پەروێزخان.. كۆمپانیاكانی دزی و رووتاندنەوەی شۆفێر و بازرگانان لە زیادبووندان

:: PM:08:58:17/06/2021 ‌

 لە مەرزی پەروێزخان ژمارەی كۆمپانیاكانی سەرانە وەرگرتن و رووتاندنەوەی بازرگان و شۆفێران لەژێر ناوی جیا جیادا لەزیادبووندان، ئەوەیش وای كردووە بەشێك لە شۆفێر و بازرگانان ناچار بن بچنە مەرزەكانی سنووری خانەقین.

ژمارەیەك لە شۆفێرانی مەرزی پەروێزخان "وشە"یان لەوە ئاگەدار كردەوە كە ژمارەی كۆمپانیاكانی وەرگرتنی پارە و سەرانە، كە سەر بە حزبی دەسەڵاتن واتە یەكێتی، دەستیان كردووە بە وەرگرتنی پارە و مەرزی پەروێزخانیان كردووەتە شوێنی پارەپەیداكردن لەسەر حیسابی شۆفێر و بازرگاكان .
شۆفێران بە تەواوتی نیگەرانن و وایان لێ هاتووە واز لە كارەكانیان بێنن
 ئەوان ناوی كۆمپانیاكان ئاشكرا دەكەن كە بریتین لە لە "كۆمپانیای لۆكس ئەجێنسی"، بۆ پشكنینی كوالێتی و "كۆمپانیای دیاسە"، بەناوی كاری پاككردنەوەی ئۆتۆمبێلە، "كۆمپانیای نیوئارت"ی بەناوی سۆنەر لە مەرزەكەیە و "كۆمپانیای مەنەفێست"، و "كۆمپانیای دڵنیا"، بۆ دڵنیایی، كە تایبەتە بە وەرگرتنی بیمە.

كەمال محەمەد، یەكێك لە شۆفێرانی مەرزی پەروێزخان، كە سەرپەرشتی خۆپێشاندانی ئەم هەفتەیەی شۆفێرانی كرد لە مەرزەكە، بۆ"وشە" ئاشكرای كرد، ئەو كۆمپانیایانە كەوتوونەتە پارەپەیداكردن و رووتاندنەوەی شۆفێران و شۆفێر وای لێ هاتووە بچێ بۆ مەرزی مونزرییە، چونكە كار و كەسابەت لە مەرزەكە نەماوە. 

 شوفێرێكی تر بەناوی سەلام حوسێن، پێداگری لەوە كرد، رەفتاری ئەو كۆمپانیایانە كاری كردووەتە سەر كارەكانی گومرگ، هەروەها هەوڵێك هەیە حكوومەت لەو كارانە تَێوەبگلێندرێت .

 لەوبارەوە رزگار محمەد، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی بزووتنەوە گۆڕان بۆ"وشە" ئاشكرای كرد، پێویستە رێگە لە كاری نایاسابی لەو مەرزە بگیرێت، چونكە شۆفێران بە تەواوتی نیگەران بوونە و وایان  لێ هاتووە واز لە كار و كەسابەت بێنن. ئاشكرای كرد، ئەو كۆمپانیایانە پاڵپشتی دەكرێن، بۆیە لە كاری نایاسایی بەردەوامن.

 عەباس عەلی، بەرپرسی راگەیاندن و پێوەندییەكانی مەرزی پەروێزخان، تەنیا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، هەر كۆمپانیایەك هاتبێتە مەرزەكە لە سەرووی ئەوانەوە مۆڵەتی پێ دراوە.

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل