توێژەران هۆكارەكانی خۆكوشتن بە لاوازیی رۆشنبیری كۆمەڵگە گرێ دەدەن

:: PM:03:53:20/04/2021 ‌
ڕۆژانە كوشتن و خۆكوشتنی ژنان لە كۆمەڵگەی كوردستاندا تا دێت زیاد دەكات، ئەوەش لە ناو چین و توێژەكان نیگەرانی لێ كەوتووەتەوە. توێژەران و شارەزایانی باری پەروەردە، باس لە هۆكارەكانی كوشتن و خۆكوشتن دەكەن و بەشێك لە هۆكارەكانی خۆكوشتن، بە لاوازیی رۆشنبیری كۆمەڵگە گرێ دەدەن.

 لە ماوەی رابردوودا حاڵەتەكانی خۆكوژی یان كوشتن لە هەرێمی كوردستان، بە رێژەیەكی بەرچاو زیادی كردووە و میدیاكان بەردەوام هەواڵی پێوەندیدار لەسەر ئەم رووداوانە بڵاو دەكەنەوە. ئەو دۆخە وایكرد سەرۆك وەزیرانی هەرێم خۆی راستەوخۆ بێتە‌ سەر خەت و بڕیاری سزادانی بكوژانی ژنان بدات.

شەهێن هەڵەبجەیی توێژەری كۆمەڵایەتی، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دیاردەی كوشتن و خۆكوشتن هەر لە سەرەتای مرۆڤایەتییەوە هەبووە، بەداخەوە ڕۆژانە گوێبیسی كوشتن یان خۆكوشتنی ژنان دەبین، بۆ ئەمەش هۆكاری جیاوازی ئابووری‌ و كۆمەڵایەتی لە پشتە و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش بێ كاریگەر نین. بۆ نموونە كاتێك دەڵێن فڵان كەس ژن یان خوشكەكەی كوشت، زۆركەس دەستخۆشی لێ دەكەن و دەڵێن شەرەفی خۆی كڕیوەتەوە و هەموو ئەوانە هاندەری ئەم توندوتیژییانەن.

كۆمەڵگەی كوردستان ئەوەندەی بەدوای دەستخۆشییە، ئەوەندە بەدوای چارەسەر و گوێگرتنی گرفتی بەرانبەریان نین


بەگوتەی ئەو توێژەرە، كۆمەڵگەی كوردستان ئەوەندەی بەدوای دەستخۆشییە، ئەوەندە بەدوای چارەسەر و گوێگرتنی گرفتی بەرانبەریان نین، زۆر لەو كەسانەی هانا بۆ خۆكوشتن دەبەن، هەست دەكەن دەرگاكان بەتەواوی داخراون و بێ ئومێد بوون، بۆیەش گرنگە توێژەران و لایەنی پێوەندیداری حكوومیی و ڕاگەیاندنەكان هێندە ڕۆح بە بەر ناشیرینییەكاندا نەكەن، بەڵكو خۆشی و جوانی ژیان پێشان بدەن.
 
 ئەو دەڵێت "ڕۆژانە چەندان دۆسیە دێته ‌بەردەممان كە لە ئەنجامی دۆخی ناخۆشی ژیان، بیریان لە خۆكوشتن كردووەتەوە، ئەگەر زوو ڕێچارە و دەرفەتی ئابووری و كار بۆ كۆمەڵگە نەڕەخسێ، ئەم دیاردەیە زیاتر پەرە دەستێنێت."

وەك هەڵەبجەیی خستیەڕوو، دیاردەی  بەشوودانی زوو یان زوو ژنهێنان، ئیشێكی خراپە و چوونە ناو ژیانی هاوسەرگیریی بەرپرسیارێتییەكی قورسە و ناكرێ بە كەمی سەیر بكرێ.
 
هاوكات ئیسماعیل هەورامی ڕێنوێنیكاری پەروەردەیی، بۆ "وشە"  روونی كردەوە، هۆكار و پاڵنەرەكانی كوشتن، لە كولتوور و كۆمەڵگە جیاوازەكان كە خاوەنی داونەریت  و بەهای جۆراوجۆرن، جیاوازە و بەگشتی بارودۆخی دەروونی، كۆمەڵایەتی، ئابووری و تەنانەت ئاڵۆزی و پشێوییە سیاسییەكانیش دەتوانن كاریگەرییان لەسەر دیاردەی خۆكوژی هەبێت.
بە رێككەوتنی كۆمەڵایەتی زۆرجار بكوژەكان ئازاد دەكرێن
 
یەكێك لەو نەریتە خراپانە ئەوەیە، بە رێككەوتنی كۆمەڵایەتی زۆرجار بكوژەكان ئازاد دەكرێن، ئەمەش یەكێك لە ناشیرینترین بەها كۆمەڵایەتییەكانە كە وایكردووە بە جۆرێك شەرعییەت بە كوشتن بدرێت. 
 
ئەو رەتی دەكاتەوە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان یان بەرنامە تەلەڤزیۆنییەكان هۆكار بن لە زیادبوونی كێشە كۆمەڵایەتییەكان، چونكە لە ئاستی دنیایش بەرنامەی تەنانەت مەترسیدارتر لەوانەی هەرێمی كوردستان پێشكەش دەكرێن، دەرهاویشتەكانی هەر بەرنامەیەكیش بەندە بە ئاستی ڕۆشنبیری كۆمەڵگەكان و ئەگەر ئاستی رۆشنبیری كۆمەڵگەی كوردستان بەرز بكرێتەوە، دەتوانێ چارەی كێشەكان بكات.

هەڵەبجە / عەزیز هەورامی 



وشە - سلێمان تاشان