پاپای ڤاتیكان له دوایه‌مین لێدوانی ئه‌مڕۆ دووپاتی له سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه كه بڕیاره ڕۆژی هه‌ینی به سه‌ردانێكی فه‌رمی بگاته عێراق.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م سێی ئادار، پاپای ڤاتیكان له گوتارێكیدا ڕای گه‌یاند: "ڕۆژی هه‌ینی به ویستی خودا سه‌ردانی عێراق ده‌كه‌م''.
زیاتر گوتی، "نیازی سه‌ردانه‌كه‌م بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر ده‌گه‌ڕێته‌وه و ویستم هه‌یه سه‌ردانی ئه‌و خه‌ڵكه بكه‌م كه زۆر ئازاریان پێ چه‌شتووه''.
بڕیاره ڕۆژی هه‌ینی پێنجی ئادار پاپای ڤاتیكان بگاته فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا و له‌لایه‌ن مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق پێشوازیی لێ بكرێت، دواتر به‌ره‌و كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق به‌ڕێ ده‌كه‌وێت و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆمار كۆ ده‌بێته‌وه، پاشان ده‌چێته كه‌نیسه‌ی "سه‌یده نه‌جات"ی سریانی كاسۆلیك له به‌غدا.
ڕۆژی شه‌موو شه‌شی ئاداریش به‌ره‌و پارێزگای نه‌جه‌ف به‌ڕێ ده‌كه‌وێت، له‌وێ چاوی به ئایه‌توڵا عه‌لی سیستانی ده‌كه‌وێت. پاشان به‌ره‌و شاری ئوور به‌ڕێ ده‌كه‌وێت. ڕۆژی یه‌كشه‌م حه‌وتی ئادار، به‌ره‌و هه‌ولێر به‌ڕێ ده‌كه‌وێت و له فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر له‌لایه‌ن به‌رپرسانی باڵای كوردستان و ئاینی پێشوازی لێ ده‌كرێت، هه‌ر ئه‌و ڕۆژه ده‌چێته مووسڵ و نوێژ بۆ قوربانیانی جه‌نگی تیرۆر و ئازادبوونه‌وه‌ی ناوچه‌كه ده‌كات. دوای ئه‌وه ده‌چێته كه‌نیسه‌ی "تاهیره"ی گه‌وره له قه‌ره‌قووش.
هه‌ر هه‌مان ڕۆژ ده‌گه‌ڕێته‌وه هه‌ولێر و ئاهه‌نگی عه‌سری یه‌كشه‌می كریستیان له یاریگه‌ی شه‌هید فره‌نسۆ هه‌ریری ده‌گێڕێت و به ئاماده‌بوونی 10 هه‌زار كه‌س، پاپا نوێژێكی ئاینی ئه‌نجام ده‌دات.
ڕۆژی دووشه‌م هه‌شتی ئادار، ده‌گه‌ڕێته‌وه به‌غدا و له‌وێ ڕێوڕه‌سمی ماڵئاواییكردنی به‌ڕێوه ده‌چێت.