ئه‌مڕۆ هه‌ینی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپا بڕیاریاندا كه له كۆبوونه‌وه‌ی داهاتوویان له دووشه‌می داهاتوو میوانداری فوئاد حوسێن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق بكه‌ن و دووپات له پشتیوانی یه‌كێتییه‌كه بۆ عێراق بكه‌نه‌وه.
دیپلۆماتكارێكی ئه‌وروپی له‌وباره‌وه ئاشكرای كرد، كه دیداری وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وروپا له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق له لۆكسمبۆرگ دووشه‌می داهاتوو ئه‌نجام ده‌درێت، به وردی نیگه‌رانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له تێكچوونی دۆخی ته‌ناهی و ئابووری له عێراق ده‌خرێته‌ڕوو.
هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كرد، كه له كۆبوونه‌وه‌كه وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وروپا پشتیوانی به‌رده‌وامی خۆیان بۆ عێراق دووپات ده‌كه‌نه‌وه و بڕیار ده‌ده‌ن به ناردنی تیمێكی هونه‌ری بۆ عێراق به ئامانجی چاودێریكردنی دۆخی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته كه بڕیاره له 10ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ر ئه‌نجام بدرێت.
له ڕۆژانی ڕابردوویش مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌گه‌ڵ باڵوێزی وڵاتانی ئه‌وروپا له به‌غدا كۆبووه‌وه و دووپاتی له ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن و ئاماده‌كارییه‌كان كرده‌وه، چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێ له داهاتوویه‌كی نزیك مسته‌فا كازمی به گه‌شتێكی فه‌رمی سه‌ردانی چه‌ند وڵاتێكی ئه‌وروپا بكات.