خێزانێكی كورد رازی بوون رۆڵەكەیان بمرێت بۆ ئەوەی پێنج كەسی تر بژین

:: AM:10:46:03/03/2021 ‌
ئەندامانی جەستەی هاووڵاتییەكی رۆژهەڵاتی كوردستان كە تووشی ئیفلیجیی مێشك بووبوو و هیچ ئومێدێك بۆ ئەوە نەمابوو دووبارە بەهۆش بێتەوە، بەخشرانە كۆمەڵێك نەخۆش و مردنی ئەو هاووڵاتییە گیانێكی تری بەو نەخۆشانە بەخشییەوە.

ناسر قەهرەمانی دیهبوكری خەڵكی گوندێكی بۆكانە و تەمەنی 42 ساڵە، بەڵام لەم چەند ساڵەی دوایی تووشی نەخۆشیی بربڕەی پشت بوو و دوای ئەوەی نەشتەرگەری بۆ كرا، بەهۆی خوێنبەربوون مێشكی بە تەواوی لەكار كەوت، بەڵام ئەندامانی جەستەی ئیشیان دەكرد.

خێزانی ناسر دوای چەند ساڵ بەوە رازی بوون، سەرجەم ئەندامانی جەستەی كوڕەكەیان پێشكەشی ئەو نەخۆشانە بكرێت بەهۆی كێشەی جەستەیی مەترسی مردنیان لەسەرە.
دوو گورچیلە و دڵ و جەرگ و فاتەڕەشەی پێشكەشی پێنج كەس كراوە

محەمەد عەباسی بەڕێوەبەری تەندروستی بۆكان باسی لەوە كردووە، دوو گورچیلە و دڵ و جەرگ و فاتەڕەشەی پێشكەشی پێنج كەس كراوە، ئەمەش سێییەم حاڵەتی پێشكەشكردنی ئەندامانی جەستەیە كە لەمساڵدا لە بۆكان تۆمار دەكرێت.

بەگوێرەی ئیرنا، ئەو روونی كردەوە ئەو نەخۆشانەی مێشكیان ئیفلیج بووە، بە هیچ شێوەیەك دووبارە بەهۆش نایەنەوە و زیندووبوونیشیان بە ئامێرێكی پزیشكی گرێ دراوە و ئەگەر ئامێرەكە لەسەریان بكوژێتەوە، دوای چەند چركەیەك گیان لە دەست دەدەن.

وەك زیاتر خستیەڕوو، جگە لە دڵ و گورچیلە و جەرگ و فاتەڕەشە، هەریەك لە ئەندامانی سییەكان، ریخۆڵە، گەدە و دەمارەكانی دڵ و تەنانەت ئێسك و پێست و چاویش پێشكەش بە نەخۆشانی تر دەكرێن.


وشە - سلێمان تاشان