیو سەدەی رابردووی هیندستان، رەنگە ئێستە تروسکاییەک هەبێ بۆ ئەوەی مرۆڤەکان لە دەروونەوە لەو بیرە توندئاژۆییە رزگار بکات، رەنگە ئەو تروسکاییەی لە ناوچەکە هەیە تەریقەت بێت کە سەرچاوەکەی لە کوردستانە.
شێخە نوێیەکە نایەوێ ئەو رێ کۆن و تاقیکراوەیەی باپیرانی بگرێتە بەر

لە دوای کۆچی دوایی شێخ محەمەد کەسنەزانی، رابەری پێشووی تەریقەتی کەسنەزان "قادری" کە هەر بە فۆڕمە کلاسیکەکەی باوباپیرانی مامەڵەی لەگەڵ ئەو رەهەندە مەعنەوییە دەکرد، به‌ڵام شێخ نەهرۆ کەسنەزانی هەلی ئەوەی بۆ رەخساوە بەرگەکە پێچەوانە بکاتەوە و تەریقەت لە قوژبنی خانەقا شەرمنەکانەوە بهێنێتەوە ناو ژیانی رۆژانە و بەرچاوی خەڵک و بە دۆزینەوەی رێچکەیەکی نوێ  و تێکهەڵکێشکردنی ئەو تەریقەتە بە بەها سەردەمییەکان، بیکاتە جێگرەوەیەکی مرۆیی بۆ توندئاژۆیی و ئایدیۆلۆژیا داپڵۆسێنەرەکان.

لە یەکەم دەرکەوتنی دوای جێگرەوەی باوک، کۆمەڵێک ئاماژە بەدی کران کە پێشانی دەدات شێخە نوێیەکە نایەوێ ئەو رێ کۆن و تاقیکراوەیەی باپیرانی بگرێتە بەر. شێخ نەهرۆ تووڕەیە لەوەی ئێران بەناوی دینەوە رۆژانە لە ناوچەکە خوێن دەڕێژێت و پشتیوانی لە پڕۆژەی ئەمەریکا دەکات بۆ لاوازکردن و تەنانەت لەباربردنی دەسەڵاتی ئاینی لە ئێران، بۆ عێراق پڕۆژەی خۆی پێیە و دەڵێ، تەریقەت کە هەردوو ئاینزای شیعە و سوننە دەتوانێت لەخۆیدا جێ بکاتەوە، تاکە ئەلتەرناتیڤە بۆ ئەو دۆخە نالەبارە سیاسییەی ئێستەی عێراق.

ئەو بە دانانی پێ لە شوێنپێی ئۆشۆ، دەیەوێ بە نەوەی تازە بڵێ، تەریقەت رەهەندێکی مەعنەوی هەیە و نایەوێ لە دنیا و خۆشگوزەرانی ژیان داتبڕێنێت، لە عومانی پایتەختی ئوردن کۆشکێکی گەورەی بۆ نیشتەجێبوون هەڵبژاردووە و لەگەڵ خانمە ئەستێرەی ناسراوی سووری "نورما ئەسعەد" هاوسەرگیری کردووە، لە کاتی بانگەوازەکەی بۆ ناشتنی تەرمی شێخی باوک، کۆمەڵێک گەنجی لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بانگهێشت کرد کە سیمایان بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگ بوو بە جێی باسی میدیا و سۆشیال میدیای کوردستان. 
دەیەوێ تەریقەت لە قوژبنی خانەقا شەرمنەکانەوە بهێنێتەوە ناو ژیانی رۆژانە و بەرچاوی خەڵک

شێخ نەهرۆ لە هەولێریش ڤێلایەکی بە بەهای 15 ملیۆن دۆلار کڕی، ئەوە سەرەتای گەیاندنی ئەو پەیامە بوو کە سێ دەیە لەمەوبەر ئۆشۆ بە ئەمەریکاییەکانی گەیاند، پەیامێک پێچەوانەی ئەو تێڕوانینەی لە ئەدەبیاتی کلاسیکەوە بە ئێمە گەیشتبوو و شێخ لای ئێمە بە کەسێکی مشەخۆر و بار بەسەر کۆمەڵگەوە هێما دەکرا کە لەسەر سکی شوێنکەوتووانی دەژی، لێرەوە سیمایەکی نوێ لە تەریقەت چووە ناو زەینی تاکی کورد، کە هەر لە مەحوییەوە تا مەلای گەورە و هەژار موکریانی پێچەوانەکەیان خستبووه‌ ناو خەیاڵی تاک بە تاکی ئێمەوە.

تەریقەت لە کوردستان رەهەندێکی رۆحی و دروونی بڕواداران بووە بۆ خواپەرستی و هەمیشە دوور بووە لە رق و توندئاژۆیی، لەو سەردەمە کە ئیسلامی سیاسیی و توندئاژۆیی دینی کۆمەڵگەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لە ژیان بەتاڵ کردووەتەوە، بەرجەستەکردنەوەی ئەو رەهەندە دەروونییە بە فۆڕم و ناوەڕۆکێکی سەردەم، ئەلتەرناتیڤێکی کاریگەر دەبێت بۆ وەستاندنی پەڕگیری و گەڕانەوەی ژیان و ئارامی بۆ تاک.

ئێستە عیرفان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا و بە دیاریکراوی لە هیندستان، لەو سەردەمەی ئۆشۆدا چەقی نەبه‌وەستووە و عارفێکی گەورەی وەک سادگورو کە زیاد لە یەک لەسەر حەوتی دانیشتووانی زەوی پێڕەی ئامۆژگارییەکانی دەکەن، تەنیا خزمەت بە رەهەندی دەروونی خەڵکەکەی ناکات و کۆمەڵێک پڕۆژەی گەورەی مرۆیی وەک گەڕاندنەوەی ژیان بۆ گوندەکان و بەهێزکردنی ئابووری بچووک و پێدانی قەرز بۆ کەسانی خاوەن بەهرە بۆ ئەوەی ببن بە خاوەن پیشەی خۆیان و چالاکی ژینگەیی و بە خوێندەوارکردنی منداڵانی هەژار لە سەرانسەری دنیا، توانیویانە دنیایەکی هێندەی تر رەنگاوڕەنگ لە عیرفان، پێشانی دنیا و نەوەی سەردەم بدەن.

تەریقەتی عالیەی قادری کەسنەزانی دەتوانێ لەژێر رێبەرایەتی ئەو پیرە نوێیەیدا کۆمەڵێک چاکسازی ریشەیی بکات و نەک تەنیا بە رەچاوکردنی تەکنیکە رووکەشەکانی ئۆشۆ، بەڵکو بە رەچاوکردنی ئەو خزمەتە مرۆیی و ژینگەییانەی سادگورو لەژێر کەپری دامەزراوەی "ئایشا" پێشکەشی مرۆڤایەتی دەکات، بەربەستێکی گەورە لە بەردەم بیری توندوتیژی ئاینی و ئایدیۆلۆجی لەو ناوچەیە دروست بکات.


وشە - هیدایه‌ت جان