حدکا پەیامێک ئاراستەی جاشەکان دەکات

:: PM:03:15:27/02/2017 ‌

كۆمسیۆنی تەشكیلاتی حزبی دیموكراتی کوردستانی ئێران پەیامێكی ئاراستەی چەکدارە کوردەکانی سەر بە رژێمی ئێران کرد کە بە جاش ناسراون.

بەگوێرەی پەیامەکە کە لە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەکە "کوردستان میدیا" بڵاو کراوەتەوە داوا لە جاشەکان کراوە واز لە خەیانەت بە گەل و نیشتمانەكەیان بهێنن و سەنگەرەكانیان لە بەرەی داگیركەرەوە بگوازنەوە بۆ بەرەی گەل. 

لەبەشێکی پەیامەکە باس لەوە کراوە کە  دیاردەی چەكداركردنی تاكەكانی كورد لە لایەن دوژمنانەوە، یان چوونەپاڵ ئەم سیاسەتە بە هەر مەبەستێك بووبێت، زەبر و زیانێكی قورسی لە پەیكەری بزووتنەوەی سیاسی کورد داوە و دواجار ڕیزەكانی گەلی كوردی بەرەو پەرتەوازەیی و دوودەستەیی بردووە. بە ڕواڵەت، دوژمنان ئەم چەكدارانەیان پۆشتە و تێر و تەیار كردووە و بە گژ شۆڕشگێڕان و تێكۆشەرانی حزب و گەلیاندا كردوونەتەوە، بەڵام ناخی ئەم دیاردەیە، ڕاستییەكی تاڵ بیر دەهێنێتەوە کە لە چەند رووەوە جێی سەرنج و تێڕامانن.

یەکەم خاڵی جێگەی سەرنج کە لە پەیامەکەدا ئاماژەی پێکراوە ئەوەیە ئەو كەسانەی كە چەكیان بۆ دوژمن هەڵگرتووە، لە دژی نەتەوەكەیان وەستاونەتەوە و ڕاستەوخۆ خزمەت بە دوژمن دەكەن، واتای رشتنی خوێنی کورد بە دەستی کورد دەگەیەنێت و براوەی سەرەكیی ئەم كارەساتە، دوژمنە.

دووەم خاڵ ئەوەیە نانەوەی دووبەرەكی و ئاژاوە و چەند دەستەیی لە نێوان ڕیزەكانی گەلدا، دەبێتە هۆی ئەوەی کە دوژمن لەم ڕێگەیەوە، تۆوی بێ متمانەیی و تۆڵەكردنەوە لە نێوان تێكۆشەران و بەلاڕێداچوواندا بچێنێ و ئەگەر زیانێك هەبێت، لە پەیكەری بزووتنەوە و یەكڕیزیی گەلی کورد دەدات.

جگەلەمە سیاسەتی چەكداركردن و پەیوەستبوون بەم ڕەوتە، كەرامەت و پێگەی كۆمەڵایەتی و بنەماڵەیی ئەو كەسانە دەخاتە ژێر پرسیارەوە كە بە بێ هەستكردن بە بەرپرسیارێتی و تەنیا لە بەر ئیمكانات و هەندێك پلە و پۆست و شتی كاتی، ئامادەن خزمەت بە داگیركەران و دوژمنانی گەل بكەن. ئەمەش لە خۆیدا بووەتە هۆی دواكەوتن و خایاندنی ڕەوتی خەباتی مافخوازانە و سەرقاڵبوونی بە شەڕ و ململانێیەك كە دوژمن پیلانەكەی بۆ داڕشتووە.

لە کۆتایی پەیامەکەدا داوا لە  جاشەکان کراوە ئەگەر ناتوانن هاوكاریی خەباتی نوێی ڕۆژهەڵات بكەن، بە لانی كەمەوە دژایەتیی هێزی پێشـمەرگە و خەباتی ڕەوای ڕۆلەكانی گەل نەكەن. هەروەها چەكدارانی كوردی سەر بە دەسەڵاتی ئاگادار کردووەتەوە لە گرنگی و هەستیاری ئەم قۆناغە نوێیەی خەبات تێبگەن و چەكەكانیان دابنێن و چیدی خزمەت بە دوژمن نەكەن.



وشە - سلێمان تاشان