لە دوبەی زێڕ لە دوای نەوت بەسوودترین بازرگانییە

:: PM:04:18:07/04/2021 ‌
سەرووی یەك سەدەیە بازرگانان بۆ دابینكردنی زێڕ و بەهارات و مرواری روو لە دوبەی دەكەن. گەشەی بازرگانی لە دوبەی وایكردووە، ئەم شارە بە شاری زێڕ بناسرێت. گومرگی دوبەی دەڵێ لە نۆ مانگی یەكەمی ساڵی 2020 قەبارەی بازرگانی زێڕ سەرووی 41 ملیار یۆرۆ بووە.

بازرگانیكردن بە زێڕ لە دوای نەوت لە دوبەی، بە گرنگترین  جۆری بازرگانی هەژمار دەكرێت. بە گوێرەی ئەو تایبەتمەندییە جیۆگرافییەی دوبەی هەیەتی، وەبەرهێنانێكی زۆر لە بواری یەدەگی زێڕ و دامەزراوەی بەرهەمهێنانی زێڕ كراوە، هەر لەو وڵاتە زێڕیش لە پاڵاوگەی تایبەتیی سوود وەردەگیرێت.

زێڕ دەكرێتە شمش و ژمارەیەكی زۆری بانكی تایبەت بە زێڕ هەیە


لەو وڵاتە زێڕ دەكرێتە شمش و ژمارەیەكی زۆری بانكی تایبەت بە زێڕ هەیە، لەو بانكانە زێڕ كڕین و فرۆشتنی پێ دەكرێت. لە پرسی سوودوەرگرتن لە زێڕ تەواوی وردەكارییەكانی بانكی و دارایی بە گوێرەی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەكان لەبەرچاو گیراون.

سەڵاح خەلەف یەكێك لە خاوەن پشكەكانی پاڵاوگەی زێڕی ئیتیحاد دەڵێت، "من تەنیا خەڵك هان دەدەم بۆ ئەوەی لە كەرتی زێڕدا وەبەرهێنان بكەن، لەم شارەدا پرۆسەی بەرهەمهێنانی زێڕ بە هەموو تایبەتمەندییەكانی ژێرخان و سەقامگیری و ئاسایش درێژەی هەیە."

نرخەكەی 454 هەزار یۆرۆیە.


بەرهەمی كۆتایی ئەو پاڵاوگەیە شمشێكی زێڕە بە كێشی 10 كیلۆگرام و وەك هەر كاڵایەكی تر نرخەكەی بەرز و نزم دەبێتەوە، ئێستە نرخەكەی 454 هەزار یۆرۆیە.

بەگوێرەی یۆرۆنیوز، لەو بازاڕەدا زیاتر جوملەفرۆشان بەرچاو دەكەون. بازاڕێكی زێڕ كە لە لایەن بنەماڵەی عەبدوڵا لە ساڵی 1955 بنیات نرا. بنەماڵەكە لە بازرگانیكردن بە زێڕ، ئەڵماس و هەر جۆرە خشڵێك زۆر شارەزان.

تەوحید عەبدوڵا بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای خشڵ و زێڕ و سەرۆكی گرووپی خشڵ لە دوبەی، دەڵێ هەموو كاتێك 40 تا 50 تۆن زێڕ لە بازاری دوبەی هەیە، بەهۆی ئەو گەرمییەی لە ئاڵوگۆڕ و كڕین و فرۆشتن بە زێڕ هەیە، بازاڕی دوبەی بووەتە گرنگترین بازاڕی زێڕ لە دنیادا و كاریگەرییەكانی نرخی زێڕ لە دوبەیەوە دەست پێ دەكەن.
700 گرووپی تایبەت بە زێڕ لە دوبەی بەیەكەوە دامەزراوەیەكی ناحكوومییان پێك هێناوە.

پیشەسازی زێڕ لە دوبەی بەشێوەیەكی زۆر تۆكمە بەڕێوە دەچێت، 700 گرووپی تایبەت بە زێڕ لە دوبەی بەیەكەوە دامەزراوەیەكی ناحكوومییان پێك هێناوە.

 بەگوتەی تەوحید عەبدوڵا، رێساكانی بازاڕی زێڕ هەر لە لایەن خۆیانەوە دادەڕێژرێن و بە لەبەرچاوگرتنی زۆر یاسا و چاودێری گشتی، بەرهەمێكی نایاب دەخەنە بازاڕەوە.

20  تا 40%ی زێڕی هەموو دنیا بە دوبەیدا تێدەپەڕێت و زۆربەی ئەو زێرە لە ناو بازاڕەكانی دوبەی دەستاودەست دەكرێت. تەنیا لە نیو كیلۆمەتری چوارگۆشە 300 دوكانی زێڕنگر هەن. بازاڕەكان لە شەشی بەیانی دەكرێنەوە و لە 11ی شەو دادەخرێن و تاكە بازاڕی دنیایە كە دەتوانێ لە یەك كاتدا زێڕ بۆ ئەمەریكا و ئوسترالیا بنێرێت و رووماڵی تەواوی بازاڕەكانی دنیا بكات.

جێفری رودرز دامەزرێنەری كۆمپانیای راوێژكاری كانزا گرانبەهاكان دەڵێت، "بۆ من دڵی پیشەسازی زێڕ لە ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی رێك ئەو شوێنەیە لێی دانیشتووم."
ژێرخان و رێبەرانی دوبەی، هۆكاری سەرەكین لە پێشخستنی ئەو جۆرە بازرگانییە.

ئەو لە وەڵامی پرسیارێك لەبارەی ئەوەی چ شتێك وای كردووە دوبەی لە بواری زێڕدا تا ئەو ئاستە پێش بكەوێت؟ گوتی ژێرخان و رێبەرانی دوبەی، هۆكاری سەرەكین لە پێشخستنی ئەو جۆرە بازرگانییە.

جگەلەمە بۆ ئەوانەی زێڕ دەكڕن، دوبەی هەرزانترین شوێنە و بەهۆی ئەوەی كە لە وڵاتانی تردا باجەكە بەرزە، ئەگەر كەسێك بیەوێت جگە لە دوبەی لە شوێنێكی تر زێڕ بكڕێت، ئەوا لەسەری گران دەكەوێت.

كیران پیتانی لە دامەزرێنەران و بەڕێوەبەرانی كۆمپانیای كارا ئاماژەی داوە، لە دوبەی لێرە زێڕ دروست دەكەن و 85%ی بەرهەمەكانی زێڕ هەر لە دوبەی جێبەجێ دەكرێت، زێڕ كاڵایەكی ئەوەندە گرنگە كە راستەوخۆ پێوەندی بە نرخی دراو هەیە، زۆرینەی خەڵكیش لە سەردەمی كۆرۆنا حەز دەكەن سەرمایەكانیان بە زێڕ هەڵبگرن. ئەو دەڵێت ماوەیەك بازاڕی زێڕ سست بووبوو، بەڵام ئێستە رووی لە گەشە كردووەتەوە.


وشە - سلێمان تاشان