مەحموود ئەحمەدینەژاد بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری خۆی پاڵاوت

:: PM:01:59:12/05/2021 ‌
مەحموود ئەحمەدینەژاد كە پێشتر بۆ ماوەی دوو خول سەرۆك كۆماری ئێران بووە، جارێكی تر بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری خۆی پاڵاوتەوە و لە وەزارەتی ناوخۆی ئێران ناوی خۆی تۆمار كرد.

مەحموود ئەحمەدینەژاد لە خولی پێشووشدا خۆی بۆ سەرۆكایەتی پاڵاوتبوو، بەڵام پاڵاوتنەكەی لە لایەن ئەنجوومەنی چاودێری رەت كرابووەوە و دیار نییە ئەمجارەش پاڵاوتنەكەی رەت دەكرێتەوە یان نا.

ئەو گوتوویەتی حەزی نەكردووە لەو هەڵبژاردنەدا بەشداری بكات، بەڵام لە لایەن خەڵكەوە گوشارێكی زۆری لەسەر بووە و ناچار بووە ئەو ئەركە قبووڵ بكات و لە پێناو خەڵكدا قوربانی بدات.

پێویستە بگوترێ لە دوێنێ سێشەمەوە دەست بە ناونووسیی پاڵێوراوانی سەرۆك كۆمار كراوە و كۆمەڵێك كەسی ناسراوی كۆماری ئیسلامی خۆیان كاندید كردووە.

هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمار، پەرلەمان و ئەنجوومەنی شووراكان لە 18ی حوزەیرانی ئەمساڵ بەڕێوە دەچێت، پێشبینی دەكرێ ئەم هەڵبژاردنە ساردوسڕترین هەڵبژاردنی كۆماری ئیسلامی بێت لەوەتەی ئەو رژێمە دامەزراوە.

ناكۆكییەكە لە لایەن عەلی خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران لە قازانجی ئەحمەدینەژاد یەكلا كرایەوە.


ئەحمەدینەژاد یەكێك بوو لەو كەسانەی لە میانەی هەڵبژاردنی ساڵی 2009 دوای ئەوەی بزووتنەوەی سەوز بە سەرۆكایەتی میرحوسێن مووسەوی سەركەوت و دواتر دەرەنجامی هەڵبژاردنەكە گۆڕا، ئێرانی تووشی ئاڵۆزی و پشێویی كرد و ناكۆكییەكە لە لایەن عەلی خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران لە قازانجی ئەحمەدینەژاد یەكلا كرایەوە.

ئەوكات رێبەرانی بزووتنەوەی سەوز لە گۆڕەپانەكە دوور خرانەوە و لە ماڵەكانیان دەستبەسەر كران، هێشتا بۆیان نییە بچنە دەرەوە و تەنانەت هیچ بۆچوونێكیش دەرببڕن. لایەنگرانیشیان سەركوت كران و ئومێدی گۆڕانكارییان لێ ستێنرایەوە.

ئەحمەدینەژاد لەمدواییانەدا بووبووە رەخنەگری خامنەیی و قسەی توندی بە خامنەیی دەگوت، دیار نییە ئەوەی رووی داوە، فێڵێك بووە بۆ دووبارە هێنانەپێشەوەی یان دیسان كاندیدبوونەكەی رەت دەكرێتەوە.

لە ئێران هێشتا رێفۆرمخوازەكان هیچ كەسایەتییەكی دیاریان نەپاڵاوتووە، لە ناو باڵی نەریتخوازیش ژمارەیەك كەسی ناسراو خۆیان پاڵاوتووە.

جگە لە ئەحمەدینەژاد، ئیبراهیم ڕەئیسی، محەمەدحوسێن نامی، حوسێن دێهقان، عەلی لاریجانی، وەحید كەریمی، سەعید محەمەد، وەهاب عەزیزی چند كەسێكن كە خۆیان بۆ پۆستەكە پاڵاوتووە.


وشە - سلێمان تاشان