60%ی كەمپی شاریا نۆژەن كرایەوە

:: PM:03:32:14/06/2021 ‌
60%ی كەمپی شاریا نۆژەن كرایەوە و حكوومەت داوا لە تیمی نۆژەنكەرەوە دەكات هەرچی زووە، تەواوی كەمپەكە نۆژەن بكرێتەوە.

ھەكار ئامێدی بەڕێوەبەری كەمپی شاریا بۆ "وشە" گوتی ، دوای فەرمانی سەرۆك وەزیرانی ھەرێمی كوردستان، پەلە كراوە لە نوژەنكردنەوەی كەمپی شاریا و نزیكەی 60%ی كەمپەكە نۆژەن كراوەتەوە، ئەمجارە لە شوێنی خێوەت، بە بلۆك بۆیان دروست كراوەتەوە.

ئەو روونی كردەوە، بەردەوام دەبن تا بە تەواوی نۆژەن دەكرێتەوە و كۆی ژمارەی خێوەتەكان 288 خێوەت بوون و 220 خێوەتیان بە بلۆك دروست كراونەتەوە.
رۆژانە خۆراكی گەرم بۆ ئاوارەكان دابین دەكرێت

وەك زیاتر خستیەڕوو، رۆژانە خۆراكی گەرم بۆ ئاوارەكان دابین دەكرێت و ھەر سێ ژەم، جلوبەرگ و پێداویستی ناو ماڵ و فێنككەرەوە وھەرچی پێداویستی ھەبێت بۆیان دابین دەكرێت.

جگەلەمە پارەیەكی زۆریش لەلایەن خێرخوازانەوە هێنراوە و پارەكەی دەخرێتە ناو قاسەیەك، لە رۆژی كۆتایی و دوای نۆژەنكردنەوە پارەكە حیساب دەكرێت و بەسەر ئاوارەكان دابەش دەكرێت. حكوومەتی عێراقیش بۆ ھەر خێزانێك 500 ھەزار دیناری وەك ھاوكاری دابین كردووە.

هەولێر/بڵند ئیبراھیم   


وشە - سلێمان تاشان