ژمارەی قوربانیانی كۆرۆنا سێ ملیۆن كەسی تێپەڕاند

:: PM:01:11:17/04/2021 ‌
لەوەتەی ڤایرۆسی كۆرۆنا سەری هەڵداوە، رۆژانە لە وڵاتانی دنیا خەڵكێك بەهۆیەوە دەبنە قوربانی و حاڵەتەكانی مردن بۆ سەرووی سێ ملیۆن كەس هەڵكشاوە.

بەپێی دواین ئامارەكانی worldometers، تا ئێستە 140 ملیۆن و 598 هەزار كەس لە دنیادا تووشی كۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە سێ ملیۆن و 14 هەزار و 240 كەس گیانیان لە دەست داوە و 119 ملیۆن و 432 هەزار كەسیش چاك بوونەتەوە، هێشتا 18 ملیۆن كەس ڤایرۆسەكە لە لەشیاندا چالاكە.

لە چەند هەفتەی رابردوودا ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە دنیادا بە خێرایی رووی لە هەڵكشانە


لە چەند هەفتەی رابردوودا ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە دنیادا بە خێرایی رووی لە هەڵكشانە، شەپۆلێكی تری كۆرۆنا تەواوی دنیای داگرتووە و هەرێمی كوردستانیش بە هەمان دۆخدا تێدەپەڕێت.

ئەمەریكا بە 32 ملیۆن تووشبوو و 579 هەزار قوربانی لە ریزبەندی یەكەمی وڵاتان دێت  و دوای ئەویش هیندستان و بەڕازیل هەڵكەوتوون.

لە هیندستان 14 ملیۆن كەس تووشی كۆرۆنا بوون و لە بەڕازیلیش ژمارەكە گەیشتووەتە 13 ملیۆن و 800 هەزار كەس. لە ئاماری مردووان بەڕازیل بە 369 هەزار قوربانی لە ریزبەندی دووەمدا دێت، دوای ئەویش بەریتانیا دێت كە 127 هەزار كەس بەهۆی ڤایرۆسەكە گیانیان لە دەست داوە.

لە هەرێمی كوردستان 137 هەزار و 577 كەس تووشی كۆرۆنا بوون، سێ هەزار و 857 كەس لەوانە گیانیان لە دەست داوە و 116 هەزار و 420 كەسیش چاك بوونەتەوە. هێشتا 17 هەزار و 300 كەس لە كوردستان ڤایرۆسەكە لە لەشیاندا ماوە.


وشە - سلێمان تاشان