پۆلیسی و ئاسایش بەدوای ئه‌م گەنجه‌دا دەگەڕێن

:: PM:10:01:26/02/2017 ‌
چوار رۆژە گەنجێكی 22 ساڵانی دانیشتووی سنووری شارۆكەی سۆران بێ سەر و شوێنە و پۆلیس و ئاسایشی هه‌موو كوردستان به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێن.

نەقیب هاوار ئەرگۆشی گووتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند" گەنجێكی تەمەن 22 ساڵ بە ناوی (هەڵكەوت تاهیر) دانیشتووی شارەدێی خەلیفان سەر بە شارۆكەی سۆران ماوەی چوار رۆژە لە ماڵ هاتۆتە دەرەوە و تاكو ئێستا نەگڕاوەتەوە و هیچ كەسێكیش سۆراغی نازانێت".

گووتەبێژی پۆلیسی سۆران ئاشكرای دەكات "لەلایەن كەس و كارەكەی هەواڵی دیار نەمانی بە ئێمە دراوە و  لە رێگەی بڵاوكردنەوەی وێنە و زانیاری ئاگاداری پۆلیس و ئاسایشی سەرجەم كوردستان كراوەتەوە و تاكو ئێستاش هیچ سەرەداوێكمان دەست نەكەوتووە".

ئاماژەی بەوەشدا "كەس و كارەكەی گومانییان لە هیچ كەس نییە و سكاڵاییان لەسەر كەس تۆمار نەكردوە".

 بەپێی قسەی ماڵباتی هەڵكەوت تاهیر كە قوتابی لە كۆلیژی شەریعە بووە لە زانكۆی سەڵاحەددین بەهۆی تووش بوونی بە نەخۆشی دەروونی ساڵێكە لە خوێندن دەرهێنراوە و ئیستاش ماوەی چوار رۆژە دیار نەماوە، نەقیب هاوار ئەرگۆشی گووتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران وای گوت.

ئه‌رگوشی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، گشت بنكەكانی سنووری بەڕێوەبەرایەتییمان ئاگادار كردۆتەوە و بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی ئەو گەنجە بەردەوامە، هەر زانیاریەكمان دەست بكەوێت ماڵباتەكەی ئاگادار دەكەینەوە.
سۆران: موڕشید برادۆستی 


وشە - عه‌لی سدیق