دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوی تیرۆریستان تەقێنرایەوە

:: AM:10:34:20/10/2016 ‌

سەرچاوەیەكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئاشكرای كرد، كە لە ئەنجامی هێرشكردن بۆ سەر گوندی تسخەرابی دەوروبەری باشیك بە چەكی میلان هێزی پێشمەرگە دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراویان تەقاندەوە.

سەرچاوەیەك لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانیان بە مووشەكی میلان دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوی تیرۆریستان لە گوندی تسخەرابی دەوروبەری شارەدێی باشیك بتەقێننەوە.

لە هەڵمەتەكەی ئەمڕۆی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، تیرۆریستان بەهیچ شێوەیەك توانای بەرگریان نەماوە و خەریكی ڕاكردنن، ئەوان پلانیان ئەوە بوو كە لە رێی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو و خۆكوژ و بۆمبی چێنراوەوە بەر لە پێشڕەوییەكانی پێشمەرگەی كوردستان بگرن، بەڵام هێزی پێشمەرگە بە مووشەكی میلان و فڕۆكەكانی هاوپەیمانان لە ئاسمانەوە و تیمی ئەندازەیی پێشمەرگە توانیان ئەو پلانەی تیرۆریستان تێك بشكێنن و بەردەوام بن لە پێشڕەوی.

سەعات 6:00ی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەم لە چوارەم رۆژی هێرشی رزگاركردنەوەی مووسڵ، هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەری بەنداوی مووسڵ و تلسقۆف و باشیك دەستیان بە هێرش بۆ سەر تیرۆریستانی داعش كردووە.

تا ئێستە هێزی پێشمەرگە توانیویانە دوو گوند لە میحوەری ناوەران و 4 گوند لە میحوەری باشیك گەمارۆ بدەن و تەنیا سێ كیلۆمەتریان ماوە بگەنە سەنتەری شارەدێی باشیك.

رۆژی 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی نزیكەی 60 هەزار چەكدار لە چوار فیرقەی سەربازی سوپای عێراق و پۆلیسی ناوخۆیی شارەكە، تەواوی شاری مووسڵ كەوتە دەستی تیرۆریستانی داعش و پاش ئەوەی شارەكە داگیر كرا، ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە مزگەوتێكی مووسڵ پەیامی بڵاو كردەوە و پاشان تیرۆریستان بەرەو ناوەڕاست و باشووری عێراق پێشڕەوییان كرد.

لە سەرەتاكانی مانگی ئاب/ئۆگستسی 2014، تیرۆریستان بەرەو كوردستان گەڕانەوە و پەلاماری ناوچە كوردستانییەكانیان دا بەرەو هەولێر هاتن و شارۆكەی مەخموور و گوێڕیان كۆنتڕۆڵ كرد، بەڵام لە شەوی 10 ئاب/ئۆگستسی 2014، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا هاتنە وەڵام و یەكەم بۆردمانیان لە مەخموور و گوێڕ بۆ سەر تیرۆریستان ئەنجام دا.

رۆژی دووشەم 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر لە درەنگانی شەودا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستپێكی هەڵمەتی رزگاری شاری مووسڵی ڕاگەیاند و بۆ بەیانییەكەی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری خازر دەستیان بە پێشڕەوی كرد و توانیان تا نیوەڕۆ نۆ گوند لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە و رووبەڕی 200 كیلۆمەتر دووجاش كۆنتڕۆڵ بكەنەوە، هاوكات لە میحوەری گوێڕ-مەخموور و میحوەری گەیارەش هێزەكانی عێراق پێشڕەوییان كرد و دوێنێ چوارشەم شارۆكەی حەمدانیە گەمارۆدرا و هەڵمەتەكان لایەن هێزەكانەوە رۆژ دوای رۆژ بەردەوام دەبن و بازنەی گەمارۆدانی تیرۆریستان لە مووسڵ سات دوای سات بچووكتر دەبێتەوە.

مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و یەكێكە لە شارە مێژوویییە بەناوبانگەكانی ناوچەكە و بەگوێرەی ئاماری 2013 ژمارەی دانیشتووانی، زیاتر لە دوو ملیۆن كەس دەبێت و هەریەك لە پێكهاتەكانی عەرەبی سونە و كورد و توركمان و مەسیحی و كوردانی ئێزیدی و شەبەك تێیدا نیشتەجێن، زێی دیجلە بەنێو شارەكە تێپەڕ دەبێت و كردوویەتی بە دوو بەشەوە و بە بەشی ڕاست و چەپی شارەكە ناوزەد كراوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د