به‌رێوه‌به‌ری شاره‌دێی سنوونێ رای ده‌گه‌یه‌نێت، له چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنی ئاساییكردنه‌وه‌ی شنگال له نێوان هه‌رێم و به‌غدا ده‌ست به دامه‌زراندنی دوو ھه‌زار و 500 پۆلیس كراوه.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 17ی حوزه‌یران، نایف سه‌یدۆ به‌رێوبه‌ری شاره‌دێی سنوونی سه‌ر به شنگال، بۆ "وشه" گوتی، له چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنی شنگال ده‌ست به دامه‌زراندنی دوو هه‌زار و 500 پۆلیس كراوه له خه‌ڵكی شنگال.
روونیشی كرده‌وه كه سه‌ره‌تا له كه‌مپه‌كانی ھه‌رێمی كوردستان كه ئاواره‌ی شنگالی تێدایه ده‌ست پێ كراوه و ناوی ھه‌زار و 500 كه‌س تۆماركراوه.
نایف سه‌یدۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌یش كرد، ئێسته ناوه‌كان ره‌وانه‌ی به‌غدا كراوه، هه‌ركاتێك كاره‌كان ته‌واوبوون مه‌شق و راھێنان ده‌كه‌ن و دواتر ره‌وانه‌ی شنگال ده‌كرێنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی شنگال بپارێزن.
به‌گوێره‌ی رێككه‌وتنی ئاساییكردنه‌وه‌ی شنگال كه له‌نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا هه‌یه، پێویسته خه‌ڵكی ناوچه‌كه خۆیان بپارێزن و دامه‌زراوه‌ی ته‌ناهییان هه‌بێ، دامه‌زراندنی ئه‌و پۆلیسانه‌یش له‌و چوارچێوه‌یه ده‌بێت.
هه‌ولێر/ بڵند ئیبراهیم