پێشمه‌رگه‌ سێ گوندی تری كۆنتڕۆڵ كرده‌وه‌

:: AM:11:10:20/10/2016 ‌

هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان توانیان لە میحوەری ناوەران گوندی سماقیەی سەروو و خواروو و دێرماریان كۆنتڕۆڵ كردەوە، ئێستەش پێشڕەوییەكانی لەو میحوەرە بەردەوامە و پێشمەرگە نزیكبوونه‌ته‌وه‌ له‌ گوندی بایبوخات، لە سەر رێگەی سەرەكی شەلالات- مووسڵ. له‌ میحوه‌ری تلسقۆف دوای كۆنتڕۆڵ كردنه‌وه‌ی شاره‌دێی به‌تنایا ئێسته‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ره‌و گوندی كازمیه‌ پێشڕه‌وی ده‌كه‌ن. له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق چوونه‌ته‌ نێو شاره‌دێی به‌رتله‌وه‌ و شه‌ڕ و ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ تیرۆریستان به‌رده‌وامه‌ و ئه‌و شاره‌دێیه‌ش نزیك بووه‌ته‌وه‌ له‌ كۆنتڕۆڵ كردنی ته‌واوه‌تی و وه‌ده‌رنانی تیرۆریستان به‌یه‌كجاری و گه‌مارۆدانی زیاتری تیرۆریستان له‌ ده‌وروبه‌ری مووسڵ له‌ رۆژهه‌ڵات و باكور و باكوری رۆژهه‌ڵاتی سه‌نته‌ری شاری مووسڵ.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست "وشە" كەوتووە، هێزەكانی پێشمەرگە ئێستە لە میحوەری ناوەران دوای رزگاركردنی گوندی ناوەران و بارمیە، ئێستە هەریەك لە گوندەكانی سماقیەی سەروو و خواروو و دێرماریان كۆنتڕۆڵ كردووەتەوە.

زانیارییەكان ئاماژە بەوەش دەكەن، كە ئێستە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەرەو  گوندی بایبوخات لە سەر رێگەی سەرەكی شەلالات بۆ نێو مووسڵ پێشڕەوی دەكەن و نزیكبوونەتەوە لە چوونە نێو گوندەكەوە.

لەلایەكی ترەوە لە میحوەری تلسقۆف هێزەكانی پێشمەرگە دوای كۆنتڕۆڵ كردنی تەواوەتی شارەدێی بەتنایا، لە رێگەی سەرەكی بەتنایا بۆ شارۆكەی تلكێف پێشڕەویان كردووە و بەرەو گوندی كازمیە پێشڕەوی دەكەن.

لە میحوەری خازرەوەش پێشڕەوییەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەردەوامە و هێزەكان چوونەتە نێو سەنتەری شارەدێی بەرتلە و شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تیرۆریستان بەردەوامە.

لە هەڵمەتەكەی ئەمڕۆی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، تیرۆریستان بەهیچ شێوەیەك توانای بەرگریان نەماوە و خەریكی ڕاكردن، ئەوان پلانیان ئەوە بوو كە لە رێی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو و خۆكوژ و بۆمبی چێنراوەوە بەر لە پێشڕەوییەكانی پێشمەرگەی كوردستان بگرن، بەڵام هێزی پێشمەرگە بە مووشەكی میلان و فڕۆكەكانی هاوپەیمانان لە ئاسمانەوە و تیمی ئەندازەیی پێشمەرگە توانیان ئەو پلانەی تیرۆریستان تێك بشكێنن و بەردەوام بن لە پێشڕەوی.

سەعات 6:00ی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەم لە چوارەم رۆژی هێرشی رزگاركردنەوەی مووسڵ، هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەری بەنداوی مووسڵ و تلسقۆف و باشیك دەستیان بە هێرش بۆ سەر تیرۆریستانی داعش كردووە.

تا ئێستە هێزی پێشمەرگە توانیویانە دوو گوند لە میحوەری ناوەران و 4 گوند لە میحوەری باشیك گەمارۆ بدەن و تەنیا سێ كیلۆمەتریان ماوە بگەنە سەنتەری شارەدێی باشیك.


وشە - باز ئه‌حمه‌د