رێككەوتنی ئەتۆمی دەبێتە فریادڕەسی ئێران و میلیشیاكانی؟

:: PM:05:54:17/06/2021 ‌

گفتوگۆی وڵاتان لەگەڵ ئێران لە جنێڤ بۆ زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی و سنوورداركردنی هەوڵە ئەتۆمییەكانی تاران بەردەوامە، لەناو بوونی ئەگەری زۆری رێككەوتنی هەردوولا لەسەر زیندووكردنەوەی رێككەوتنەكە، رەنگە ئەو پرسیارە بكرێت، ئاخۆ گەڕانەوەی بایدن بۆ رێككەوتنەكە چۆن كار لە پلانەكانی لەماوەی ساڵانی داهاتوو دەكات؟

وەلید فارس ئەمین، ئەمینداری گشتی كۆمەڵەی ئەتڵەسی پەرلەمانی بۆ نەهێشتنی تیرۆر لە بابەتێك بەناونیشانی (ئامانجەكانی ئێران لە رۆژهەلاتی ناوەڕاست تا 2024)، دەڵێت، ئێران گرەو لەسەر گەڕانەوەی ئەمەریكا بۆ ناو رێككەوتنی ئەتۆمی دەكات، ئەو سوود لە رێككەوتنەكە دەبینێ بۆ پاڵپشتیكردنی رژێمەكەی لە ناوخۆی وڵات و بۆ بەهێزكردنی دەسەڵاتەكانی لە وڵاتانی ناوچەكە و دنیادا.

ئەو شارەزایە دەڵێت، دوای ئەوەی بە ستراتیجیەتی ئێرانمان زانی لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەكردنی لەگەڵ ئیدارەی جۆ بایدن تا 2024، بە سوودبینینی لە بڕیاری واشنتن بە گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی و لابردنی سزاكانی سەر ئێران و فەراهەمبوونی پارەی زیاتر بۆی، بەكارهێنانی ئەوەیش بۆ پاڵپشتیكردنی پڕۆژە گەورەكانی، لێرەدا ئەو پرسیارە دروست دەبێت، ئاخۆ ئەجینداكانی ئێران بۆ ناوخۆی وڵاتەكە و ناوچەكە و دنیا چی دەبێت لەگەڵ بەردەوامبوونی فەرمانڕەوایەتی بایدن تا 2024.  
رێككەوتنی ئەتۆمی بووەتە كارتێكی ئێران بۆ پاراستنی خۆی و میلیشیاكانی لە ناوچەكە
ئەوەی روونە لەسەر بنەمای هەڵسوكەوتەكانی ئێران لەماوەی ساڵانی رابردوودا، سەرانی ئەو وڵاتە بەرژەوەندیی رژێمەكە دەخەنە پێش هەموو شتێكەوە، ئەویش لەژێر پەردەی بیروباوەڕی كۆماری ئیسلامییەوە، واتە پێش بەرژەوەندیی ژیان و بژێوی هاووڵاتییانی، بۆیە چاوەڕوان ناكرێ ئێران سازشی گەورە بۆ رۆژئاوا بكات لەپێناو باشتربوونی ئابوورییەكەی بۆ باشكردنی بژێوی خەڵكەكەی، بەڵكو سوود لەو دەستكەوت و پارانە دەبینێ بۆ بەهێزكردنی رژێمەكە لە ناوخۆ و دەرەوە و كۆنترۆڵكردنی زیاتری وڵاتانی ناوچەكە، بۆیە ئەو لە دوو تەوەرەوە سوود لە گەڕانەوەی ئەمەریكا بۆ رێككەوتنەكە دەبینێت، بۆ هێشتنەوەی دەسەڵاتەكانی لەو ناوچانەی كۆنترۆڵیان دەكات و بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو وڵاتانەی بە نەیاریان دەزانێت. 

روونە كە دەستەبژێری فەرمانڕەوای سەر بە خومەینی واز لەو ناوچە و وڵاتانە ناهێنن كە كۆنترۆلیان كردووە و تیایاندا باڵادەستن، بەتایبەتی چوار وڵاتە عەرەبییەكە، ئێران لە عێراق پشت بە میلیشیاكانی دەبەستێت بۆ مانەوەی دەسەڵاتەكانی، بۆیە لە بەهێزكردنی تواناكانی حەشدی شەعبی و گرووپەكانیتر بەردەوام دەبێت، لە عێراق دوو كێشەی هەیە، یەكەم هێزەكانی ئەمەریكا كە لە رێگای میلیشیاكانییەوە هەڕەشەی خستووەتە سەریان، هەروەها لە رێگای لۆبییەكەی لە واشنتن هەوڵی پاڵنانی بایدن دەدات بۆ كشاندنەوەیان، دووەم راپەڕینی خەڵك و شەقامە دژ بە میلیشیاكانی، وەك ئەوەی لە 2019 رووی دا و ئەگەری هەیە ببێتە هۆی دەستوەردانی ئەمەریكا، كە بۆ ئەوەیش لە رێگای بەستنەوەی واشنتن بە رێككەوتنی ئەتۆمی و لۆبییەكەی لە واشنتن، هەوڵی رێگرتن لەو دەستوەردانە دەدات، بۆیە پڕۆژەی ئێران تا 2024 لە عێراق دەستگرتنە بەسەر نەوتەكەی لە رێگای كۆمپانیاكانی سەر بە میلیشیاكان، ئەوە ئەگەر بایدن رووبەڕووی فرەوانخوازیی تاران نەبێتەوە.  

هەرچی پلانی ئێرانە سەبارەت لە لبنان كە زانراو و كۆنە، بە كورتی بریتییە لە راسپاردنی حزبوڵای لبنانی بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی كایەكانی ژیانی ئەو وڵاتەیە وەك لە عێراق هەیە، لەو وڵاتەیش دوو كێشە لەپێش حزبوڵا هەیە، یەكەم دروستبوونی شۆڕشێكی جەماوەری وەك ئەوەی لە 2005 رووی دا و لە 2019 دووبارە بووەوە، دووەم، دووبارە دەستوەردانی ئەمەریكا لە كاروباری ئەو وڵاتە بۆ لاوازكردنی حزبوڵا، لە رێگای بڕیارێكی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە یان هێزە فرەنەتەوەكان وەك لە ئەفغانستان. هەربۆیەیش سەرانی حزبەكە ئەوانیش پشت بە توانای تاران لە بەكارهێنانی رێككەوتنی ئەتۆمی و لۆبییەكەی لە واشنتن دەبەستن بۆ رێگرتن لە ئەمەریكا لە پاڵپشتیكردنی ئۆپۆزسیۆنی لبنان دژ بەوان، یان هەر كارێكی راستەوخۆی ئەمەریكا دژ بە میلیشیاكانی ئەو حزبە، زانراوە كە تاران رێككەوتنی ئەتۆمی بۆ پاراستنی حزبوڵا بەكاردێنێت، نەك تەنیا بەرانبەر بە ئیسرائیل بەڵكو لە لبنانییەكانیش. 

لە سووریا رەنگە دۆخەكە ئەگەری گۆڕانكاری تیادا بێت، ئێران لە سووریا دوو ئامانجی هەیە، یەكەمیان پاراستنی رژێمی بەشار ئەسەد بۆ سوودەرگرتن لێی لە پەلهاوێشتن بەرەو دەریای سپی ناوەڕاست، دووەم ئەنجامدانی گۆڕانكاریی دیمۆگرافی و دروستكردنی ناوچەیەكی شیعە ئێران و عێراق و سووریا و لبنان بەیەكەوە ببەستێتەوە، هەرچی یەمەنە ئێران پێی وایە دەتوانرێ لە رێگای كارتی رێككەوتنی ئەتۆمییەوە رێگری لە هەر هێرشێك دژ بە حوسییەكانی هاوپەیمانی بكات و تا 2024 ئەوان بپارێزێت.  

لەوەی سەرەوە دەردەكەوێت ئێران پێی وایە گەڕانەوەی ئەمەریكا بۆ ناو رێككەوتنی ئەتۆمی بۆ ساڵانێك ئیمپراتۆریەتەكەی دەپارێزێت، بۆیە سەرانی ئەو وڵاتە هەوڵی دروستكردنی هاوسەنگییەك دەدەن لەنێوان ئەو سازشەی دەیكەن و بەردەوامبوونی میلیشیاكانی لەو وڵاتانە و گەشەكردنیان، تا ئەو كاتەی میلیشیاكان بەهێز دەبن و بە هاوشێوەی سوپای پاسداران دەبنە نیوچە دەوڵەتێك لە وڵاتانیان، لێرە پرسیارە گرنگەكە ئەوەیە ئاخۆ بایدن هەموو ئەوانە قبووڵ دەكات، یان هیڵی سوور بۆ ئێران دیاری دەكات؟، ئاخۆ هەڵوێستی وڵاتانی نەیار بۆ ئێران لە ناوچەكە چییە؟ 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل