موڵك و ماڵی سلێمان هەڵشۆیی دەفرۆشرێت

:: AM:09:05:05/08/2021 ‌
بڕیار وایە ئەمڕۆ لە زیادكردنێكی ئاشكرادا ئۆتۆمبێلێكی گرانبەهای سلێمان هەڵشۆیی بفرۆشرێت. پۆلیسیش دەڵێت، فرۆشتنی ئەو ئۆتۆمبێلە بە بڕیاری دادگایە.

ئەمڕۆ پێنجشەم پێنجی ئاب، شۆڕش ئیسماعیل گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بارەگای نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی پشدەر، ئۆتۆمبێلێكی جۆری لیكزس ژمارە كاتی، مۆدێل 2021، ڕەنگی ڕەش، كە خاوەنداریەتی دەگەڕێتەوە بۆ تۆمەتباری ڕاگیراو سلێمان هەڵشۆیی، بەبڕیاری دادگای لێكۆڵینەوەی پشدەر بەشێوەی ئاشكرا دەفرۆشرێ.

پارەی ئەم ئۆتۆمبێلە دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت و مامەڵەی پێوە دەكرێ
زیاتر گوتی، داوا لە هاووڵاتییان دەكەین هەركەسێك ئارەزوومەندە بۆ كڕینی ئەو ئۆتۆمبێلە، با ئامادە بێت.

باسی لەوەش كرد، لە ژێر سەرپەرشتی دادگا پارەی ئەم ئۆتۆمبێلە دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت و مامەڵەی پێوە دەكرێ.

سلێمان هەڵشۆیی ساڵی ڕابردوو مایەپووچبوونی خۆی ڕاگەیاند كە بەگوتەی خاوەن قەرزەكان و ئەو كەسانەی پارەیان پێ داوە، چەندان ملیۆن دۆلاری هاووڵاتییانی لایە كە بۆ مامەڵەكردن پێی دراوە.

پێشتر بەرپرسانی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایان گەیاندبوو، تا ئێستە زیاتر 100 سكاڵا لە دژی سلێمان هەڵشۆیی تۆمار كراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە.



وشە - رامیار جەواد