ئه‌مڕۆ ئێرانییه‌كان سه‌رۆكێك بۆ خۆیان دیارى ده‌كه‌ن

:: AM:09:54:18/06/2021 ‌
بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ له‌ كۆى 80 ملیۆن هاووڵاتیى كۆمارى ئیسلامى ئێران، 59 ملیۆن كه‌س  به‌شدارى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمارى بكه‌ن و سه‌رۆكێك بۆ خۆیان دیارى كه‌ن.

ئه‌مڕۆ هه‌ینى 18ى حوزه‌یران، بڕیاره‌ هاووڵاتییانى ئێران به‌ره‌و سندووقه‌كانى ده‌نگدان بچن، بۆ هه‌ڵبژاردنی 13مین سه‌رۆك كۆمارى نوێى وڵاته‌كه‌یان، ئه‌مه‌یش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ جگە لە ناوخۆى ئێران، تەواوی ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و بەشێك ئۆپۆزسیۆنی سەرانسەری ئێران هەڵبژاردنیان بایكۆت كردووە.

هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئێران لەوانەیە خراپترین هەڵبژاردن بێت كە لە مێژووی ئەو وڵاتە بەڕێوە دەچێت، بەپێی ڕاپرسییەكانی ناوخۆی ئێران، ئاستی بەشداری كەمتر 34% دەبێ. چاودێران دەڵێن خامنەیی هەرزوو سەرۆك كۆماری هەڵبژاردووە و ئەوەی دەكرێ تەنیا نمایشە و هەوڵێكە بۆ ئەوەی لە پێش چاوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وا پێشان بدات لەم وڵاتە دیموكراسی لە ئارادایە.

پێویستە بگوترێ زۆربەی خەڵكی ئێران، پشتیان لە رێفۆرمخوازانیش كردووە  و پێیان وایە لە چوارچێوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران، هیچ كاتێك رێفۆرم روو نادات و دەبێت ئەو رژێمە بگۆڕێت و بۆیەش هەڵبژاردنی بایكۆت كراوە.


وشە - محەمەد میران