كۆبوونەوەكەی بەغدا هیچ ئەنجامێكی نەبوو

:: PM:08:31:02/03/2021 ‌

وەك بڕیار بوو دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆن و لیژنەكانی پەرلەمان كۆ بووەوە و چەند پرسێكی گرنگیان تاوتوێ كرد، بەڵام كۆبوونەوەكە بێ هیچ ئەنجامێك كۆتایی هات.
لیژنەی دارایی دوایین دەقی یاسای بودجە بداتە فراكسیۆنەكان بەر لە دیاریكردنی وادەی دەنگدان
نووسینگەی راگەیاندنی د بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ سێشەم لە بەیاننامەیەكدا روونی كردەوە، دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كۆبوونەوەیەكی فرەوانی بە ئامادەبوونی محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمان و هەردوو جێگرەكەی لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆن و لیژنەكانی پەرلەمان ساز كرد بۆ باسكردنی كاری پەرلەمان لەو قۆناغەدا.

زیاتر هاتووە، لە كۆبوونەوەكە پێداچوونەوە بە پڕۆژەبڕیارەكان و هەمواركردنە پێشنیازكراوەكان لەپێشەوەیان هەردوو یاسای بودجەی و دادگای فیدراڵ كرا، لە كۆبوونەوەكەدا حەداد ئاماژەی كرد، بودجە یەكێكە لە یاسا گرنگەكان و پێویستە گۆڕانكارییەكانی تیایدا دەكرێت بەپێی دەستوور بێت، هەروەها پەسندكردنی دادوەرانە و بەپێی بەرژەوەندیی هەموو پێكهاتەكانی گەلی عێراق بێت.

ئاشكرای كرد، دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان لە چەند رۆژی داهاتوودا گفتوگۆ لەگەڵ فراكسیۆنەكان دەكات بۆ خستنەڕووی پێشنیاز و گۆڕانكارییەكانی لە بڕگە و مادەكانی یاساكەدا كراوە، بەمەبەستی پێڕەوكردنی رێوشوێنە یاساییەكان، داوایشی لە لیژنەی دارایی كرد كە دوایین دەقی یاسای بودجە بداتە هەموو فراكسیۆنەكانی پەرلەمان بۆ ئاگەداربوون، بەر لە دیاریكردنی وادەی دەنگدان و پەسندكردنی لە دانیشتنەكانی داهاتووی پەرلەماندا.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل