بایدن لە هێورکردنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستەوەستانە

:: PM:06:20:15/05/2021 ‌
جارێکی تر گرژییەکانی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستین سەری هەڵدایەوە و جۆ بایدن راستەوخۆ لێدوانی لەبارەیەوە دا، ئاخۆ ئەزمونی یەک دەیە ناوبژیوانی ئەمەریکا لە نێوان ئیسڕائیل و فەلەستین لە کابینەی بایدن دا پشت گوێ خراوە؟ چاودێرانی سیاسیی، بایدن بە سیاسییەکی دەستەوەستان ناو دەبەن و پێیان وایە پلانێکی ئەوتۆی پێ نییە بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە.
بایدن تا ئێستە باڵوێزی وڵاتەکەی لە ئیسڕائیل دەستنیشان نەکردووە

لە رۆژی 10ی ئایارەوە پێکدادانی نێوان سوپای ئیسڕائیل و میلیشیاکانی فەلەستین دەستی پێ کردووە و بەرپرسانی ئەمەریکا و لە سەرووی هەموانەوە جۆ بایدن تا ئێستە کاردانەوەیان بەرانبەر ئەو تەنگژەیە، دەربڕینی پشتیوانی بووە لە ئیسڕائیل بەوەی مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات.

زۆربەی میدیاکان و چاودێرانی سیاسەتی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو بڕوایەن جۆ بایدن لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو تەنگژەیە دەستەوەستانە. شپیگڵ ئۆنلاین لە راپۆرتێک دا تیشکی خستووەتە سەر ئەو ئەگەرانەی وای کردووە ئەمەریکا دەستەوەستان و بێ هەڵوێست دەر بکەوێت.

بەپێی راپۆرتەکە، جۆ بایدن بەهۆی ئەو ئەزموونەی لە سەردەمی سەرۆکایەتی ئۆباما لە ناوچەکە هەیبووە، بە باشی ئاگاداری ئاڵۆزی ناوچەکە هەیە و بە قورسی چارەسەربوونی کێشەکانی نێوان فەلەستین و ئیسڕائیل ئاشنایە.

بایدن 11 ساڵ لەمەوبەر بۆ ناوبژیوانی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستین سەردانی هەر دوو لایەنی کردووە. ئەو سەردانە کاتێک بوو کە ئیسڕائیل خەریکی دروستکردنی شارۆکە تازەکان بوو لە رۆژهەڵاتی ئورشەلیم. فەلەستینییەکان هەمیشە هیوایان ئەوە بووە رۆژهەڵاتی ئورشەلیم ببێت بە پایتەختی دەوڵەتی داهاتوویان، بەردەوامی ئیسڕائیل لە دروستکردنی شارۆکەکان واتای شکستی بایدن بوو لە دەستپێشخەرییەکەی، بۆیە هەوڵیکی زۆری دا تا ئیسڕائیل بەمە رازی بکات.

کارە لەپێشینەکانی بایدن
46ـەمین سەرۆکی ئەمەریکا پێی وا بوو لەگەڵ گرتنە دەسەڵاتی کۆشکی سپی، کاتی خۆی بۆ چارەسەری کۆمەڵێک کێشەی وەک پێوەندییەکانی ئەمەریکا و چین، گۆڕانی کەشوهەوا تەرخان بکات و کەمتر بپڕژێتە سەر کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لەگەڵ داگیرسانی شەری نێوان حەماس و ئیسڕائیل و مەترسی دەستپێکی ئینتیفازەی سێیەم، جۆ بایدن ناچار بوو جارێکی تر ئاوڕ لەو تەنگژە لەمێژینەیە بداتەوە کە چارەسەربوونی لە ئەستەم دەچێت.

راپەڕینی یەکەم کە فەلەستینییەکان بە خەباتی جەماوەری لە دژی داگیرکەران ناویان دەبرد، ساڵی 1987 دەستی پێ کرد و ساڵی 1991 هێور بوویەوە، ساڵی 1993 لە ئۆسلۆ رێککەوتنێکی لێ کەوتەوە کە بووە هۆی دامەزراندنی حکوومەتی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین.

راپەڕینی دووەم ساڵی 2000 دەستی پێ کرد و نزیکەی پێنج ساڵ درێژەی کێشا، لە ماوەی نێوان ئەو دوو راپەڕینە تێکهەڵچوونی قورس لە نێوان ئیسڕائیل و فەلەستینییەکان رووی داوە کە کوژران و برینداربوونی کەمتر لێ کەوتووەتەوە.

پێوەندی تەلەفۆنی بایدن و ناتەنیاهۆ
رۆژی چوارشەمی هەفتەی رابردوو جۆ بایدن پێوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەنجام دا و لەبارەی تێکهەڵچوونەکانی ئەم دواییە گفتوگۆیان کرد، بایدن پێداگری لەوە کردەوە کە ئەمەریکا هەڵوێستی بەرانبەر ئەو پێکدادانە بەو شێوەیە کە ئیسڕائیل مافی خۆیەتی پارێزگاری لە خۆی بکات و هیوای ئەوەی خواست بە گفتوگۆ کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکرێت.

جۆ بایدن لەو گفتوگۆیە دا دووپاتی لە پاراستنی تەناهی ئیسڕائیل کردووەتەوە، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیلیش لە راگەیەنراوێک دا ئاشکرای کردووە، ناتەنیاهۆ بە بایدنی راگەیاندووە، هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆسەر بنکە و بارەگاکانی تیرۆریستان لە غەزە بەردەوام دەبێت.

شپیگڵ نووسیویەتی، هەڵوێستەکانی کابینەی بایدن دووبارەبوونەوەی هەمان ئەو هەڵوێستە رووکەش و کۆنەن کە لە رابردوو ئەمەریکا بەرانبەر کێشەکان هەیبووە، لەلایەکەوە ئەمەریکا دەڵێ بەرانبەر پاراستنی تەناهی ئیسڕائیل بەرپرسیارە و لەلایەکی تریشەوە داوا لە هەردوو لایەن دەکات شەڕ و پێکدادانەکان رابگرن بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی مەدەنی نەبنە قوربانی ئەو شەڕەی نێوانیان.

زیاتر روون کراوەتەوە، دووبارەبوونەوەی ئەو هەڵوێستە کلاسیکەی واشنتن بۆ کۆی کێشەکە پرسیاری زۆر دروست دەکات و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی رۆژ لەدوای رۆژ گرژییەکان زیاتر هەڵدەکشێن، پێویستە ئەمەریکا هاوشێوەی رابردوو بۆ کۆتایی هێنان بە ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە، دەستبەکار بێت.

ئەمەریکا بە درەنگەوە باڵوێزی خۆی لە ئیسڕائیل دەستنیشان کرد
یەک لە کێشەکانی ئەمەریکا بۆ دەستوەردانی ئەرێنییانەی لە تەنگژەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەیە کە جۆ بایدن تا ئێستە باڵوێزی وڵاتەکەی لە ئیسڕائیل دەستنیشان نەکردووە.

کابینەی نوێی ئەمەریکا چوار مانگ دوای دەستبەکاربوونی تا ئێستەیش نوێنەرێکی تایبەتی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستنیشان نەکردووە.

لەگەڵ ئەوەش ئەنتۆنی بلینکن نێردەیەکی تایبەتی رەوانەی ناوچەکە کردووە و ئەم بەیانییە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئیسڕائیل و فەلەستین گەیشتە تەلئەبیب و بڕیارە دواتر سەردانی بەرپرسانی باڵای فەلەستینیش بکات.

دیاردەیەک بەناوی ئێران
لەو تێکهەڵچوونەدا کۆماری ئیسلامی ئێران وەک پشتیوانییەکی راستەقینەی حەماس دەتوانێت هێندەی تر گرژییەکان توندتر بکات، بایدن بۆ گەڕانەوە بۆناو رێککەوتنە ئەتۆمییەکە کە ساڵی 2018 بە فەرمانی ترەمپ واشنتن لێی کشابوویەوە، هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە و ئامانجی پابەندکردنی تارانە بە خاڵەکانی ئەو رێککەوتنە.

شپیگڵ پێی وایە، بەردەوامی پێکدادانە سەربازییەکانی ئیسڕائیل و حەماس کە لەلایەن ئێرانەوە پڕچەک دەکرێن، دەبێتە هۆی راگرتنی دانوستانەکانی ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک لە ڤیەنا.

کۆتایی هەفتەی رابردوو 44 سیناتۆری ئەمەریکی لە نامەیەک دا بۆ جۆ بایدن داوایان کرد، بەهۆی ئەوەی ئێران پشتیوانی حەماس دەکات لە دژایەتیکردنی ئیسڕائیل، پێویستە دانوستانەکان لەگەڵ ئەو وڵاتە بوەستێنێت.

میراتی دۆناڵد ترەمپ
هەندێک لە لایەنگرانی بایدن لە کۆشکی سپی، ترەمپ بە بەرپرسیار دەزانن لەو دۆخە ئاڵۆزەی ئێستە دروست بووە، ئەوان دەڵین نەک فەرمانی کشانەوەی ئەمەریکای لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە واژوو کردووە، بەڵکو لە کێشەی نێوان فەلەستین و ئیسڕائیلیش کۆمەڵێک بڕیاری دەرکرد کە بووە هۆی سەرهەڵدانەوەی کێشە لەمێژینەکان.

پشتیوانی بێ ئەملاو و ئەولای ترەمپ لە بنیامین ناتەنیاهۆ و بە فەرمی ناساندنی ئورشەلیم وەک پایتەختی ئیسڕائیل بوون بەهۆی تووڕەبوونی فەلەستینییەکان و دۆخی نێوان ئەو دوو وڵاتەی هێندەی تر ئاڵۆز کرد. هەرچەند جۆ بایدن لەبارەی بە فەرمی ناساندنی ئورشەلیم وەک پایتەختی ئیسڕائیل هیچ هەڵوێستێکی پێچەوانەی دەرنەبڕیوە، بەڵام لەگەڵ دەستبەکاربوونی بە ئاشکرا خۆی لە ناتەنیاهۆ بەدوور گرتووە.


وشە - هیدایه‌ت جان