پەكەكە دوو كارمەندی حكوومەتی هەرێم تیرۆر دەكات

:: PM:07:11:05/10/2016 ‌

رۆژ یەكشەم تەرمی دوو كارمەندی بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی دهۆك لەسەر چیای شەنگال دۆزرایەوە، فەرماندەیەكی سەربازی هێزی پێشمەرگە ئاشكرای دەكات كە ئەو دوو كارمەندە لە ناوچەیەكی ژێردەستی پەكەكە كوژراون و ئۆتۆمبێلەكەیان براوە.

"عەبدولمەناف تەها و وەیسی عەبدوڵا" ئەو دوو كارمەندەی بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی دهۆكن كە رۆژی شەمووی رابردوو هیچ سۆراغێكیان نەما و دوای تێپەڕبوونی 24 سەعات بەسەر بێ سەروشوێنبوونیان، تەرمەكانیان لە چیای شنگال دۆزرایەوە، ئەوان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەكەیانەوە بۆ نەخشەدانانی رێگەوبان بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان ڕەوانەی چیای شنگال كرابوون، ئۆتۆمبێلێكی جۆری "تویوتا دوو كابینە"یان پێ بووە و دوای ئەوەی شەهید كراون، ئۆتۆمبێلەكەیان دزراوە و تا ئێستە نەدۆزراوەتەوە. رووداوەكە كاردانەوەی زۆری جەماوەری لێ كەوتووەتەوە و دەڤەری دهۆكی نیگەران كردووە بەوەی زۆربەی گومانەكان بۆ پەكەكە دەچن كە ئەو فەرمانبەرە مەدەنییانەیان شەهید كردبێ. 

عەمید سمێ بۆسەڵی فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شنگال، شوێن و جووڵەی كارمەندەكان و سنووری تێپەڕینیان ئاشكرا دەكات و بۆ "وشە" گوتی، چیای شنگال بەشی زۆری لەژێر كۆنتڕۆڵی پێشمەرگەدایە و بەشێكیشی لای پەكەكە و یەپەشەیە، ئەو دوو كارمەندە چوونەتە ناوچەكانی پەكەكە و بە بازگەی پەكەكەدا تێپەڕیون.

سەڵاح وەیستی برای یەكێك لە شەهیدەكان بۆ "وشە" روونی كردەوە، "براكەم لەگەڵ تیمێكی بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی دهۆك بۆ كاری رێگە دروستكردن چوونە چیای شنگال، ئەوان چوونەتە ناوچەیەك كە پەكەكە لێی بەرپرسە، دواتر تەرمی براكەم و یەكێكی تر لە كارمەندان هێنرایەوە، ئێمە وەك ماڵباتی یەكێك لەو دوو كەسەی شەهید كراون، پەكەكە بە ئەنجامدانی كردە تیرۆریستییەكە تۆمەتبار دەكەین، چونكە ئەوان بەرپرسن لە ناوچەكە و دەبوو تەناهیی ئەو تیمە بپارێزن كە بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە چوونەتە سەر چیای شنگال.

هەرچەندە ئەو دوو كەسە بە فەرمی كارمەندی بەڕێوەبەرایەتی رێگەوبانی دهۆكن كە یەكێكە لە فەرمانگە حكوومییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام تا ئێستە هیچ بەرپرسێكی خۆجێی دهۆك و حكوومەتی هەرێم لەسەر تیرۆركردنی ئەو دوو كارمەندە و ڕفاندنی ئۆتۆمبێلی حكوومەت، هیچ ڕوونكردنەوە و هەڵوێستێكیان نەبووە.

بەپێی زانیارییەكان، هێزەكەی پەكەكە دوای هاتنی داعش بۆ ناوچەكە، هاتنە چیای شنگال و پارە و چەك لە حكوومەتی عێراق وەردەگرن و بەشێكن لە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، هەرچەندە لەوەتەی شنگال ئازاد كراوەتەوە، كارگێڕیی شارەكە بەردەوام داوای دەرچوونی پەكەكە دەكات، بەڵام ئەو هێزە ناوچەكە جێ ناهێڵن و زۆرجاریش كێشە و گرفت بۆ خەڵكی ناوچەكە دروست دەكەن و باج وەردەگرن.

فەرماندەكەی پێشمەرگە ئەوە دەخاتە ڕوو كە "كارمەندەكان دوای ئەوەی بە بازگەكە تێپەڕیون و ڕۆیشتوونەتە سەر چیاكە لەوێ شەهید كراون، واتە ئەوان لە ناوچەیەك شەهید كراون كە لەژێر دەستی پەكەكەدایە، بۆیە ئەگەر پەكەكە بەرپرسیاری تیرۆركردنی ئەو دوو كارمەندە نییە، دەبێ ڕوونی بكاتەوە كە بۆچی و چۆن كوژراون".

عەمید سمێ بۆسەلی دەڵێ، "ئەو دوو كارمەندە ئۆتۆمبێلێكی جۆری پیك ئاب (مەرزییە)یان پێ بووە، دوای ئەوەی كوژراون ئۆتۆمبێلەكەیان دزراوە، بێگومان پەكەكە ئەگەر نەتوانێ بكەرانی تاوانەكە ئاشكرا بكات، ئەوا دەتوانێ ئۆتۆمبێلەكە بدۆزێتەوە، بەڵام ئەگەر هەیە ئۆتۆمبێلەكەیان لە چیاكەوە برابێتە خانەسۆر و لەوێوە بۆ پەیەدە لە دیوی سووریا رەوانە كرابێ".

ئاماژەی دا، ئەگەر ئەمە یەكلا ببێتەوە، هیچ گومانێك ناهێڵێ كە پەكەكە بەرپرسن لە تیرۆركردنی ئەو دوو كارمەندە.

هەرچەندە پارتی كرێكارانی كوردستان لە میدیاكاندا ڕەتی كردووەتەوە كە ئەوان دەستیان لە پشت ئەم ڕووداوەوە هەبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو دوو كارمەندە لە سنووری ئەواندا تیرۆر كراون و خەڵكی تر لەو ناوچەیە چەكدار نییە، دانیشتوانی دهۆك تا دێت گومانەكانیان قووڵ دەبێتەوە.

وشە/ باز- نەوزاد




وشە - باز ئه‌حمه‌د