ئێران.. 24 نمایشكاری جلوبەرگ بە تۆمەتی "بڵاوكردنەوەی بەدڕەوشتی" گیران

:: PM:12:05:20/10/2016 ‌

دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، هەستان بە گرتنی 24 نمایشكاری جلوبەرگ بە تۆمەتی "بڵاكردنەوەی بەدڕەوشتی".

بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ی ئێرانی، ئەو كۆمەڵە نمایشكارە تۆمەتبار كراون بە "تۆماركردن و بەرهەمهێنانی گرتەی ڤیدیۆیی، بە ئامانجی بڵاوكردنەوەی كولتووری رووتی و نمایشكردنی جلوبەرگ".

جێی ئاماژەیە، ئەوە یەكەم جار نییە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانە ئافرەتانی نمایشكاری جلوبەرگ دەگرن، بەڵكو پێشتریش چەندان جار هەڵمەتی هاوشێوەیان بۆ گرتنی ئەو نمایشكارانە بەڕێوە بردووە.

سەرباری گرتنی ئەو 24 نمایشكارە، هاوكات هەر لەم چەند رۆژەدا نۆ ستۆدیۆ و سەنتەری جوانكارییش لەو وڵاتە داخراون، كە 41 كەسی سەر بەو سەنتەرانەش بانگ كراونەتە پۆلیس، بەڵام دوای ماوەیەكی كەم و پێدانی هۆشداری ئازاد كراون.

هەر لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتانەی كۆماری ئیسلامی بۆ گرتنی نمایشكارانی جلوبەرگ، چەندان كەسی تریش گیراون، كە لە ماوەی رابردوو بەشداری ئەو نمایشانەی جلوبەرگیان كردبوو، كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا رێك خرابوون.

سەرچاوە: سپوتنیك


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی