رێژەی هەڵاوسان لە ئێران بۆ 39% بەرز دەبێتەوە

:: AM:09:58:07/04/2021 ‌
رێژەی هەڵاوسان لە ئێران رووی لە بەرزبوونەوەیە و سندووقی نێودەوڵەتی دراویش پێشبینی کردووە وێڕای هەڵکشانی رێژەی هەڵاوسان، رێژەی بێکاریش لەو وڵاتەدا زیاتر بەرز دەبێتەوە.

سندووقی نێودەوڵەتیی دراو لە نوێترین راپۆرتیدا لەبارەی ئابووری ئێران ئاشکرای کرد رێژەی هەڵاوسان لەم وڵاتەدا لە ساڵی رابردوو 36.5% بووە. 

بەگوێرەی رادیۆ فەردا ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە لە ئاستی دنیادا بەرزترین رێژەی هەڵاوسانی تۆمار کردووە و تەنیا چەند وڵاتێک رێژەی هەڵاوسانیان لە ئێران بەرزترە. سندووقی نێودەوڵەتیی پێشبینی دەکات رێژەکە، ئەمساڵ بۆ 39%  بەرز ببێتەوە.

سندووقی نێودەوڵەتیی دراو ئاماژەی بە رێژەی گەشەی ئابووری ئێرانیش کردووە کە لە ساڵی رابردوودا 1.5% بووە لە کاتێکدا بە پێی پێشبینی بانکەکە لە پایزی رابردوو، رێژەکە بە -5% پێشبینی کرابوو.

پێشبینی کردووە ئەمساڵ رێژەی بێکاری بۆ 11.7% بەرز ببێتەوە


بانکەکە هەروەها پێشبینی کردووە رێژەی گەشەی ئابووری ئێران لەمساڵدا بۆ 2.5% بەرز ببێتەوە. گەشەی ئابوری ئێران لە ساڵانی 2018 و 2019 بریتی بووە لە -6.8%   و -6%. سندووقەکە هەروەها پێشبینی کردووە ئەمساڵ رێژەی بێکاری بۆ 11.7% بەرز ببێتەوە لە کاتێکدا رێژەکە لە ساڵی رابردوودا 11.2% بوو.

پێویستە بگوترێ ئێران بەهۆی ئەو سزایانەی لە لایەن ئەمەریکاوە بەسەریدا سەپێنراوە ئابوورییەکەی پاشەکشەی کردووە و ئەگەر لە ئاماری سندووقی نێودەوڵەتیی دراو نوێترین گۆڕانکارییەکان ئەرێنی بن بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە پێشتر لەپڕ پاشەکشەی ئابووری زۆر بەرز بووە و خەریکە خۆی لەگەڵ دۆخەکە دەگونجێنێت.




وشە - سلێمان تاشان