نێچیرڤان بارزانی: جەژن بكەینە دەرفەتێك بۆ پێچانەوەی یەكجاریی لاپەڕەكانی ڕق و یەكترشكاندن

:: PM:08:25:12/05/2021 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بەبۆنەی جەژنی رەمەزان بڵاو كردەوە و رای گەیاندووە، با لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان و لە تەواوی عێراق جەژن بكەینە دەرفەتێك بۆ پێچانەوەی یەكجاریی لاپەڕەكانی ڕق و یەكترشكاندن و زمانی زبر.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامەكەیدا رای گەیاندووە، جەژنی ڕەمەزان بە گەرمی لە تەواوی موسڵمانانی كوردستان، عێراق و جیهان، بەتایبەتی لە كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان پیرۆز دەكەم. هیوادارم خێر و خۆشی و ئاسوودەیی بۆ هەمووان لەگەڵ خۆیدا بهێنێت، جەژن و پشوویەكی ئارام بەسەر بەرن و بۆنەكانی داهاتوومان لە دۆخێكی باشتر و دوور لە پەتا و ناخۆشی و تەنگژە و ئاڵۆزی بگەڕێنەوە.

"با هەموومان مانا و چەمكەكانی جەژن لە ئاشتەوایی و لێبوردەیی و پێكهاتنەوە لەگەڵ خۆمان و دەوروبەرمان و هەمووان، بكەینە بنەمایەك بۆ هەڵسوكەوت و پێوەندی و هەنگاوەكانی داهاتوومان. با هەموومان لاپەڕەیەكی نوێی پێكەوەیی و یەكترقبووڵكردن بكەینەوه،‌ تا پێكەوە بتوانین خزمەتێكی باشتری گەل و وڵاتەكەمان بكەین و بەرەو داهاتوویەكی باشتر، ئاسوودەیی، سەقامگیری، پاراستنی زیاتری ماف و ئازادییەكان و یاسا و دادگەری هەنگاو بنێین" نێچیرڤان بارزانی وا دەڵێ‌.

هەروەها سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێ‌، با لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان و لە تەواوی عێراق جەژن بكەینە دەرفەتێك بۆ پێچانەوەی یەكجاریی لاپەڕەكانی ڕق و یەكترشكاندن و زمانی زبر و بە دڵ و نیازێكی پاكەوە بیكەینە دەسپێكی سەرەتایەكی تازەی تەبایی و هاوبەشی و هاریكاریی نێوان هەموو لایەن و پێكهاتەكان بۆ چارەسەركردنی ئاڵۆزی و كێشە و تێپەڕاندنی تەنگژەكان و هەموومان لە ئاست بەرپرسیاریەتیی مرۆیی و نیشتمانیماندا بین.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم